پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دوا دانیشتنی كۆبوونه‌وه‌كانی خۆی به‌سه‌رپه‌رشتی مام جه‌لال تاڵه‌بانى سكرتێری گشتی ئه‌نجامدا. به‌پێى به‌لاغى كۆتایى، ئه‌نجوومه‌ن له رۆژى 17ى ئه‌و مانگه‌وه ده‌ستى به كۆبوونه‌وه‌كانى كردووه و 20 كاژێر له كۆبوونه‌وه‌دا بوون.
ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ش ده‌قى به‌لاغى كۆتایى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌یه:
مه‌ترسیه‌كانی دۆخی جیهانی
له‌دوای جه‌نگی سارده‌وه، مژده‌ی سه‌ركه‌وتنی فه‌لسه‌فه‌ی لیبرالیزم و سیسته‌می تاك جه‌مسه‌ری ده‌درا به‌گوێی جیهاندا، كه‌چی هه‌روه‌كو دوای جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهان، تومه‌زه هه‌ناوی سه‌رمایه‌داری هه‌ڵاوساوی قوڵترین قه‌یرانی ئابوری جیهانه، ئه‌م قه‌یرانه‌ش كاریگه‌ری مه‌ترسیداری نه‌ك له‌سه‌ر ستراتیژی ئابوری لیبڕالی، به‌ڵكو له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی نێونه‌ته‌وه‌یی و خزمه‌تگوزاری مرۆڤایه‌تیش كرد.
پێش چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كه، گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، سه‌ره‌نجامی به‌دینه‌هێنانی مافه دیموكراسیه‌كانیان و نه‌بونی عه‌داله‌ت، راپه‌ڕین. ئه‌مه له‌كاتێكدا خودی رۆژهه‌ڵات، كێشه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه په‌نگخواردووه‌كانی سه‌رده‌می جه‌نگی ساردیان به چاره‌سه‌رنه‌كراوی مابوه‌وه‌و له ده‌هه‌ی رابوردوشدا، ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی زیاتریشی هاتنه‌سه‌ر. به‌تایبه‌تی له‌ناو ده‌وڵه‌تانی كه‌نداودا، وێڕای مقۆ مقۆ له‌سه‌ر گومانی دروستكردنی چه‌كی ئه‌تۆمی له ئێران و كاردانه‌وه‌ی له‌لایه‌ن رۆژئاوا‌و ئیسرائیلیشه‌وه. هاوزه‌مان به‌دینه‌هاتنی مافی چاره‌ی خۆنوسینی نه‌ته‌وه‌و گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتیش، هێنده‌ی دیكه ناوچه‌كه‌ی دوچاری نائارامی و كێشه‌ی چه‌شناوچه‌شن كردووه. كۆی ئه‌م كێشه كۆن و نوێیانه، تارمایی ته‌قینه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كانی هه‌تاڕاده‌ی ئه‌گه‌ری جه‌نگێكی گه‌وره‌ی له رۆژهه‌ڵاتدا، هێناوه‌ته‌ئاراوه. جه‌نگێك پاڵنه‌ره سیاسی و ئابوریه‌كانی، پتر له‌وه‌ش، پاڵنه‌ری ئایینی و مهزههبیهكانیشی، چونه سه‌ریان، بۆیه مه‌ترسیه‌كانی جه‌نگێكی ئاوه‌ها، كه له‌ئارادایه، ئه‌گه‌ر روبدات، وه‌كو جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌م رۆژئاوا‌و ئاسیایان كارهساتباركرد، ئه‌مجاره‌یان رۆژهه‌ڵات دوچاری تراژیدیای جه‌نگ ده‌كات.
كۆبونه‌وه، له‌كاتێكدا جارێكی دیكه رایده‌گه‌یه‌نێت كه لایه‌نگری به‌دیهێنانی مافی دیموكراسی گه‌لان و كۆتاییپێهێنانی ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆر‌و داگیركه‌ره‌كانه، له‌هه‌مانكاتدا، دژی هه‌موو جۆره جه‌نگێكه كه رۆژهه‌ڵات بكرێته مه‌یدانی به‌رپابونی، هه‌روه‌ها دژی هه‌موو جۆره سه‌پاندنێكی مه‌زهه‌ب و ئایدیۆلۆژیهتێكه به‌سه‌ر راپه‌ڕین و ده‌ستوورو ئه‌و سیسته‌مانه، كه سه‌ره‌نجامی سه‌ركه‌وتنی راپه‌ڕینه‌كان دێنهكایه.
