شاندی کۆمیتەی ریفراندۆم پێش پڕۆسەکە سەردانی وڵاتانی دراوسێ دەکات
مەولوود چاوش ئۆغلو، وەزیری دەرەوی تورکیا، مەرجی وڵاتەکەی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئاشکرا دەکات، شاندی کۆمیتەی ریفراندۆمیش پێش ئەنجامدانی پڕۆسەکە، سەردانی وڵاتانی دراوسێ دەکات.
مەولوود چاوش ئۆغلو، وەزیری دەرەوی تورکیا، بە کەناڵی فەرمیی تورکیا (TRT)ی راگەیاندووە، وڵاتەکەی ئامادەیە دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا بنێت، بە مەرجێک دەوڵەتەکە رەچاوی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بکات و رێککەوتنی سەربازی لەنێوانیاندا ھەبێت، کە رێگە بە نەیارانی تورکیا نەدات، ئەو دەوڵەتە نوێیە لەبەرامبەر بە تورکیا بەکار بھێنێ.
لەم بارەیەوە ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوەی تا ئێستا لە ھەڵوێستی وڵاتان بەگشتی تێبینی کراوە ئەرێنی بووە، تەنانەت وڵاتانی دراوسێش جگە لە ئێران، کە ھەوڵێستێکی توندی نیشان داوە، دەوڵەتەکانی دیکە ھەڵوێستیان بەو شێوەیە نەبووە کە لە دەرەوەی چاوەڕوانییەکانی کوردستاندا بووبێت، بەتایبەتی تورکیا کە بەشێوەیەک بووە رەچاوی بارودۆخی خۆی کردووە و قابیلی گۆڕانکارییە.
گوتیشی: ”لەو بڕوایەداین ئەگەر بۆچوون و ستراتیژی کوردستان بۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی زیاتر بۆ تورکیا روون بکەنەوە و بکەونە گفتوگۆیەکی باشتر، ئەوا تورکیا تێگەیشتنی باشتری دەبێت بۆ پرسەکە و ھەڵویستەکانی ئەرێنی دەبێ“.
ئەو بەرپرسەی پارتی راشی گەیاند، لە ساڵانی رابردوودا ھەموو ئەو وڵاتانەی ئێستا دژی سەربەخۆیی قسە دەکەن، دژی فیدڕاڵییش بوون، بەڵام دواتر ھەرێمی کوردستان بە شێوەی دیفاکتۆ بەرلەوەی لە دەستووری عێراقیشدا ئەوە جێگیر بکرێت، ئەو وڵاتانە وەکوو ھەرێمێکی فیدڕاڵ دانیان بە ھەرێمی کوردستاندا نا و بەو شێوەیە دەستیان بە مامەڵەکردن کرد لەگەڵیدا.
سیوەیلی گوتیشی: ”بێ گومان لەپێش ریفراندۆمیش شاندی کۆمیتەی ریفراندۆم سەردانی وڵاتانی دراوسێ دەکات، بەتایبەتیش بۆ تورکیا لە بەرنامەدایە لە بەرزترین ئاستدا سەردانی بکرێت و گفتوگۆکان بۆ ئەو پرسە زیاتر بکرێن، تا بۆ وڵاتانی دراوسێ روون بکرێتەوە کە دەوڵەتی داھاتووی کوردستان فاکتەری سەقامگیری دەبێت بۆ ناوچەکە و ئاشتی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەدی دێنێت“.
لای خۆشییەوە، خەڵەف غەفوور، چاودێری سیاسی و شارەزا لە کاروباری تورکیا بۆ (باس) رای گەیاند، تورکیا و ئێران بەرژەوەندیی گەورەی ئابووری و سەربازی و سیاسییان لەگەڵ کوردستاندا ھەیە و دواجار بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان دێنە پێشەوە، گوتیشی: ”ئەگەر سەربەخۆیی کوردستان لە رێگەی ریفراندۆمەوە رابگەیەنرێ، ئەوە تورکیا و ئێران لەبەر بەرژەوەندییەکانیان لەو دەوڵەتە یەکەمانە دەبن کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتەکەدا دەنێن“.
ئەو چاودێرە سیاسییە ئەوەشی خستە ڕوو، تورکیا بە حوکمی گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کوردستان و ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی ئەو وڵاتە و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێستای، کە ساڵانە ھەناردەی تورکیا بۆ کوردستان (٨) ملیار دۆلارە، ئەوا بێ گومان داننانی ئەو وڵاتە بە دەوڵەتی کوردستان خێراتر دەبێت.
لای خۆشیانەوە فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بە بوونی ھێزەکانی پەکەکە لە کوردستان، کە تورکیا وەکوو ھەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی دەزانێ، بۆ (باس) رای گەیاند، ھەرێمی کوردستان شەرعییەتی نێودەوڵەتیی ھەیە، ئەوەی دێتە ھەرێمی کوردستان دەبێت رێز لە یاسا و رێساکانی بگرێت، ئەگەر پەکەکە یان ھێزی دیکە دەیەوێ بارەگای لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت، دەبێت رێز لە یاساکانی ھەرێمی کوردستان بگرێت و نەبێت بە مایەی ھەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ، کە بیانوویان بداتێ بۆ ھاتنیان یان ھێرشکردن. گوتیشی ”ئێمە وەکوو ھەرێمی کوردستان خوازیاری پڕۆسەی ئاشتین لە تورکیا و کشانەوەی پەکەکە لە خاکی ھەرێمی کوردستان، چونکە لێرە بوونیان کێشە بۆ کوردستان دروست دەکات“.
لای خۆشیانەوە، غازی سەعید، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری (مەکتەبی سیاسی)ی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە دیمانەیەکی تایبەت لەگەڵ (باس)دا کە لەم ژمارەیەدا بڵاو کراوەتەوە، رای گەیاندووە: «ھەر کاتێک گەلی کورد بڕیاری سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان بدات، گەشبینین بەوەی تورکیا پاڵپشت و ھاوکار دەبێت و دژی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان نابێت، لە سایەی ئاستی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا و حکوومەتی ئێستای تورکیا ئەو گەشبینییەمان بۆ دروست بووە».