سوورکێو زەکی
پاییز پاییز!
هەستە لەخەو!
من ناس دەکەی؟
... ئەز زارۆکم
ئەز فرمێسکم
ئەز هاواری خەڵکی وانم
هاوارێکی نەبیستراو
هەڤاڵێکی نەخوێندراو
پاییز پاییز!
وا بەیانە، هەستە لەخەو!
ئەز هاڤاڵم، ئەز جیرانم
ئەز بێ مالم، ئەز حەیرانم
حەیرانێکی ژێرگڵکراو
دەنگێکی مات و کپ کراو
من ناس دەکەی؟
هەستە لەخەو!
ئەز هەڤاڵم!
هەڤاڵێکی دەڵتەزێنی نەخوێندراوەم
لە وڵاتی خۆرەوە دێم
هەر ئەو خۆرەی بە تۆپە قوڕ
دەیان هەوێت بەری بگرن!
من ناس دەکەی؟
ئەز دەنگم دەنگ
دەنگی بێدەنگی هەڵوەریینی زەنگ
دەنگی هەڵوەریینی زەنگی بەرەبەیانیی مەکتەبم
لە مەکتەبی زارۆکەکان
زارۆکەکانی شێخ سەعید
بەڵێ، شێخ سەعیدی پیران!
دەنگی هەڵوەریینی زەنگی، بەرەبەیانیی مەکتەبی، زارۆکەکانی شێخ سەعیدی پیرانم!
ئێستا دەنگی من ناس دەکەی؟
دەنگ، زەنگ، بەیان!
زارۆک، حەیران!
وان، پیران!
من ناس ناکەی؟
من ئاوازەم لە هاواری مناڵانا
بەرەبەیان
بە باڵی زریانی بەحری
شاری وانا
هاتوومە دەرگای سڕی تۆ!
من ئاوازەی ئەو هەناسم
لەژێر دار و پەردووی وانا
هاتوومە بەر گوێی کەڕی تۆ!
هاتووم لەخەو ڕاتپەڕێنم!
من ناس دەکەی؟
ئەز فرمێسکم
بە ڕەنگی خۆڵ
بە ڕەنگی خوێن
بەرەبەیان
بەسەر گۆنای نەشۆراوی مناڵانا
وێڵ و حەیران
لە سەر شەقام، لە کۆڵانا
لە دوای دایکێکی هەڵنەستاو
بە شوێن باوکێکی بەندکراو
نەرم و نییان
هێدی هێدی
هەڵدەوەرم
نەکا، نەکا!
کە ئاوازەی
دەنگی ترپەی
هەڵوەرینی فرمێسکی من
کاریگەر بێ!
نەکا، نەکا!
بەم پاییزە سارد و سڕەی شاری وان و
بە فرمێسکی خۆڵاویی من
بە فرمێسکی خوێناویی من
ویژدانی نووستووی چەند سەدەی
مافی مرۆڤ!
وەخەبەر بێ!
وەخەبەر بێ!
وەخەبەر بێ!
سوورکێو زەکی
بەرەبەیانیی ٢١ ـ ٠٨ـ ١٣٩٠ / ١٢ـ١١ـ ٢٠١١ سوید