دۆخی عیراق
عیراق، له‌دوای روخاندنی رژێمی به‌عسه‌وه، سه‌ره‌ڕای ده‌ستكه‌وتی به‌رچاوی ئازادی و نوسینی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی گهلپهسهندو په‌كخستنی به‌شێكی به‌رچاوی پیلانی دوژمنانی دیموكراسی، له‌پێشه‌وه‌دا هه‌تاڕاده‌یه‌كی به‌رچاو هی تیرۆریست و تایفهگهرو كۆنه به‌عسیه‌كان، به‌ڵام وڵاته‌كه، سه‌رباری چه‌ندین هه‌ڵبژاردن و كابینه گۆڕین، هێشتا گیرۆده‌ی قه‌یرانی حوكمڕانی و حكومه‌تی ئیئتیلافی- ته‌وافقییه، كه جێی داخه، پێكهاته‌كانی شیعه‌و سوننه‌ی عیراقی عه‌ره‌بی، له لاوازی هێزه دیموكرات و سكولارهكاندا، هه‌تا هاتووه، له‌بری پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن له‌ناو پرۆسه‌ی دیموكراسی تازه سه‌رهه‌ڵداودا، به‌شێكی كێشه‌كانیان به‌چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش، بووه‌ته مایه‌ی ئه‌وه‌ی، له‌لایه‌كه‌وه هێزه رهشهكوژهكان درێژه به تاوانی تیرۆر‌و تۆقاندن بده‌ن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه، خزمه‌تگوزاری، ئاوه‌دانی، بێكاره‌بایی، بێئاوی، بوژانه‌وه‌ی عیراق، هه‌ژاری، بێكاری، نزمی ئاستی خوێندن و خوێندنی باڵا، لهڕادهیهكی ترسناكندان.
هاوكات.. سه‌ره‌ڕای ده‌ستخۆشی له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نه‌وت و گاز، له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد له‌م هه‌فته‌یه‌دا، كه ئاكامی په‌رۆشیی هه‌موو لایه‌ك بۆ گرتنه‌به‌ری رێی دانوساندن، هاته‌دی، به‌ڵام ئاسته‌نگه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد، به‌تایبه‌تی له كاراتر جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140، باری ئاساییش، كێشه‌ی پێویستیه‌كانی پێشمه‌رگه‌و ناوبه‌ناو هه‌ناردنی هێز بۆ ناوچه جێناكۆكه‌كان، وه‌كو ناوچه‌كانی خانه‌قین، زمارو پێكهێنانی سه‌ركردایه‌تی عه‌مه‌لیاتی دیجله، هه‌ندێك جار عیراقی فیدراڵی فره‌یی له رۆخی دۆخی نه‌خوازراو نزیكده‌خاته‌وه.
