ئەندامێکی شاندەکەی یەکێتی بۆ تاران دەڵێت: "بە ئێرانمان راگەیاند گشتپرسی گەرەنتییە بۆ داهاتووی ئێمە و ئیران.
مەلا بەختیار: گشتپرسی بڕیاری هەموو لایەنەکانە
مەلابەختیار ، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پاش گەڕانەوەی شاندی حیزبەکەی لە ئێران کە خۆی یەکێک بوو لە ئەندامانی شاندەکە ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "چوار کۆبوونەوەی فەرمیمان کرد و لە هەر چوار کۆبوونەوەکەدا بە راشکاوی بە کۆماری ئیسلامی ئێرانمان راگەیاند ئێمە نە لە کۆنگرە نەتەوەییەکان و نە لە دۆخی ناو عێراق و نە شەڕی دوای داعش وەک کورد و وەک ئەزموون و وەک ناوچە کێشە لەسەرەکان دڵنیا نین لە داهاتووی خۆمان، بۆیە بڕیاری گشتپرسی ، رێگای گەرەنتی داهاتووی ئێمەیە ، گشتپرسی بڕیاری هیچ لایەنێکیش نییە بە تەنیا ، بەڵکو بڕیاری هەموو لایەنەکانە".
مەلا بەختیار هەروەها گوتی: "لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە رەسمی بانگهێشتکرابووین ، پێش ئەوەی بڕۆین سەردانی گۆڕان و پارتیمان کرد ، چوار کۆبوونەوەی فەرمیمان ئەنجامدا ، لە هەر چوار کۆبوونەوەکە کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری رەسمی سەبارەت بە گشتپرسی بە ئێمە راگەیاند ، ئێمەیش لە هەر چوار کۆبوونەوەکە هەمە لایەنە دۆخی عێراق ، دۆخی ناوچەکە ، دۆخی جیهان و نیگەرانییەکانی نەتەوەی کورد و ئەزموونی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکانمان بە دوور و درێژی روونکردەوە".
ئەو ئەندامەی شاندەکەی یەکێتی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بە کۆماری ئیسلامی ئێرانمان راگەیاند ، تکایە هەر وەک چۆن ئێوە حساب بۆ سیاسەتەکانی خۆتان و ئاسایشی ناوچەکە و عێراق دەکەن ، ئێمەیش بەشێکین لەو پرۆسەیە ، هەلومەرجەکە هەمووی گۆڕاوە، ناوخۆی عێراق و ناوچەکە هەمووی گۆڕاوە ، بێگومان ئێمەیش وەک کورد بەبیرێکی وردتر ، قوڵتر و هەمەلایەنەتر بیر لە چارەنووسی خۆمان دەکەینەوە".
ئێوارەی یەکشەممە 16-7-2017 شاندێكی یهكێتی سەردانی تارانی كرد، كە لەلایهن كۆسرهت رهسول، جێگری یهكهمی سكرتێری گشتیی سهرۆكایهتی دهكرێت، مهلا بهختیار، عومهر فهتاح، خهسرهو گوڵ محهممهد ، مەحموود سەنگاوی و نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران یاوەری شاندەکەبوون.
رۆژی دووشەممە 17-7-2017 شاندەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبووەوە.