فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2017-09-20-08-19-44داوای سربیا، كۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان پرسی مەشروعیەتی سەربەخۆیی كۆسۆڤۆی رادەستی دادگای نێودەوڵەتیی داد كرد و دادگا نێودەوڵەتییەكەش دوو ساڵ دواتر لە راپۆرتێكدا بۆچوونی خۆی...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 


 


بڕیارە هەفتەی داهاتوو گشتپرسیی سەربەخۆیی باشووری كوردستان بەڕێوەبچێت، حكومەتی عێراق دژی گشتپرسییەكەیە و بە "یاریكردن بە ئاگر" و "نادەستووری"ی دەزانێ‌، بەڵام پرسیارێكی سەرەكی ئەوەیە ئایا كوردستان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مافی گشتپرسی و راگەیاندنی سەربەخۆیی هەیە؟ ناڕەزایەتییەكانی حكومەتی ناوەندی چ بایەخ و سەنگێكیان هەیە؟ دوو شارەزای سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە گەڕانەوە بۆ نموونە مێژووییەكان هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دەدەن.

رادگەیاندنی سەربەخۆیی... كەیسی كۆسۆڤۆ وەكوو نموونە

پۆڵ ویلیامز، مامۆستای پەیوەندی و یاسا نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی ئەمریكی و مارگۆ جەی دەی، راوێژكاری گرووپی یاسا و سیاسەتی نێودەوڵەتی و شارەزای عێراق و سووریا و یەمەن، لە وتارێكدا لە ماڵپەڕی (هافینگتن پۆست) ئاماژە بۆ بڕیارێكی دادگای نێودەوڵەتیی داد دەكەن كە چۆن لە كەیسی سەربەخۆیی كۆسۆڤۆدا بڕیاری داوە.

ساڵی 2008، ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كۆسۆڤۆ تاكلایەنە و بێ گەڕانەوە بۆ سربیا سەربەخۆییان راگەیاند. حكومەتی سربیا دژی ئەو بڕیارە وەستایەوە و بە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی لەقەڵەمی دا. هەمان ساڵ و لەسەر داوای سربیا، كۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان پرسی مەشروعیەتی سەربەخۆیی كۆسۆڤۆی رادەستی دادگای نێودەوڵەتیی داد كرد و دادگا نێودەوڵەتییەكەش دوو ساڵ دواتر لە راپۆرتێكدا بۆچوونی خۆی لەوبارەیەوە خستەڕوو.

وەكوو لە راپۆرتی دادگا نێودەوڵەتییەكەدا هاتووە "ئەنجوومەنی گشتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دەشێت داوا لە دادگای نێودەوڵەتیی داد بكەن بۆچوونی راوێژكاریی خۆی سەبارەت بە هەر پرسێكی یاسایی بخاتەڕوو"، بە تایبەتیش لەو كاتانەی روانگەیەكی روونیان سەبارەت بە لایەنە یاساییە نێودەوڵەتییەكەی كێشەكە نییە.

پرسیاری ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دادگای نێودەوڵەتیی داد (كە بە ICJش ناسراوە) ئەوەیە "ئایا راگەیاندنی تاكلایەنەی سەربەخۆیی لەلایەن دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەریی كاتیی كۆسۆڤۆ لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا یەك دەگرێتەوە یان نا؟".

وەكوو لە بەشێك لە وەڵامەكەی (ICJ)دا هاتووە، پرسیارەكە ئەوە نییە ئاخۆ ئاكامە یاساییەكانی ئەو راگەیەندنە چی دەبێ، یان ئایا كۆسۆڤۆ بووە بە دەوڵەت یان نا، وەكوو چۆن ئاماژەش نییە بۆ ئەوەی ئاكامی یاسایی ئەو راگەیاندنە بۆ ئەو وڵاتانە چی دەبێت كە دانیان بە سەربەخۆیی كۆسۆڤۆدا ناوە.

دادگای نێودەوڵەتیی داد لە بەشی یەكەمی وەڵامەكەیدا رەخنە لە داڕشتنی پرسیارەكە و بەتایبەتی بەكارهێنانی دەستەواژەی "دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری كاتیی كۆسۆڤۆ" دەگرێت، لەبەر ئەوەی راگەیەندراوەكە لەلایەن ئەو دامەزراوەیەوە نەبووە، بەڵكو ئەنجوومەنی نیشتمانیی كۆسۆڤۆ راگەیەندراوەكەی بڵاوكردەوە و ئەو ئەنجوومەنەش لەلایەن خەڵكی كۆسۆڤۆوە هەڵبژێردرابوو.

