
مه‌لا به‌ختیار رایده‌گه‌یه‌نێت "په‌كه‌كه نه به ره‌زامه‌ندی ئێمه هاتوونه‌ته قه‌ندیل و نه به بڕیاری ئێمه‌ش چۆڵی ده‌كه‌ن"، ئاماژه‌ش به‌وه ده‌كات كه یه‌كێتی پشتگیری ئاشتی و دیموكراسی له توركیا ده‌كات.
به‌پێی هه‌واڵێكی سایتی پوك میدیا، زمانحاڵی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، دوای كۆبوونه‌وه‌ی وه‌فدی باڵای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی پارتی ئاشتی و دیموكراسی له په‌رله‌مانی توركیا، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بۆ هه‌ریه‌كه له مه‌لا به‌ختیار و سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش سازكرا.
به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌ی سایتی پوك میدیا، له كۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا، سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی به‌ده‌په خۆشحاڵی خۆی به سه‌ردانی وه‌فده باڵاكه‌ی یه‌كێتی ده‌ربڕیوه و رایگه‌یاندوه: "ئه‌م سه‌ردانه‌ی وه‌فدی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه بۆ ئێمه‌و پێی سه‌ربه‌رزین". هه‌روه‌ها به په‌رۆشه‌وه له هه‌واڵی ته‌ندروستی سه‌رۆك مام جه‌لال-ی پرسی و هیوای خواست به زووترین كات ره‌وشی ته‌ندروستی باشتر بێت و بگه‌ڕێته‌وه وڵات.
هه‌روه‌ها ده‌میرتاش ئاشكراشیكردوه كه به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و توركیا له ئاستێكی باشدایه‌و ئه‌وانیش پشتگیری به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه ده‌كه‌ن.
هه‌ر له كۆنگره‌كه‌دا، مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاندوه: وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی له‌سه‌ر بانگهێشتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ی كردووه‌و چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای توركیا كردووه كه مه‌به‌ست لێیان گفتوگۆ و دیالۆگ بووه له باره‌ی پرسی ئاشتی و ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌و وڵاته‌دا ده‌ستیپێكردووه.
به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌ی پوك میدیا، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی یه‌كێتی ئاشكرایكردوه: یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پشتگیری ئاشتی و دیموكراسی له توركیا ده‌كات، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌ردانی برایانیان له به‌ده‌په‌و په‌رله‌مانی توركیا كردووه.
له وه‌ڵامی پرسیارێكی رۆژنامه‌نووسانیشدا كه ئایا دوای ئه‌م سه‌ردانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم داوای چۆڵكردنی قه‌ندیل و چه‌ك دانان له په‌كه‌كه ده‌كات؟ مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاندوه: "په‌كه‌كه نه به ره‌زامه‌ندی ئێمه هاتوونه‌ته قه‌ندیل و نه به بڕیاری ئێمه‌ش چۆڵی ده‌كات".
له وه‌ڵامی پرسیارێكی تری رۆژنامه‌نووسانیشدا سه‌باره‌ت به سه‌ردانی دووه‌م وه‌فدی به‌ده‌په بۆ ئیمرالی، سه‌ڵاحه‌دین میرتاش رایگه‌یاند: ئێستا ناوی ئه‌و كه‌سانه دیاریكراون كه ده‌چن بۆ ئیمرالی، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتووش سه‌ردانی وه‌زاره‌تی داد ده‌كه‌ن و هیواشی خواست حكومه‌ت له‌و رووه‌وه هه‌نگاوێكی جدی بنێت.
هه‌ر به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌ی سایتی پوك میدیا، وه‌فده باڵاكه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی و هه‌ریه‌ك له مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی و نه‌جمه‌دین كه‌ریم، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و د.خه‌سره‌و گوڵ محه‌مه‌د ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و به‌هرۆز گه‌ڵاڵی نوێنه‌ری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌و وڵاته بووه‌و له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی پارتی ئاشتی و دیموكراسی به‌ده‌په كۆبوونه‌وه‌و بارودۆخ و پرسی كوردیان له‌و وڵاته تاووتوێكردوه.
پێشتریش وه‌فده‌كه دوای ئه‌وه‌ی ئێواره‌ی رۆژی 12-2-2013 له‌سه‌ر بانگهێشتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌نكه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا، به‌جیا له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا گول، سه‌رۆك كۆماری توركیا‌و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته كۆبوونه‌وه.
سەرچاوە/ خەندان
16/02/2013