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی جه‌خت له‌سه‌ر سیاسه‌تی بڕیارلێدراوی یه‌كێتی ده‌كاته‌وه، كه تاقه رێگه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، دیالۆگی نیشتمانی به‌رپرسیارانه‌یه. به‌ڵام دیالۆگێك، ئه‌مجاره جیاواز له دیالۆگه‌كانی تر، پێویسته ده‌ست بخرێته سه‌ر برینه قوڵه‌كان و چاره‌سه‌ری ریشه‌یش بكرێن. نه‌ك چاره‌سه‌ری نیوه‌چڵی. یان گفتوگۆی تاكتیكی. ته‌نها چاره‌سه‌ری ریشه‌ییش ده‌سه‌ڵات بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانی ته‌شریعی و ته‌نفیزی و دادوه‌ری ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌یانخاته سه‌ر شاڕێی مێژوویی و شارستانی خۆیان. ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه شوێنی راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه دیموكراسیه‌كانه، نه‌ك مه‌یدانی ته‌راتێنی حیزبایه‌تی گۆشه‌گیرو مه‌زهه‌بی و تێپه‌ڕاندنی گیانی تۆڵه‌سه‌ندن. بۆیه هه‌قوایه خانهبهندیهكانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه له‌نێوان حوكمڕانی براوه‌ی هه‌ڵبژاردن و به‌رهه‌ڵستكاری پۆزه‌تیفدا، دیاری بكرێن و به‌پێی یاسا‌و رێسا به‌ڕێوه‌بچێت. نه‌ك به تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵی بمێننه‌وه، به‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاته‌كان له راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیدا، ئیفلیج بكرێن و كێشه‌كانیش به چاره‌سه‌رنه‌كراوی بمێننه‌وه.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، لهوباروهڕهدایه كه ئێستا، له عیراق و كوردستان، له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی رۆژهه‌ڵاتدا، زه‌مینه‌ی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی، ره‌خساوه. به‌تایبه‌تی هه‌موو لایه‌نه‌كان، تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی زۆروزه‌به‌ندیان هه‌یه. هه‌ڵبه‌ته، گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ و ئه‌و متمانه سیاسییه‌ی له‌گه‌ڵ ره‌مزه‌كانی عیراق و كوردستان هه‌یه‌تی، له ده‌وڵه‌تمه‌دار مالیكیه‌وه بۆ به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی و تێكڕای رابه‌ره به‌ڕێزه‌كانی وڵاته‌كه، ئه‌م په‌یوه‌ندییه پردێكی تۆكمه‌ی سیاسی نێوان رابه‌رانی عیراقه هه‌تا پێكه‌وه راوێژ بكه‌ن و پێكیشه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی حیزبه به‌رپرسیاره‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیش بگه‌نه رێگه‌چاره‌سه‌ری سیاسی. له‌م نێوه‌نده‌دا، یه‌كێتی، به‌حوكمی په‌یوه‌ندی ستراتیژی له‌گه‌ڵ پارتی هاوپه‌یماندا، پێی وایه، رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئالیه‌ت و پرنسیپه‌كانی نه‌خشه‌ڕێگای هاوبه‌ش، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد، به‌ڵكو بۆ سه‌راپای عێراقیش، له‌م قۆناغه‌دا بناغه‌یه‌كی گرنگ ده‌بێت بۆ له‌ئه‌ستۆگرتنی ئۆباڵی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی هاوبه‌ش. پێكه‌وه‌ش ده‌توانین له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسیه‌كانی دیكه‌دا، به‌تایبه‌تی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش له‌م رێڕه‌وه‌دا گهڵاڵهبكهین. هه‌تا ته‌واوی لایه‌نه‌كان بتوانین، قۆناغی رابوردوو، به‌ره‌و قۆناغی باشتری سیاسی و ئازادی و ئاوه‌دانی، بۆ پتر خزمه‌تكردن و به‌دیهێنانی به‌ڵێنه‌كان، جێبهێڵین.
هه‌لومه‌رجی كوردستان
