بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئێران هەڕەشەی لێدانی گورزێکی کوشندە لە وڵاتانی دژی رژێمی ئەسەد دەکات و وەزیری بەرگری ئێران دەنگۆی ناردنی هێز بۆ سووریا رەت دەکاتەوە.
مەسعود جەزایری، یاریدەدەری فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران شۆڕشڤانانی سووریا و سوپای سووریای ئازادی به تیرۆریستانی بەکرێ گیراوی ئەمریکا و ئیسرائیل ناو برد و هەڕەشەی لە دوژمنانی رژێمی سووریا کرد کە ئەگەر بێتو دۆستانی ئەسەد (ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان) بێنە ناو بەرەی شەڕەوە ئەوا گورزێکی کوشندە لە وڵاتانی رۆژئاوایی و بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە دەدەن.
هەروەها ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی ئێران له پهراوێزی کۆبوونهوهی ئەنجوومەنی حکومەت وێرای ئیدانەکردنی ئەو کردەوە "تیرۆریستیانە" رایگەیاند "حکومەت و سوپای سووریا دەتوانن بەرەنگاری تیرۆریستان ببنەوە".
ئەحمەد وەحیدی دەنگۆی ناردنی هێزی سەربازی ئێران بۆ سووریای رەت کردەوە و گوتی "ئێران هیچ هێزێکی سەربازی لە سووریا نەبووە و نییە و دەنگۆی رەوانەکردنی هێزی سەربازی ئێران بۆ سووریا دوورە لە راستییەوە".
ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران سووریا به هێڵی بەربەرەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ناو بردووە و پاڵپشتی خۆی لە رژێمی سووریا راگەیاندووە.
لە سەرەتای دەستپێکی نارەزایەتییەکان لە سووریا، بەرپرسان و میدیاکانی ئێران هەروەک بەرپرسان و میدیاکانی رژیمی سووریا، شۆرشڤانان و ناڕازییانی رژێمی ئەسەد به تیرۆریست ناو دەبەن. دوای تەقینەوەکەی دیمەشق کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سووریا و لەوانەش وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە کوژران، دەنگۆی بوونی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودس لەناو کوژراواندا بڵاو بووەوە بەڵام دواتر رەمەزان شەریف، بەرپرسی پەیوەندییەکانی سوپای پاسداران ئەو دەنگۆیەی رەت کردەوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای هاتنەسەر کاری تا ئێستا پەیوەندییەکی بەهێزی ستراتیژیی لەگەڵ سووریا دامەزراندووە بەشێوەیەک کە بە بروای زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی چارەنووسی ئەو دوو وڵاتە تەواو بەیەک گرێدراوە.