گه‌ریلاکان له‌چیا خۆیان یه‌کلاییکردووه‌ته‌وه که دووره‌په‌رێز بن له‌ژیانى گه‌نجێتى‌و سه‌ره‌تا که چه‌ک ده‌که‌نه شانیان به‌ڵێن ده‌ده‌ن تا کوردستان ئازاد نه‌بێ بیر له‌ژیانى تایبه‌تى خۆیان ناکه‌نه‌وه.
ئێستا که خه‌باته‌که‌یان قۆناغێکى دیکه‌ى بڕى هێشتا سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى وازبێنن له‌ژیانى تایبه‌تى خۆیان.
نه‌ورۆزى ئه‌مساڵ رێبه‌رى زیندانیکراوى گه‌ریلاکان (ئۆجه‌لان) په‌یامی ئاشتى راگه‌یاندو وتى که ئیتر با چه‌که‌کان بێده‌نگ بن‌و نۆره‌ى ئاشتیه، به‌ڵام پێناچێ ئه‌و کچ‌و کوڕانه‌ى چوونه‌ته چیا به‌ئاسانى ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و چه‌که ببن که نزیکه‌ى 30 ساڵه نه‌وه بەنه‌وه له‌شانیان کردووه.
زیلان کچه کوردێکى خه‌ڵکى باکوورى کوردستانه‌و هه‌شت ساڵه بووه‌ته گه‌ریلا، ئه‌وکاته‌ى چووه شاخ وه‌کو هه‌زاران ئه‌ندامى دیکه‌ى حزبه‌که‌ى به‌ڵێنیدا ده‌ستبه‌ردارى ژیانى گه‌نجێتى بێت‌و خۆى بۆ کێشه‌ى نه‌ته‌وه‌که‌ى یه‌کلایى بکاته‌وه. ئێستا که خه‌باتى چه‌کدارى په‌که‌که چووه‌ته قۆناغێکى دیکه زیلان سووره له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌که‌ى.
له‌ناو دارستانێکى چڕى قه‌ندیلدا زیلان جله ته‌قلیدیه‌که‌ى گه‌ریلاکان که قاتێک جلى پیاوانه‌ى ره‌نگ زه‌یتوونیه له‌به‌ر کردووه‌و تفه‌نگه‌که‌ى له‌سه‌ر کۆشى داناوه به‌پێکه‌نینه‌وه وتى «بوون به‌گه‌ریلا یانى ره‌تکردنه‌وه‌ى ژیانى تایبه‌تى ئێمه کاتمان نیه بیر له‌شووکردن‌و دڵداریى بکه‌ینه‌وه، من تازه به‌ره‌و پیربوون ده‌چم ژیانى تایبه‌تى من کۆتایى هات، به‌ڵام خه‌باتکردن بۆ ئازادکردنى گه‌له‌که‌م نه‌ته‌واو ده‌بێ‌و نه‌جارێ به‌ته‌واوى به‌ده‌ستمان خستووه«
ئه‌وه پره‌نسیپێکى خه‌باتى چه‌کداریه له‌ناو پارتى کرێکارانى کوردستان که ئه‌ندامه‌کانى «ده‌بێ خۆیان یه‌کلایى بکه‌نه‌وه بۆ پرسى نه‌ته‌وه‌که‌یان» قسه‌ى رێبه‌ره‌که‌یان به‌هه‌موویان ده‌وترێته‌وه «له‌فه‌لسه‌فه‌ى ئێمه‌دا ژیانى تایبه‌تى جێى بایه‌خ نیه ئازادى وڵات، ئازادی کورد، ئازادى تاک ئه‌وسا ژیانى تایبه‌تى، بۆیه ئه‌ندامه‌کان وا راده‌هێنرێن تا ئه‌و سێ ئازادیه به‌ده‌ست نه‌هێنن بیریان لاى شتى دیکه نه‌بێ وه‌کو غه‌ریزه‌ى سێکسى‌و دڵدارییکردن.
ته‌واوى ئه‌ندامه‌کان وا فێر ده‌کرێن ئه‌وان بۆ به‌رخۆدان خۆیان ته‌رخانکردووه بۆیه که‌سى قوربانیده‌ر که‌متر ده‌یپه‌رژێته سه‌ر ژیانى تایبه‌تى خۆى. وته به‌ناوبانگه‌که‌یان ئه‌وه‌یه «کوردستانێکى ئازاد ئه‌وسا تاکێکى ئازاد»
چه‌ند کچ‌و کوڕى گه‌ریلا له‌چیاى قه‌ندیل له‌باره‌ى بیرکردنه‌وه له‌ژیانى دواى خه‌باتى چه‌کدارى قسه‌یان بۆ هاوڵاتی کردووه، که‌سیان نه‌یانوتووه که دواى ئه‌وه‌ى چه‌که‌کانیان دانا بیر له‌دروستکردنى هاوسه‌رگیرى ده‌که‌نه‌وه، هه‌موویان وه‌کو یه‌ک ده‌ڵێن جارێ ئه‌و ئامانجه‌ى بۆى چوونه‌ته چیا به‌دینه‌هاتووه.