سه‌ره‌ڕای ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كانی سیاسی، ئیداری، ده‌ستوری و حوكمڕانی، سه‌ره‌ڕای ره‌خنه‌و ناڕه‌زاییه‌ك كه به‌رامبه‌ر ئه‌زمونی كوردستان هه‌یه، به‌ڵام ره‌وتی گشتی سه‌ركه‌وتنی ئه‌زمونه‌كه، ساڵ به‌ساڵ به‌رجه‌سته‌تر ده‌نوێنێ. حكومه‌تی هه‌رێم توانی له‌به‌رده‌م ململانێ و كێشمه‌كێشه‌كاندا، نه‌ك هه‌ر به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌ركه‌كانی راپه‌ڕێنێ و خۆیشی رابگرێ، به‌ڵكو به‌سه‌ریشیاندا سه‌ربكه‌وێ، وه‌به‌رهێنانی فراوان، كردنه‌وه‌ی 25 كونسڵگه‌ری له‌كوردستان، كردنه‌وه‌ی 12 ئۆفیسی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌ریێمی كوردستان، له رۆژئاوا‌و رۆژهه‌ڵاتدا، په‌یوه‌ندی بازرگانی فراوان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا‌و ده‌وڵه‌تان و خستنه‌گه‌ڕی ملیاره‌ها دۆلار له‌بازاڕدا، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته ئیقلیمیه‌كان، پێشكه‌وتنی بواره‌كانی په‌یوه‌ندی به‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، سه‌ركه‌وتنی ستراتیژی فڕۆكه‌وانی و رایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی فراوان به ته‌واوی جیهان له فڕۆكهخانهكانهوهو مانگانه سه‌فه‌ری ده‌یان هه‌زار هاوڵاتی و گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌زاران هاونیشتمانی له تاراوگه‌و ساڵانه هاتنی سه‌دان هه‌زار گه‌شتیار بۆ كوردستان، ده‌یسه‌لمێنن كه ئه‌زمونه‌كه له‌ڕوی سیاسی، ئاوه‌دانی، ئابوری، ئاسایش، ئازادی كار‌و ئازادی بیروڕا، بۆته جێگه متمانه‌ی فراوان. هه‌ر ئه‌و راستیانه‌ش پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی به‌رچاویشی بۆ ئه‌زمونه‌كه‌مان ده‌سته‌به‌ركردووه، كه تێكڕای ئه‌م پێشكه‌وتنانه بۆ یه‌كه‌مین جار له‌مێژووی كوردستاندا، بونه‌ته مامانی له‌دایكبوونی چینی سه‌رمایه‌داری ناڤین و به خه‌مڵینی ئه‌م چینه‌ش، له‌ناو پرۆسه‌ی پێشكه‌وتنی ئابوری‌دا، به‌ره به‌ره، وه‌رچه‌رخانی گه‌وره‌تر دێنه‌دی.
ئه‌و راستیانه تێكڕا، هانمان ده‌ده‌ن ئه‌ركی مێژوویی سه‌رشانمان له راپه‌ڕاندنی باقی ئه‌ركه وهدینههاتوهكان، به‌دیبێنین، كۆبونه‌وه پێی وایه یه‌كێك له ئه‌ركه بنچینه‌ییه‌كانی ئێستامان كۆده‌نگی هێزه نیشتمانیه‌كان و زۆرینه‌ی گه‌له‌كه‌مانه له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ی ره‌هه‌ندی نیشتمانیان هه‌یه، له‌پێشه‌وه‌یاندا هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستور وه‌ك په‌یمانی سیاسی نه‌ته‌وه‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌واوی پێكهاته‌كان و هێزه‌كان و ئاڕاسته مه‌ده‌نیه‌كان. هه‌روه‌ها كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و یاسای هه‌ڵبژاردن و كۆمسیۆنه‌كانی ئه‌ستۆپاكی، مافی مرۆڤ و چاودێری دارایی. بێگومان په‌رله‌مانی كوردستان، له‌پاڵ ئه‌و ئه‌ركانه‌ی له‌خولی نوێ‌دا، سه‌ركه‌وتوانه رایپهڕاندون، ده‌توانێ ئه‌م ئه‌ركه مێژووییانه‌ش راپه‌ڕێنێ. ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی له‌وباوه‌ڕه‌دایه كه كاتی هاتووه كۆبونه‌وه‌كانی یه‌كێتی و پارتی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و حزبه‌كانی تریش ده‌ستپێبكاته‌وه، له‌پێناوی ئه‌وه‌ی بتوانرێ كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م پرسه نیشتمانیه‌كان لابه‌رین و كۆده‌نگی نه‌ته‌وه‌ییان به ده‌رس وه‌رگرتن له هه‌ڵه‌كانی رابوردوو، له‌سه‌ر ساغ بكه‌ینه‌وه.
