سێیەمین قوربانی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەی شیناوێی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانی لەدەستدا.
ئاژانسی رۆژهەڵات تایمز رایگەیاند "دوێنێ هەینی، سارینا رهسوڵ زاده، یهکێک لهو دەیان کچە قوتابیەی کە ماوەیەک لەمەوبەر لە ئەنجامی گڕگرتنی سۆبەی قوتابخانەکەی گوندی شیناوێ بە توندی تووشی سوتان هاتبوو، لە نەخۆشخانە گیانی لهدهستدا".
رهسوڵ خزری، نوێنهری شاری پیرانشار له مهجلیسی ئێران، هۆکاری گیان لەدەستدانی سارینای بۆ قوڵی برینەکانی، خهسارگهیشتن به سی و کاریگەریی برینەکانی بەشی هەناسەدان بە هۆی هەڵمژینی زۆری دووکەڵ گەڕاندووەتەوە.
لە هەفتەی یەکەمی ئەو رووداوە، هەر یەک لە سەیران یەگانە و ئیلهام (ئامینە) ئیسماعیل پوور بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە، لە نەخۆشخانەی سینای تەورێز گیانیان لەدەستدا.
رێکەوتی 2012/12/5، پۆلى قوتابیانى كچى پۆلى چوارهمى سهرهتایى قوتابخانەی شۆڕشی گوندی شیناوێی پیرانشار، بههۆى تهقینهوهى سۆباوه ئاگرى تێبهربوو.
لەو رووداوەدا، 37 قوتابی و مامۆستای پۆلەکە ئاگریان تێبەربوو و هەندێک لە قوتابییەکان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی ورمێ، مەهاباد و تەورێز کران.
ئەو رووداوە رای گشتی رۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند، بەشێوەیەک کە زۆربەی بەکاربەرانی فەیسبووک لە رۆژهەڵاتی کوردستان وێنەی پڕۆفایلەکانی خۆیان بۆ وێنەی ئەو کچانە و رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە گۆڕی.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەو بۆنەیە، هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەی قوربانیان و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند "ئەو رووداوە دڵتەزێنە، خەمباری کردم".
هەروەها نەوید زەردی گۆرانی بێژی لاوی رۆژهەڵاتی کوردستان ڤیدیۆ کلیپێکی بەناوی (بۆ 38 پەپولەکەی پیرانشار) ئامادە کرد و پێشکەشی ئەو کچە جەستە سووتاوانە و بنەماڵەکانیانی کرد.
80 چالاکڤانی سیاسى، مهدهنى، خوێندكاریى، رۆژنامهوانو پارێزهرى رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ (رووداو) نێردرابوو، داوایان له حكومهتى ئێران كرد به دواداچوون بۆ سووتانى دهیان قوتابى كورد بكاتو لایهنى بهرپرسیار سزا بدات.
بەڵام تا ئێستا بە جیدی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە نەکراوە و لایەنی بەرپرسیار سزا نەدراوە.