بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوو دا ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا و پارتی یەکیەتی دێمۆکراتیک، لە شاری هەولێری باشووری کوردستان کۆببنەوە و گفتگۆ لە سەر داهاتووی باشووری ڕۆژئاوا بکەن.
پارێزەر "مستەفا ئیسماعیل" ئەندامێکی پایەبەرزی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا [ENKS] ڕایگەیاند کە لە ماوەیەکی نزیک دا کۆبوونەوەیەکی گرینگ لە نێوان ئەنجوومەنەکەی ئەوان و بەرپرسانی پارتی یەکیەتی دێمۆکراتیک [PYD] لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان پێکدێت.
ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا لە ڕۆژی شەممەی کۆتایی ئەم هەفتە دا کۆبوونەوەیەکی ناوخۆیی ئەنجام بدات و پاشان بڕیار لەسەر کۆبوونەوەی داهاتووش بدرێ.
ماوەیەک لەمەوبەر ENKS و پارتی یەکیەتی دێمۆکراتیک، لە بەیاننامەیەکی هاوبەش دا جەختیان لەسەر هاوخەباتی و هاوکاری زیاتر کردبوو.
ئەوە لە کاتێک دایە کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر واتە 12ی مارس و هاوکات لەگەڵ هەشتەمین ساڵوەگەڕی قەتڵوعامی کوردان لە قامیشلوو، بە دەیان هەزار کورد لە چەندین شار و سارۆچکەی کوردستان هاتبۆ سەر شەقامەکان و دژ بە ڕەژیمی بەشار ئەسەد درووشمیان وتبۆوە.
لە لایەکی دیکەوە ڕاگەیاندرا کە گرووپێکی چەکداری کوردی، بە ناوی "ئازادیخوازانی زەیتوون" لە باشووری ڕۆژئاوای کوردستان هاتوونەتە ناو جەرگەی خەبات لەم پارچەیە دا و بە نیازن بۆ گەرەنتی کردنی مافی کورد لە پاڵ مافەکانی گەلانی سووریا خەبات بکەن. چەند مانگ لەمەوبەریش ڕێکخراوەیەکی تر بە ناوی "شێرەکانی وڵاتی کوردان" دامەزرانی خۆیان ڕاگەیاندبوو.