جگه له‌و ئه‌ركانه، ئه‌ركمانه به‌قوڵی بیر له چاره‌سه‌ری ئه‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌و كێشانه بكه‌ینه‌وه كه لای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ناڕه‌زایی دروستكردووه، له‌پێشیانه‌وه گه‌نده‌ڵی، په‌ره‌پێدانی سیسته‌می حوكمڕانی، داڕشتنی رێسایه‌كی هاوچه‌رخی بازاڕی ئازاد، كه تیایدا هه‌م سه‌رمایه‌و سه‌رمایه‌داران ئازادانه وهگهڕبخرێ، له‌هه‌مانكاتدا، چاودێرێكی یاسایی وردی بازاڕیش بۆ چه‌سپاندنی كوالێتی كۆنترۆڵ، گرتن و سزادانی ده‌رمانفرۆشی قاجاغ و شمه‌كی به‌سه‌رچوو، بكرێ. هه‌روه‌ها ده‌سته‌به‌ركردنی مافی به‌رخۆریش بۆئه‌وه‌ی بنه‌مایه‌كی هاوچه‌رخ و هاوسه‌نگ بۆ سیستمی حوكمڕانی و ئه‌زمونه دیموكراسیه‌كه‌مان دابنرێ. كاتی هاتووه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه سیستمی ته‌ندروستی بگۆڕدرێ، له‌بری موچه‌ی پچڕ پچڕ‌و پینه‌وپه‌ڕۆی بژێوی خه‌ڵك، سیستمی سۆسیال به‌دیبێت، بۆئه‌وه‌ی هه‌موو هاوڵاتیه‌ك ژیانی خۆی و ماڵ و مناڵی ده‌سته‌به‌ر بكرێ. فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده له باخچه‌ی ساوایانه‌وه هه‌تا خوێندنی باڵا گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ردا بێت و بكرێته خوێندنی هاوچه‌رخی راسته‌قینه، كه میتۆده‌كانی زانستی و زانستی سروشتی بایه‌خی زۆری پێبدرێ و له‌گه‌ڵ گه‌وهه‌ری سه‌رده‌می شۆڕشی زانیاری و خێراییدا بگونجێ.
رۆژئاوای كوردستان و مافی چاره‌نوس
وا سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر رێكه‌وتنامه‌ی سایكس بیكۆو داگیر‌و دابه‌شكردنی كوردستان تێپه‌ڕی، حكومه‌ته‌كانی رۆژهه‌ڵات رێگا نه‌ما نهیگرنهبهر، به‌توندترین ره‌فتارو شێوازی سهركوتكهرانهش، تا گه‌لانی ناوچه‌كه نه‌گه‌نه مافی چاره‌نوسی خۆیان، رژێمی به‌عسی عیراق نمونه‌ی هه‌ره خراپی حكومه‌ته سه‌ركوتكه‌ره‌كانی رۆژهه‌ڵات بوو، سه‌ره‌نجام به سه‌پاندنی سیاسه‌تی جینۆساید، نه‌ك نه‌یانتوانی گه‌لی كوردستان قڕ بكات، به‌ڵكو گه‌له‌كه‌مان به مافی چاره‌نوسی خۆی گه‌یشت و سیستمی فیدڕاڵی چه‌سپاندو رژێمی به‌عسیش جێگه‌ی سه‌ره‌نوێلكی مێژوو بوو. دوو ساڵه كه راپه‌ڕینی گه‌لانی رۆژهه‌ڵات ده‌ستپێكردووه، سوریا وه‌ك چه‌قی قه‌یرانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌سه‌ڵاتێكی ناسیۆنالیستی- نادیموكراسی هه‌بوو، كه‌چی بینیمان گه‌لانی سوریا هه‌تاسه‌ر قینی پیرۆزیان له‌ناخدا نهخواردهوهو ته‌قینه‌وه، مایه‌ی هه‌ڵوێسته‌ی نه‌ته‌وه‌یی چارنوسسازه له‌ناو ئه‌و راپه‌ڕینه سه‌رتاسه‌ریه دیموكراسیه‌ی سوریادا (رۆژئاوای كوردستان) له‌پێناوی مافی چاره‌نوسی دیموكراسی خۆی راپه‌ڕیوه. یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌دیهێنانی دیموكراسی راسته‌قینه‌یه له سه‌رانسه‌ری سوریادا، مه‌حه‌كی هه‌ڵوێستیشمان بۆ دیموكراسی بوونی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، سه‌لماندی ته‌واوی مافه دیموكراسیه‌كانی رۆژئاوای كوردستانه، هه‌روه‌ها مافی ته‌واوی پێكهاته‌كانی تری سوریا. هی مه‌سیحی و عه‌له‌وی و دروزی و خه‌ڵكانی تریش.