ئاراس کوڕێکى خه‌ڵکى خۆرهه‌ڵاتى کوردستانه‌و زیاتر له 10 ساڵه بووه‌ته گه‌ریلا له‌قه‌ندیل وتى »ئێمه خۆمان کردۆته قوربانى نه‌وه‌ى داهاتوو، کورستانێکى ئازاد ئینجا ژیانى تایبه‌ت» به‌ڵام بۆخۆیشى نه‌یوت که‌ى ئەو ئازادیه به‌ده‌ست دێت که هه‌وڵى بۆ ده‌ده‌ن.
به‌پێى په‌یامه‌که‌ى ئۆجه‌لان بێت که له‌نه‌ورۆزى ئه‌مساڵ رایگه‌یاند، ده‌بێ له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه گه‌ریلاکان ده‌ست به‌کشانه‌وه بکه‌ن له‌قه‌ندیل که نزیکه‌ى 30 ساڵه له‌وێ نیشته‌جێکراون. به‌ڵام گه‌ریلاکان ده‌ڵێن هێشتا سوورن له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ژیانى گه‌ریلایى به‌بێ ئه‌وه‌ى روونى بکه‌نه‌وه چۆن.
کامیل باکوورى 15 ساڵه له‌ناو هێزه‌کانى په‌که‌که‌دایه‌و له‌باره‌ى دیارییکردنى ماوه‌ى خه‌باتى چه‌کدارى وتى «خه‌باتى ئێمه درێژخایه‌نه‌و ته‌نیا بۆ باکوورى کوردستان نیه، به‌ڵکو ئامانجى راسته‌قینه‌ى ئێمه ئازادکردنى کوردستانى گه‌وره‌یه، تا ئه‌و ئامانجه به‌دینه‌یه‌ت گه‌ریلاکان بیر له‌ژیانى تایبه‌ت‌و زه‌واج ناکه‌نه‌وه ئه‌وه پرسێکى لاوه‌کیه له‌ژیانى ئێمه‌دا که ژیانى هاوسه‌رى پێک‌بێنین»
ساڵى 2010 په‌که‌که ده‌ستپێشخه‌ریه‌کى کرد‌و چه‌ند ئه‌ندامێکى خۆى به‌ناوى (گروپى ئاشتى) نارده‌وه شاره‌کانى تورکیا، ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریه له‌سه‌ر پێشنیارى ئۆجه‌لانى رێبه‌رى په‌که‌که بوو، گروپه‌که هه‌ر گه‌یشتنه‌وه تورکیا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌ستگیرکران به‌وه‌ش هه‌وڵى گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌ریلاى دیکه په‌کیخراو که‌سى دیکه ئاماده نه‌بوو بگه‌ڕێته‌وه تورکیا، بۆیه جارێ گه‌ریلاکان متمانه‌یان به‌و بارودۆخه تازه‌یه نیه‌و بڕیاریان نه‌داوه دواى دانانى چه‌که‌کانیان چى ده‌که‌ن.
ئه‌و که‌سانه‌ى چوونه‌ته ناو هێزه‌کانى په‌که‌که کوردى هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستانى تێدایه. ئه‌ندامه‌کانیان وا فێرکراون خه‌باته‌که‌یان به‌رفراوانه‌و جارێ زووه بۆ ئه‌وه‌ى دیاربێ دواى چوونه پێشى ئاشتى له‌تورکیا ئه‌وان روو له‌کوێ ده‌که‌ن. هه‌رچۆنێك بێت به‌هه‌زاران کچ‌و کوڕى کورد ژیانى گه‌نجێتیان فه‌رامۆشکردووه‌و باوه‌ڕیان هێناوه به‌ڕێبازێک که رێ‌یان پێنادات شوێن ژیانى تایبه‌تى بکه‌ون. ره‌نگه زۆرى ئه‌وانه‌ى خۆیان داناوه تا ئازادى یه‌کجارى خه‌بات بکه‌ن پیربن‌و فریاى ئه‌وه نه‌که‌ون تاموچێژى ژیانى هاوسه‌رگیرى یان په‌یوه‌ندى خۆشه‌ویستى بکه‌ن.
پارتى کرێکارانى کوردستان له‌ساڵى 1979 له‌سه‌رده‌ستى عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان‌و به‌شێک له‌هاوڕێکانى دامه‌زراوه‌و له‌ساڵى 1984ه‌وه خه‌باتى چه‌کدارییان به‌رپاکردووه دژى ده‌وڵه‌تى تورکیا.
هێمن حه‌سه‌ن
هاوڵاتی- قه‌ندیل
06/05/2013