دادگا نێودەوڵەتییەكە پێیوایە حكومەتی سربیا دەستی هەبووە لەوەی لایەنی بەرپرسیاری راگەیەندراوەكە بگۆڕێت، چونكە دەسەڵاتە كاتییەكەی كۆسۆڤۆ لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانرابوو، بۆیەش ئەگەر ئەو دەسەڵاتە كاتییە ئەو كارەی كردبێت، رووبەڕووی لێپرسینەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێتەوە.

زەمینەی راگەیەندراوەكە و بڕیارەكەی (ICJ)

لە نێوان ساڵانی 2005 هەتا سەرەتای 2007 زنجیرەیەك دانوستاندنی راستەوخۆ لە نێوان حكومەتی سربیا و ئیدارەی كاتیی كۆسۆڤۆ سەبارەت بە پەیوەندییە ئیدارییەكانی هەردوو لایەن و لامەركەزیكردنەوەی سیستەمی سیاسیی سربیا بەڕێوەچوون. وەكوو لە راپۆرتی نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بۆ كۆسۆڤۆ هاتووە "پاش زیاتر لە یەك ساڵ گفتوگۆی راستەوخۆ و دانوستاندنی دوو لایەنە و راوێژی شارەزایان، بۆمان روون بووەتەوە كە لایەنەكان ناتوانن سەبارەت بە پێگەی داهاتووی كۆسۆڤۆ (لەناو ئیدارەی سربیا)دا بە هیچ ئاكامێك بگەن".

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە درێژەپێدانی دانوستاندنەكان بێ هیوا ببوو، بۆیەش پێشنیاز دەكات كە "كاتی ئەوە هاتووە پێگەی داهاتووی كۆسۆڤۆ یەكلایی بكەینەوە". بە لەبەرچاوگرتنی مێژوو و واقیعی ئەوكاتی كۆسۆڤۆش تاكە رێگە بۆ ئەمە "سەربەخۆیی كۆسۆڤۆیە" كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێ چاودێریی بكات. لە دوای ئەو راپۆرتە، ئەمریكا، رووسیا و یەكێتیی ئەوروپاش گەیشتنە ئەو بڕوایەی لایەنەكان ناتوانن لەسەر پێگەی سیاسی و ئیداریی كۆسۆڤۆ رێكبكەون.

رۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2007 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەكانی شارەوانیی كۆسۆڤۆ بەڕێوەچوون و كۆبوونەوەی دەستبەكاربوونی ئەنجوومەنەكەش لە رۆژانی 4 و 9ی كانوونی دووەمی 2008 بەڕێوەچوو. وەكوو لە راپۆرتەكەی دادگای نێودەوڵەتیی داددا هاتووە "لە زەمینەیەكی لەم جۆرەدا بڕیاری راگەیاندنی سەربەخۆیی لە 17ی شوباتی 2008 راگەیەندرا".

راپۆرتەكەی دادگای نێودەوڵەتیی داد رەتیشی دەكاتەوە ئەنجوومەنەكە وەكوو قەوارەیەكی یاسایی سەر بە سربیا ئەمەیان كردبێت، بەڵكو تەنیا وەكوو نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵك هەنگاوەكەیان ناوە، بۆیەش كۆسۆڤۆ ناتوانێت بە پێشێلكردنی یاسا و قۆستنەوەی دەسەڵاتێك كە نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی سربیا پێیداون، ئەو هەنگاوەی نابێت.

راگەیەندراوەكە رادەستی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان نەكرابوو، لە بڵاوكراوەی فەرمیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی كۆسۆڤۆشدا چاپ نەكرابوو. حكومەتی سربیا لە یاداشتێكدا بۆ ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان جەختی لەوە كردەوە كە راگەیەندراوەكەی سەربەخۆیی كۆسۆڤۆ "زۆرەملێ"یە و "نە لە سربیا و نە لە نەزمی یاسای نێودەوڵەتی"دا هیچ كاریگەرییەك دروست ناكات.

كوردستان و كۆسۆڤۆ

دادگای نێودەوڵەتیی داد لە وەڵامی پرسیارەكەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكاندا دەنووسێت "یاسای گشتیی نێودەوڵەتی هیچ قەدەغەیەكی لەسەر راگەیاندنی سەربەخۆیی دانەناوە". وەكوو ویڵیامز و جەی دی ئاماژەی بۆ دەكەن، دادگا نێودەوڵەتییەكە بە تایبەتی لەسەر كەیسی كۆسۆڤۆ دەوەستێت و جەخت دەكاتەوە كە راگەیاندنی سەربەخۆیی كۆسۆڤۆ لە سربیا یاسای نێودەوڵەتی پێشێل ناكات.