مافی مرۆڤ و پێكهاته‌كان
له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا، به‌دیهێنانی مافه‌كانی مرۆڤ و رێزگرتن له پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی و مهزهبیهكان و نه‌هێشتنی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان و سزادانی ئه‌و تاوانبارانه‌ی له‌ژێر په‌رده‌و پاساوی نابه‌جێدا ژن ده‌كوژن، یه‌كێكه له ئه‌ركه دیموكراسیه گرنگه‌كانی سه‌رده‌م. به‌تایبه‌تی كێشه‌ی ژنكوژی، په‌ڵه‌یه‌كی ره‌شه كه هه‌تا ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم چاره‌سه‌ری نه‌كردووه‌و ئه‌وه‌ی كراویشه له‌ئاستی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه ره‌گه‌زی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌دا نه‌بوو، به‌رامبه‌ر ژنان. دیارده‌ی مه‌ترسیداری دیكه، ئه‌وه‌یه كه سه‌ره‌نجامی زۆرتربونی كارگه‌و پاڵاوگهو پتر له 1 ملیۆن و 500 هه‌زار ئۆتۆمبێل له‌كوردستاندا، پیسبونی ژینگه‌ی كوردستان گه‌یشتۆته راده‌یه‌ك زۆربونی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن له‌ئاسمانی كوردستاندا، ستانداردی جیهانی تێپه‌ڕاندووه. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر ژینگه‌ی كوردستان. بۆیه ده‌بێ رێگهچارهسهرهكانی زانستی به یاسا بدۆزرێته‌وه‌و جێبه‌جێش بكرێت.
باری ئێستا‌و ئه‌ركه‌كانی یه‌كێتی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له 37 ساڵی رابوردودا، به‌قۆناغی جۆراوجۆردا تێپه‌ڕیوه‌و بۆ هه‌ر قۆناغێكیش به‌رنامه‌و سیاسه‌تی گونجاوی هه‌بووه. هه‌لومه‌رجی ئێستاش قۆناغێكی نوێی تری له ناوچه‌كه‌دا هێناوه‌ته‌پێش، قۆناغێكی فره‌ڕه‌هه‌ند، فره دیارده‌و ده‌ركه‌وته‌و پڕ له ئاڵۆزی و ململانێ، بۆیه ئه‌ركی یه‌كێتییه بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش، وردتر له قۆناغه‌كانی پێشوو، بڕیار‌و به‌رنامه‌ی نوێی هه‌بێ، به‌ره به‌ره خه‌بات له‌پێناوی جێبه‌جێكردنیشیان بكات. ئه‌مه‌ش وا له یه‌كێتی ده‌خوازێ كۆی سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ڵسه‌نگێنێته‌وه، له‌كوێشدا پێویست بكا گۆڕانكارییان تێدا بكات. به‌تایبه‌تی له ئۆرگانی یه‌كێتیدا، كه رایه‌ڵه‌ی راسته‌وخۆی یه‌كێتی و جه‌ماوه‌ری كوردستانن. له‌ناو ئه‌م ئۆرگانانه‌دا، داڕشتنی پڕۆژه‌ی نوێ بۆ مه‌كته‌بی رێكخستن، مه‌كته‌بی شه‌هیدان، ده‌زگای هه‌ڵبژاردن، بۆ ناو جه‌ماوه‌ر، له‌پێشه‌وه‌ی ئۆرگانهكانه.
رێكه‌وتنی ستراتیژی، گه‌رچی وه‌ك بنه‌ماو ده‌سته‌به‌ری په‌یوه‌ندی یه‌كێتی و پارتی له‌م قۆناغه‌ی گوزه‌ری ئه‌زمونه‌كه‌ماندا، هێشتا گرنگیه چارهنوسسازییهكهی ماوه، به‌ڵام له‌م پێودانگه‌شه‌وه، پێویستی به هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه هه‌یه‌و له‌هه‌ر بڕگه‌و به‌شێكدا پێویستی كرد، به گفتوگۆی په‌رۆشانه، له‌گه‌ڵ پارتی هاوپه‌یماندا پێداچونه‌وه‌یان پیادا بكرێت.
هاوكات كۆبونه‌وه پێی وایه په‌یوه‌ندی سیاسی فراوانتر له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه سیاسیه‌كانی كوردستان، له‌چوارچێوه‌ی یاسا‌و راپه‌ڕاندنی ئه‌رك و مافه‌كاندا، پێویستی به‌به‌رنامه‌و سیاسه‌تێكی گونجاوتر له‌م قۆناغه‌دا ده‌كا. له‌م پێناوه‌شدا یه‌كێتی ئاماده‌ی په‌ره‌پێدانی دیالۆگه له‌پێناوی گه‌یشتن به خاڵی هاوبه‌شی سیاسی.
كۆبونه‌وه پێی وایه، راپه‌ڕاندنی ته‌واوی ئه‌ركه‌كانی یه‌كێتی، به‌نده به‌وه‌ی ته‌واوی ئۆرگانه‌كانی كاراتربن له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیان و زۆرترین كات له‌پێناوی راپه‌ڕاندنیان ته‌رخان بكه‌ن.
له‌كۆتایشدا كۆبونه‌وه روداوی ده‌رهێنانی فیلمی قێزه‌ونی ده‌سته‌یه‌ك سه‌رلێشێواوی له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ری مه‌زن به‌توندی ئیدانهكردو پێشیوابوو كه ئه‌مجۆره كارانه نه‌خشه‌ی گومانلێكراوی وروژاندنی ئاژاوه‌ی له‌م بارودۆخه هه‌ستیاره‌دا به‌دواوه‌یه، كه سه‌ره‌نجام ده‌چێته خزمه‌تی ستراتیژێكی پیلانگێڕانه له‌ناوچه‌كه‌دا. بۆیه له‌سه‌ر وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئهمریكاو رۆژئاوایه، له میدیاكان و بواره‌كانی تردا وریای ئه‌مجۆره كارانه بن كه سه‌ره‌نجام هه‌موولایه‌ك زیانی لێده‌كات. دیاره له‌هه‌مانكاتدا كاردانه‌وه‌ش به‌رامبه‌ر كاری له‌مجۆره، ده‌بێ له‌رێگای یاسایی و به وشیاریه‌وه به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌قڵانیانه بدرێ، نه‌ك رێگه‌ی توندوتیژی و قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی رقه‌به‌رایه‌تی و تۆله‌سه‌ندنه‌وه.
كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان!
به‌وشێوه‌یه، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیه‌كه‌تان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه ئازیزه‌كه‌تان، به سوربوون له‌سه‌ر داخوازیه‌كانتان. به گوێگرتن له ره‌خنه‌و ناڕه‌زاییه‌كانتان. به هه‌وڵدان بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانتان. به پاراستنی دیموكراسی و په‌ره‌سه‌ندنی ژیانی ئازادی و مه‌ده‌نیتان. به باشتر یه‌كخستنه‌وه‌ی یه‌كڕیزی ماڵی كورده‌واریتان.. به ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانی تاك به تاكتان. به دابینكردنی ته‌ندروستی باشتر‌و خوێندنی هاوچه‌رخ بۆ هه‌موو هاوڵاتیه‌ك.. به پاراستنی ژن و به‌دیهێنانی مافه‌كانیان، به قوڵكردنه‌وه‌ی ژیانی مه‌ده‌نی و داخوازی مه‌ده‌نیانه، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی سه‌ركه‌وتووانه كۆتایی به كۆبونه‌وه‌ی سه‌ره‌تای پاییزی ئه‌مساڵی هێنا. هه‌تا دوو مانگی تر، چاودێری وردی چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیارانه له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسی و لیژنه‌كانه‌وه ده‌كرێ. له‌كۆبونه‌وه‌ی ئایندهی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیشدا، به‌دواداچون بۆ راده‌ی پابه‌ندبوون به بڕیاره‌كان.. ئه‌ركمانه.
- ئێوه‌ش.. هه‌میشه سه‌رفراز بن ئه‌ی گه‌لی كوردستان‌مان.
- روحتان شاد بێ.. شه‌هیدانمان.
- سڵاو له هه‌ڤاڵان.. سڵاو له پێشمه‌رگه‌و پارێزه‌رانی ئاساییشی و ئازادی وڵات.. سڵاو له ئێوه‌ش ئه‌ی ره‌وه‌ندی كوردستانیانهمان له تاراوگه.
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
21/9/2012
سه‌رچاوه: PUKMEDIA