سەرۆکی HAK-PAR کەمال بورکای دەربارەی دیداری چاوەڕوانكراوی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی و سەرۆكوەزیرانی توركیا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان گوتی: "ھیوادارم دیداری بارزانی و ئەردۆغان لە دیاربەکر ئەنجامی باشی ھەبێت، ھەواڵێکی دڵخۆشکەر و کتوپڕ بوو."
بورکای زیاتر گوتی: دیالۆگیکی گرنگ دەبێت، ئومێدەوارم ئەنجامی ئەرێنی لێبکەوێتەوە، مەسەلەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێن، لەنێوان ئەمانەشدا کێشەی سوریا ھەیە، ھەروەھا پرۆسەی چارەسەر و چەکدانانی پەکەکەش باسی لێوە دەکرێت، پێدەچێت پەیوەندییە بازرگانیەکانی نێوان ھەردوولا گفتوگۆی لەسەر بکرێت. ئەو دیدارە بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەکان لەرێگەی دیالۆگەوە سودی بۆ ھەردوولا دەبێت، یەکەمجارە لە دیاربەکر کۆبوونەوەیەکی ئاوا گرنگ ساز دەکرێت، دیاربەکر لای کورد واتایەکی رەمزی ھەیە، بۆ یەکەم جاریشە بارزانی بەڕەسمی وەک سەرۆکی ھەرێم سەردانی دیاربەکر دەکات.
ناوبەندێکی نوێ بۆ دیالۆگ دەکرێتەوە
لەلایەکی ترەوە جێگری سەرۆکی پارتی ھەدەپە ئەرتوغڕوڵ کورکچو گوتی: "پێشوازیکردنی بارزانی لە تورکیا و تاوتوێکردنی مەسەلەکان لەگەڵ ئەودا کاریگەریی باشی لەسەر بەدیھێنانی ئاشتی لە ناوچەکە دەبێ."
کورکچو لەدرێژەدا گوتی: لە دیدارەکەدا کێشەی سوریا لەڕووی سیاسیەوە دەخرێتە بەر باس، پێموایە تاوتوێکردنی کێشەی سوریا لەگەڵ بارزانی پەیوەندی بەسەردانە رەسمیەکانی وەزیری دەرەوەی عێراقەوە ھەبێت، پێدەچێت ناوبەندێکی نوێ بۆ دیالۆگ بکرێتەوە. ئەنجامدانی دیدارێکی وا گرنگ لەدیاربەکر دڵی کوردان خۆش دەکات.
کورکچو هەروەها دەڵێت: ھیوادارین پێشوازی بارزانی بۆ تاوتوێکردنی مەسەلەکان، سەرەتایەک بێت بۆ کردنەوەی دەرگا بەڕووی ساڵح موسلیم و ھاوسەرۆکانی بەدەپە، ڕێگای ئاشتی دەتوانێت کێشەکان ئاسانتر چارەسەر بکات.
کاریگەریی دیدارەکە لەسەر پرۆسەی چارەسەرکردن
سەرۆکی HÜDA PAR زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو ھیوای خواست دیدارەکەی بارزانی و ئۆردۆغان ببێتە مایەی خێر بۆ ناوچەکە و گوتی: ھیوادراین کۆبوونەوەی بارزانی و ئەردۆغان لە دیاربەکر خێر بۆ ناوچەکە بھێنێت. پێشتر لەم جۆرە دیدارانە ئەنجام دراوە، بۆیە ئەم کۆبوونەوانە بەلای ئێمەوە ئاساییە، ھیچ زانیاریەکمان لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەوە نییە.
گوتیشی: "ھیوادارین دیدارەکانی تورکیا و عێراق ببێتە مایەی کردنەوەی دەروازەی سنوری نوێ، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانی و کەلتوریەکان، پێشتر لەسەردەمی جەنگی دووەمی جیھانیدا یەکڕیزی و یەکگرتنێکی بەھێز لەنێوان سوریا و عێراق و تورکیادا ھەبوو، ئەم وڵاتانە لەو سەردەمەدا پەیوەندیی خزمایەتیان لەگەڵ یەکدا ھەبوو، پێویستە پەیوەندییە خزمایەتیەکە بھێنرێتەوە سەر رێڕەوەکە و فراوانتر بکرێت، سەرجەم ئەم داواکاریانە لەلایەن پارتەکەمانەوە کاریان بۆ کراوە، چاوەڕوانیش دەکرێت لە دیدارەکەدا پرسی چارەسەر باسی لێوە بکرێ، ھیوادارم دیدارەکە سودی بۆ پرۆسەی چارەسەرکردنی دیموکراتی ھەبێت.
بەخێرھاتنی بارزانی دەکەین
پەرلەمانتاری لیستی سەربەخۆی وان ئایسال توغڵوک سەرسامیی خۆی بەئەنجامدانی دیدارەکە دەربڕی و گوتی: "ھیچ زانیاریەک لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکە نازانم، بارزانی پێشتر سەردانی دیاربەکری نەکردووە."
توغلوک گوتی: پێشتر داوەتمان بۆ بەڕێز بارزانی ناردبوو بۆ بەشداریکردن لەنەورۆز دا، بەرێز بارزانی دەیویست سەردانی دیاربەکر بکات، بەڵام بەھۆی نەگونجانی رەوشەکانەوە سەردانەکەی نەدەکرد، بەدڵنیاییەوە بەخێرھاتنی بارزانی دەکەین، ھیوادارین سەردانی بەرێزیان ببێتە مایەی ئاشتی و بەرزکردنەوەی گیانی برایەتی لە ناوچەکەدا، بارزانی بەرێزێکی تایبەتەوە پێشوازیمان لێدەکات کاتێک سەردانی دەکەین، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کەسایەتیەکی پایە بڵندە، خۆشحاڵ دەبین وەک بەدەپە پێشوازی لێ بکەین، نازانین داواکاری دیداری ھەیە یان نا، ئومێدەوارین سەردانەکەی بارزانی ببێتە مایەی ئاشتی.
گۆڕانکارییەکانی سووریا
لە گوتەیەکیدا نورسال ئای دۆغان لەبارەی دیدارەکەوە گوتی: پێدەچێت مەسەلەی سوریا لە دیدارەکەدا تاوتوێ بکرێت.
ھەروەھا گوتی، ئامادەکاری بۆ خۆبەرێوەبردنی کوردان لەسوریا دەکرێ، پێدەچێت لەداھاتودا ئەم ھەوڵانە بۆ کۆمەڵگا ئاشکرا بکرێن. ھەڵبژاردنی دیاربەکر بۆ دیداری بارزانی ھەنگاوێکی گرنگە.
گوتیشی: ساڵح موسلیم سەرۆکی پەیەدە ویستی لەرێگەی بەکارھێنانی دەرگا سنوریەکانی عێراقەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی جنێڤ بکات، بەڵام رێگەی پێنەدرا، پێدەچێت یەکێک لە مادەکانی کۆبوونەوەکەی بارزانی و ئەردۆغان تایبەت بێت بەمەسەلەی سوریا بۆ وەرگرتنی بڕیاری کۆتایی.
لە AAـیەوە
PNA
12/11/2013