دادگای نێودەوڵەتی بۆ بەرگری لەو بۆچوونەی خۆیان دەگەڕێنەوە بۆ حاڵەتەكانی راگەیاندنی سەربەخۆیی لە سەدەكانی 18، 19 و سەرەتای سەدەی بیستەم كە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا دەوڵەتە پەیوەندیدارەكە بە توندی دژی راگەیاندنی دەوڵەت بووە. راپۆرتەكەی (ICJ) جەخت لەوەش دەكاتەوە كە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا "یاسای نێودەوڵەتیی سەبارەت بە مافی بڕیاردانی چارەنووس بە جۆرێكی لێهات، مافی سەربەخۆیی بەو گەلانەش دا كە خاوەنی ناوچەیەكی خودموختار نین، وەكوو چۆن ئەو مافە بەو گەلانەش درا كە لە هەمبەر چەوسانەوە، داگیركاری و بەكارهێنانی ناڕەوان".

وەكوو لە وتارەكەی (هافینگتن پۆست)دا هاتووە، لە نێوان ساڵانی 1905 - 1991دا 52 ئەكتەری نادەوڵەتی گشتپرسیی سەربەخۆییان كردووە. لەساڵی 1991یشەوە 53 گشتپرسی كراون. بڕیاریشە هەتا كۆتایی 2019 چوار گشتپرسی لەسەر ئاستی جیهان بەڕێوەبچن كە بریتین لە گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستان، گشتپرسی سەربەخۆیی كاتالۆنیا، گشتپرسی سەربەخۆیی كالیدۆنیای نوێ و گشتپرسی سەربەخۆیی بۆگەینڤیل، كە هەردووكیان دەكەونە باشووری زەریای هێمن.

وەكوو وتارەكەی هافینگتن پۆست ئاماژەی بۆ دەكات، لە كۆی ئەو 53 گشتپرسییەی لە ساڵی 1991ەوە كراون، 26 یان بێ رەزامەندی حكومەتی ناوەندی بوون. ژمارەیەكیش لەو هەرێمانەی بێ رەزامەندی دەوڵەت گشتپرسییان كردووە، دواجار خۆیان بوون بە دەوڵەتی سەربەخۆ. هەردوو پسپۆڕەكە ئاماژە بۆ كۆمارەكانی یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوو دەكەن كە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندنی یەكێتی سۆڤیەت گشتپرسیی سەربەخۆییان رێكخست و لە قۆناغی بەراییشدا مۆسكۆ دژی هەرچەشنە هەنگاوێكی لەو جۆرە بوو، بەڵام هەموو ئەو كۆمارانە ئێستا بوون بە دەوڵەتی سەربەخۆ.

بە هەمانشێوەش چوار دەوڵەت لە یۆگوسلاڤیای پێشوو گشتپرسیی سەربەخۆییان ئەنجامدا، سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی یۆگوسلاڤیا ئەوپەڕی دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەو هەنگاوە دەربڕی كە هەموویان ئێستا دەوڵەتی سەربەخۆن. سەبارەت بە سەربەخۆییەكەی كۆسۆڤۆش، هەتا ئێستا 111 وڵات دانیان بە سەربەخۆیی ئەو وڵاتەدا ناوە.

لە راپۆرتی دادگا نێودەوڵەتییەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەكرێت كە "ژمارەیەكی زۆر دەوڵەت بەهۆی مومارەسەكردنی ئەو مافەوە لەدایكبوون". جەخت لەوەش دەكاتەوە كە هەڵسوكەوتی هەندێك دەوڵەت لەو حاڵەتەدا بۆ دژایەتی سەربەخۆیی ئاماژە نییە بۆ ئەوەی "یاسایەكی نوێی تایبەت بە قەدەغەی سەر راگەیاندنی سەربەخۆیی هاتبێتە ئاراوە"، لەبەر ئەوەی كێشەی نێوخۆیی نێوان لایەنەكان و یاسای نێودەوڵەتی لە خۆیدا دوو پرسی جیاوازن.

ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە قەدەغەی راگەیاندنی تاكلایەنەی سەربەخۆیی (واتە بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی) بەشێكی دانەبڕاوە لە "بنەمای پاراستنی یەكپارچەیی خاك". دادگای نێودەوڵەتیی داد ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو بنەمایە بەشێكی گرنگە لە نەزمی یاسایی نێودەوڵەتی و لە جاڕنامەی نەتەوە یەكگرتووەكانیشدا هەیە، بە تایبەتیش لە مادەی دووەم، پەرەگرافی چوارەم كە دەڵێت "پێویستە هەموو ئەندامان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیاندا خۆیان دوور بگرن لەوەی هەڕەشە لە یەكپارچەیی خاك یان سەربەخۆیی هەر دەوڵەتێك بكەن.

نووسەرانی وتارەكەی هافینگتن پۆست پێیانوایە ئەم خاڵە لە هەموو خاڵەكانی دیكە گرنگترە، بەڵام بنەمای پاراستنی یەكپارچەیی خاك پرسێكە كە پەیوەندیی بە "پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵاتەوە هەیە" واتە ئەوە دوو وڵاتی جیاوازن كە دەبێ رێز لە یەكپارچەیی خاكی یەكدی بگرن، بۆیەش هەوڵەكانی ئەكتەرێكی ناحكومی یان نیمچەـ حكومی ناگرێتەوە كە دەیەوێت سەربەخۆیی رابگەیەنێ.

كێشەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق كە دژی گشتپرسیی سەربەخۆییە، كێشەی نێوان دوو دەوڵەتی سەربەخۆ نییە كە یەكێكیان هەڕەشە لە سەروەری و یەكپارچەیی ئەوەی دیكەیان بكات، بەڵكو كێشەی نێوان ئەكتەرێكی نادەوڵەتی (هەرێمی كوردستان) و ئەكتەرێكی دەوڵەتییە.

خاڵێك كە لە گوتارەكەی دوو نووسەرەكەدا جەختی لەسەر دەكرێتەوە، ئەوەیە كە راپۆرتەكەی دادگای نێودەوڵەتی داد بۆ حاڵەتی راگەیاندنی سەربەخۆییە نەك گشتپرسی یان سەربەخۆییەك كە لە رێگەی گشتپرسییەوە بەدەست هاتبێت، بۆیەش ئەو دۆخەی راپۆرتەكەی ئەو دادگایە هەوڵی روونكردنەوەی دەدات، زۆر قورسترە لەو دۆخەی كە كوردستان سەربەخۆیی تێدا رادەگەیەنێت، لەبەر ئەوەی "لە كوردستان پێش راگەیاندنی سەربەخۆیی گشتپرسییەك دەكرێت"، بەم حاڵەشەوە هەر دوو كەیسەكە لە چوارچێوەی هەمان بنەمادا لێكدانەوەیان بۆ دەكرێت، لە كاتێكدا سەربەخۆییەكەی كۆسۆڤۆ بەبێ گشتپرسی راگەیەندرا.

یەكێك لەو رەخنانەی ئاراستەی جیابوونەوەی كۆسۆڤۆ لە سربیا دەكرێت، ئەوەیە كە باشتر بوو پێش راگەیاندنی سەربەخۆیی گشتپرسییەك بكرێت بۆ ئەوەی ویستی خەڵك هەڵبسەنگێنرێ.
راپۆرتەكە ئاماژە بەوەش دەكات لە هەندێك نموونەدا بڕیارنامەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارەیەك راگەیاندنی سەربەخۆییان ئیدانە كردووە، لەوانەش سەربەخۆییەكەی قوبرسی باكوور و كۆماری سرپسكا. بەبۆچوونی دەی جەی و ویڵیامز گشتپرسی و سەربەخۆییەكەی كوردستان ناچێتە خانەی ئەو حاڵەتانەی كە بڕیارنامەی قەدەغەكردنیان بۆ دەرچووە.

بەڵام راپۆرتەكەی (ICJ) جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە هەموو حاڵەتەكانی ئیدانەدا نایاساییبوونی راگەیەندراوی سەربەخۆیی پەیوەندی بەوەوە نییە كە تاكلایەنە و بێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی ناوەندی راگەیەندراون، بەڵكو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە "بەشێوەیەكی نایاسایی هێز تێیاندا بەكارهاتووە و زۆر بە زەقی یاسای نێودەوڵەتی پێشێل كراوە". بۆیەش دادگا نێودەوڵەتییەكە سوورە لەسەر ئەوەی "هیچ قەدەغەیەكی گشتی لەسەر راگەیاندنی تاكلایەنەی سەربەخۆیی نییە".

