لە رۆژانی 26-27/4/2013 لە كەمپی دومیز، لە ژێر دروشمی لە پێناو یەكگوتاری نەتەوەیی لاوانی كورد، سێیەمین كۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی چوار پارچەی كوردستان بە ئامادەبوونی 250 ئەندام كە نوێنەرایەتی 76 رێكخراوی لاوانی هەرچوار پارچەی كوردستان دەكەن بەڕێوەچوو. كۆنفرانسەكە تەوەرەكانی بریتی بوون لە روانینی لاوان بۆ شۆڕشی نەتەوەیی كورد، هۆكاری دروستنەبوونی دەوڵەتی كوردی لە روانگەی لاوانەوە، داخوازیەكانی لاوان و ئینتیمای نەتەوەییان، هەوڵدان بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەی، پاش بەردەوام بوونی لە دوودا، رۆژ بڕیاری لەسەر ئەو خاڵانەی خوارەوە دا:
١- پشگیری لە خەباتی نەتەوەیی كورد دەكەین لەهەموو بەشەكانی كوردستان، پاراستن و رێزگرتن لە بەهاو سەروەرەیە نەتەوەییەكان بە ئەركی هەموو لاوانی كورد دادەنرێ.
٢- بەكارهێنانی دەستەواژەی (باشور و باكور و رۆژهەڵات و رۆژئاوایی) كوردستان لەبری ناوی وڵاتی داگیركاری كوردستان.
٣- داواكارین لەكاتی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد، رۆژی شەهیدانی كورد دیاری بكرێت، سێ یەم كۆنفرانس پێشنیار دەكات رۆژی شەهید بوونی پێشەوا قازی محمد بە رۆژی شەهیدی كورد دیاری بكرێ.
٤- كاركردن بۆ چەسپاندنی یەكگوتاری لەسەر ستراتیژی دیاریكردنی مافی چارەنووسی نەتەوەیی كورد.
٥- رێگرتن لە شێواندنی مێژوو و كەلتوری كورد و ناساندنی بەنەوەی نوێ.
٦- هەوڵدان بۆ بنیادنانی ژینگەیەكی تەندروست لە هەموو بوارەكان.
٧- هەوڵدان بۆ پێكهێنانی كۆمەڵگەیەكی مرۆڤ سالار لەسەر بنەمای پابەندبوون بە جاڕنامەی مافی مرۆڤ، لە هەمان كاتدا پێوستە لەهەر شوێنێك مافی تاكێكی كورد پێشێلكرا، سەرجەم لاوانی كورد لە پێناو ئیدانەكردنیدا هاو هەڵوێستبن.
٨- پشگیری لەهەر چەشنە هەوڵێكی ئاشتیانە لە باكوری كوردستان دەكەین بە مەرجێك خزمەت بۆ وەدیهێنانی مافەڕەواكانی گەلی كورد لە باكوری كوردستان بكات و گەل چارەنووسی خۆی دیاریبكات.
٩- پێوستە شەڕی براكوژی بەهەر پاساوێك بێت دووبارە نەبێتەوە، هەر لایەنێك دووبارەی بكاتەوە پێوستە شەرمەزار بكرێت و رێگری لێبكرێ لەهەموو كوردستان بە تایبەت رۆژئاوای كوردستان.
١٠- پشگیری لە شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان دەكەین و دژی هەر هەوڵێكی پەرتبوونی ریزەكانی گەل دەوەستینەوە، داواكارین لە چوارچێوەی هەرێمێكی فیدراڵ بە مافەكانی خۆیان بگەن.
١١- لە بەرامبەر سیاسەتی تواندنەوەی زمانی كوردی دەوەستینەوە و داواكارین زمانی ستاندار بێتە ئاراوە.
١٢- داوای گەڕاندنەوەی كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكەین.
١٣- ئیدانەی ئەو كۆمەڵكوژیانە دەكەین كە رژێمی ئەسەد پەیڕەوی دەكات، داوا لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكەین لە ئاستی پێشێلكاری مافەكانیان بێتە دەنگ.
١٤- ئێمە وەكو لاوانی هەر چوار پارچەی كوردستان وێڕای پشگیریمان لە خەباتی سەرجەم بەشەكانی كوردستان، ئیدانەی هەر هەوڵێكی خۆسەپاندن و بە لاڕێدا بردندنی خەباتیان دەكەین.
١٥- بەردەوامبوون لە هەوڵی پێكهێنانی فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی لاوانی كوردستان.
١٦- ئێمە وەك لاوانی كورد مادە هۆشبەرەكان بەچەكی كاریگەر لە پێناو لەناوبردنی بیری نەتەوەیی كورد دادەنێین و دژی دەوەستینەوە.
١٧- هەوڵدان بۆ بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان.
١٨- پێوستە لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان زەمینە بڕەخسێنێ بۆ لاوانی بەشەكانی تری كوردستان كە نیشتەجێی هەرێمن، كێشەكانیان چارەسەربكرێ.
١٩- كۆنفرانسی لاوانی كورد كۆمەڵكوژی روبۆسكی شەرمەزار دەكات و داواكارە ئەنجامدەرانی ئاشكرابكرێن و بدرێنە دادگا.
٢٠- كۆنفرانسی لاوانی كورد دژی پێشێلكردنی مافی نووسەر و ئەدیب و رۆژنامەنووسانە كە لە روی ئایدۆلۆژیەوە لەلایەن هەر لایەنێكەوە بكرێ .
٢١- بۆ سود وەرگرتن لە توانا لە بن نەهاتوەكانی لاوان پێویستە لە كایە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئیداریەكان بەشداری یان پێبكرێ.
٢٢- پێوستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵێكی جدی بۆ دەستبەر كردنی مافی كوردانی فەیلی بدات.
٢٣- كۆنفرانس داواكارە لاوانی كورد لە هەندەران دەکات لە پێناو ویست و داخوازیەكانی كورد تێبكۆشن.
٢٤- لاوانی كورد تواناكانیان لە پێناو خزمەت بە ئامانجە نەتەوەییەكان پەرەپێبدەن.
٢٦- پێوستە لاوانی كوردستان ساڵانە یادی شەهیدانی سەرهەڵدانی 12 ئاداری ساڵی 2004 رۆژئاوای كوردستان وەك بزاڤێكی گەنجانە بكەنەوە.
٢٧- كۆنفرانسی چوارەم، لە ساڵی داهاتوو رێكخراوەكانی لاوانی رۆژهەڵاتی كوردستان كات و شوێنەكەی دیاری دەكەن.
بژی كورد. بژی كوردستان
سەروەریی بۆ شەهیدان
سێیەمین كۆنفرانسی لاوانی كوردستان
27 نیسانی 2013، دومیز