تا ئێستا خوێندنەوەی دووەم بۆ سروودی نیشتمانی "ئەی رەقیب" نەکراوە وچەند لایەنێکی ناو پەرلەمانی کوردستان دژی بەیاسایی کردنی ئەو سروودە دەوەستنەوە.
گۆران ئازاد، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان لەو بارەیەوە به (رووداو)ی راگەیاند "یەکەمین هۆکار حیزبە ئیسلامییەکانن کە تێبینیان لەسەر ئەو سروودە هەیە و دەتوانم بڵێم کە هەندێک لە گرووپە ئیسلامییەکان ناڕەزایەتی توندیشیان لە بەرامبەر رەستەیەکی ناو سروودی ئەی رەقیب هەیە". ئەو بەشەی سروودی ئەی رەقیب کە دەڵێت (دینمان، ئایینمان ھەر نیشتمان) بووەتە جێگەی رەخنەی لایەنە ئیسلامییەکان و تەنانەت بە کوفری دادەنێن.
عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا لە ساڵی 2005، لەکاتی گوتنی سروودی ئەی رەقیب هەڵنەستایەوە و لە وەڵامی هۆکارەکەیدا ئەی رەقیبی به کوفر و هەڵەی مێژوویی نێوبرد و گوتی "من ناتوانم رێز لە سروودێک بگرم کە پێچەوانەی عەقیدە و دینی خەڵکی کوردستانە".
لە لایەکی دیکەوە، هێزە سکۆلارەکانیش تێبینیان لەسەر ئەی رەقیب هەیە و پێیان وایە ئەو سروودە لەگەڵ قۆناخی نوێ و سەردەم ناگونجێت. گۆران ئازاد لەو بارەوە دەڵێت "هێزە سکۆلارەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان تێبینیان لەسەر سروودی ئەی رەقیب هەیە و پێیان وایە ئەو سروودە دەکرێ وەک سروودێکی نەتەوەیی بناسێنرێت بەڵام ناکرێ وەک سروودێکی نیشتمانی پەسەند بکرێت . هەروەها دەقی شێعرەکە کۆنە و لەگەڵ سەردەمی نوێ ناگونجێ و رۆحێکی سەربازی و شۆرشگێڕی بەسەردا زاڵە و کەمتر رۆحی تەبایی و پێکەوە ژیانی تێدایە. بۆیە بەپێویستی دەزانن شیعرێکی نوێ پێشکەش بکرێ و بەشێک لە رۆشنبیرانیش پشتیوانیان لەو رایە کردووە ".
جگە لە تێبینی لایەنە ئیسلامی و سکۆلارەکان، نەتەوەکانی هەرێمی کوردستانیش تێبینیان لەسەر ئەی رەقیب و تەنانەت ئاڵای کوردستان هەیە و دەڵێن هێمای خۆیان لە سروود و ئاڵای کوردستاندا نابیننەوە. بە گوتەی گۆران ئازاد "نەتەوەکانی دی دەڵێن ئەگەر هەرێمی کوردستان پێگەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نەتەوەکانە و تەنها کورد تێیدا ناژیت پێویستە سروودی نیشتمانی هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەی سەرجەم نەتەوەکانی ناو هەرێمی کوردستان بێت".
لە 14/6/2011 پەرلەمانی کوردستان یەکەم خوێندنەوەی بۆ بەیاسایی کردنی سروودی ئەی رەقیب کرد بەڵام بەهۆی تێبینی هەندێک لایەن و جیاوازی روانگەکان، نەخرایە دەنگدانەوە.
بە گوتەی گۆران ئازاد، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمان "ئەو کۆسپانە بەردەوامە و یان دەبێ گوێ بەو تێبینیانە نەدرێت و سروودی ئەی رەقیب وەک سروودی نیشتمانی پەسەند بکرێت یان خود سەرنج و تێبینییەکان بەهەند وەربگیرێت و سروودێکی دی هەڵبژێردرێت". ناوبراو گوتیشی "بۆ ئەو مەبەستە چەند سروودێک پێشکەش کراوە و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیان بۆ دەکرێت".
سروودی ئەی رەقیب لەساڵی 1934 لەلایەن دڵداری شاعیر نووسراوە و لە لایەن حیزبی هیواوە لەساڵی 1943 لە شاری كەركووك گوتراوەتەوە . دواتر لە ساڵی 1945 لە مەهاباد، لەلایەن کۆماری کوردستانەوە وەک سروودی نیشتمانی کۆمار هەڵبژێردرا و لەدوای هاتنەسەر کاری یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا لە بۆنە و رێورەسمە فەرمییەکان دەگوترێتەوە.
سروودی ئەی رەقیب یەکێک لە دەگمەن هێما نیشتمانییەکانی هاوبەشی کوردە کە لە لایەن خەڵک و پارتە سیاسیەکانی هەرچوار پارچەوە قبوڵ کراوە و لە سەرجەم بۆنە نەتەوەییەکاندا دەگوترێتەوە. هەوڵدان بۆ گۆڕینی سروودی ئەی رەقیب لە کاتێکدایە کە سەرکردایەتی سیاسی کورد لە هەرێمی کوردستان هەوڵ بۆ دروست کردنی گوتارێکی نەتەوەیی لەنێوان کوردی هەر چوار پارچە دەدات.
سەرچاوە:
ساکار عەبدوڵڵازادە
رووداو- هەولێر