هەردوو یاساناسەكە لە كۆتایی وتارەكەیاندا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە "ئەگەر ئاكامی گشتپرسییەكەی كوردستان لە بەرژەوەندی سەربەخۆیی بێت، هەنگاوی داهاتوو دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەبێت". ئەگەر پاش ئەو دانوستاندنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، كوردستان سوور بێت لەسەر ئەوەی هەوڵی سەربەخۆیی بدات، ئەوە ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە كە "ئاخۆ كوردستان پێوەرەكانی یاسای نێودەوڵەتی بۆ بەدەوڵەتبوون پەیڕەو كردووە یان نا، ئایا ئەو پێوەرانە رەچاو كراون كە لە پرۆسەی دانپێدانان بە دەوڵەتێك لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە".

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دوو لێكۆڵەرەكە جەخت لەوە دەكەنەوە كە "لە كاتێكدا كوردستان بەو پرۆسەیەدا تێدەپەڕێت، پێویستە ئەوەمان لەبەر چاو بێت كە هەنگاوی یەكەمی كوردستان بۆ رێكخستنی گشتپرسیی سەربەخۆیی لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا ناتەبا نییە، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو تێڕوانینە باو و باڵادەستەیە (كە پێیوایە گشتپرسییەكەی كوردستان پێشێلی یاسای نێودەوڵەتی دەكات)".

لە كۆتایی راپۆرتەكەی دادگای نێودەوڵەتی داد سەبارەت بە راگەیاندنی سەربەخۆیی كۆسۆڤۆش هاتووە "مادام راگەیاندنەكە لەلایەن دامەزراوەكانی خۆبەڕێوەبەریی كاتیی كۆسۆڤۆ و لە چوارچێوەی فەرمانە یاساییەكانی دامەزراوەی كاتییەوە دەرنەكراون، بۆیە راگەیاندنی سەربەخۆیی كۆسۆڤۆ هیچ یاسایەكی كارپێكراوی نێودەوڵەتیی پێشێل ناكات".

پشتگیری ئەمریكا بۆ كورد زیاتر دەبێت

گۆڤاری (تایم)ی ئەمریكی راپۆرتێكی لەسەر ئەو هەڵبژاردن و گشتپرسیانەی لە ماوەی داهاتوودا دەكرێن، بڵاوكردووەتەوە.

لە بەشێكی راپۆرتەكەی گۆڤارە ئەمریكییەكەدا هاتووە "كورد لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانییەوە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێك دەدەن بۆ خۆیان. دەستووری 2005ی عێراق هەنگاوێك بوو بەرەو ئەو ئامانجە، بەپێی دەستووری عێراق كورد هەرێمێكی ئۆتۆنۆمی دامەزراند كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئیدارە دەكرێت".

بەڵام لە ساڵی 2014ەوە هەوڵە سیاسییەكان بۆ دامەزراندنی وڵاتی كوردستان كاڵ بوونەوە. وەك تایم ئاماژەی پێدەدات "بەهۆی شەڕی داعشەوە بوو". تایم دەڵێت: "هێزە سەربازییە كوردییەكان لە بەرەی شەڕی دژی داعش رۆڵی سەرەكییان هەبوو، بەبێ بەشداریی ئەوان شاری مووسڵ نەدەگیرایەوە.

لایەنگرانی سەربەخۆیی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بەشداریی كورد لە مەیدانەكانی شەڕدا بەڵگەیەكە بۆ ئەوەی كورد بوون بە خاوەنی نیشتمانی خۆیان. ئەمریكا (هاوشان لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا) كێشەیان لەگەڵ گشتپرسییەكەدا هەیە، بەڵام كێشە سەرەكییەكەیان پەیوەندی بە كاتی گشتپرسییەكەوە هەیە. شەڕی داعش هێشتا تەواو نەبووە و جیابوونەوەی كورد لە عێراق پێگەی عەبادی لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی داهاتووی عێراقدا لاواز دەكات، بەڵام لە درێژخایەندا پشتگیری ئەمریكا بۆ كورد زیاتر دەبێت، ئەمەش رەنگە وابكات دەوڵەتی كوردستان دواجار لەدایك ببێت. ئەمەش پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ توركیا، سووریا و ئێران ئاڵۆزتر دەكات، لەبەر ئەوەی هەموویان دژی دەوڵەتی كوردستانن".

 سەرچاوە: رووداو

20/9/2017

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان