
له چوارچێوه‌ی یادی 25 ساڵه‌ی جینۆسایدی كورد و كیمیاباران و هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ ناساندنی تاوانی جینۆسایدی كورد به دونیا، ئه‌مڕۆ 14/3 به ئاماده‌بونی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ناساندنی جینۆسایدی كورد له شاری هه‌ولێر به دروشمی (له فرمێسكه‌وه بۆ هیوا )ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد و ماوه‌ی سێ رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.
له‌و كۆنگره‌یه‌دا كه ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی حكومی و حزبی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و نوێنه‌ر‌و كونسوڵی وڵاتان‌و دۆستانی كورد له ده‌ره‌وه ئاماده‌ی بوون، دوای وته‌ی به‌خێرهێنان له‌لایه‌ن وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوه‌كان، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له وته‌یه‌كیدا به‌و بۆنه‌یه‌وه رایگه‌یاند: یادكردنه‌وه‌ی ئه‌مساڵ وه‌ك ساڵانی پێشتر نییه، ئه‌مساڵ ژماره‌یه‌كی زۆر له دۆستانمان ئاماده‌ن، له هه‌وڵدان جینۆسایدی كورد به جیهان بناسێنن، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش دڵخۆشكه‌ره بۆ ئێمه.
وتیشی: ئه‌نفالكردنی خه‌ڵكی كوردستان له ساڵی 1988 ده‌ستیپێنه‌كرد، به‌ڵكو له‌و ساڵه گه‌وره‌ترین پرۆسه‌ی ئه‌نفال به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌نفال له‌ساڵی 1975 هه‌رله فه‌یلییه‌كان و بارزانییه‌كان و راگواستنی خه‌ڵكی كوردستان و تێكدانی زیاتر له چوار هه‌زار و 500گوند ده‌ستیپێكرد، هه‌رچه‌نده له‌و ژماره زۆره‌ی ئه‌نفال ته‌نها نزیكه‌ی سێ هه‌زار رووفاتمان هێناوه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن، بۆ دۆزینه‌وه و هێنانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی هه‌رێم رایگه‌یاند: "ئێمه ده‌زانین حكومه‌تی ئێستای عیراق به‌رپرسیار نییه به‌رامبه‌ر ئه‌م تاوانه‌ی به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد كراوه، به‌ڵكو رژێمی روخاو تاوانباره، به‌ڵام به‌رپرسیارێتی یاسایی له ئه‌ستۆی حكومه‌تی ئێستای عیراقه، كاتێك په‌رله‌مانی عیراق ئه‌و تاوانانه‌ی به‌جینۆساید ناساندوه، ده‌بێ حكومه‌تی فیدراڵ لێپرسراوێتی خۆی به‌جێ بگه‌یه‌نێت و قه‌ره‌بووی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها پێویسته كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌رپرسیارێتی هه‌ڵبگرن، كاتێك زۆر له وڵاتان هاوكاریی رژێمی له‌ناوچوی به‌عسیان كرد و كۆمپانیای هه‌ندێك وڵات یارمه‌تی رژێمیان دا به‌جۆرێك له چركه‌یه‌كدا پێنج هه‌زار كه‌سیان له هه‌ڵه‌بجه شه‌هید بكه‌ن.
مه‌سعود بارزانی هه‌ر له وته‌كه‌یدا وتی: راسته ئه‌نفال و كیمیاباران تاوانێك و كاره‌ساتێكی گه‌وه‌ره بوو، به‌ڵام به‌هۆیه‌وه گرێكوێره‌ی به‌ختی كورد كرایه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی دونیا چاوی بكاته‌وه‌و ده‌رگا كرایه‌وه تاكو سنورێك بۆ دیكتاتۆری عیراق‌و زۆریی دیكتاتۆری تر دابنرێت، "هیوادارین ئه‌و سیاسه‌ته به‌رده‌وام بێت، تاكو له هیچ شوێنێكی دونیا رێگانه‌ده‌ن دیكتاتۆره‌كان میلـله‌ته‌كانیان قڕبكه‌ن و وڵاتانیش سه‌یریان بكه‌ن و بڵێن ئه‌مه كێشه‌یه‌كی ناوخۆییه‌و ناتوانین ته‌ده‌خول بكه‌ین.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "ئه‌و رۆژه رۆیشت كه جارێكی دیكه گه‌لی كوردستان توشی ئه‌نفال بێته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و رۆژه روَیشت جارێكی تر كه‌سێك جورئه‌ت بكات ئه‌و غه‌دره له گه‌لی كورد بكاته‌وه، چونكه دوای ئه‌و هه‌موو قوربانیانه ئایا كه‌سێك هه‌یه ته‌وه‌قوعی ئه‌وه‌بكات ئێمه بڕیاری خۆمان به ده‌ست خۆمان نه‌بێ و ئێمه ئازاد نه‌بین له‌م وڵاته‌دا؟، له‌كاتێكدا قوربانییه‌كانی ئێمه بۆ ئازادیی بووه و به ئازادی بژین، وه ده‌بێ به ئازادیش بژین، من ئاسۆ به‌ڕوونی ده‌بینم‌و یه‌ك هه‌نگاویش بۆ دواوه پاشه‌كشه ناكه‌ین، هیوادارین كوردستان ببێته مایه‌ی خێر‌و خۆشی بۆ هه‌موو عیراق‌و ناوچه‌كه.
هه‌ر له وته‌كه‌یدا و سه‌باره‌ت به ره‌وشی عیراق، مه‌سعود بارزانی وتی: "ئێستا عیراق به قه‌یرانێكی سه‌رتاسه‌ریدا تێده‌په‌ڕێت، نه‌وه‌ك ته‌نها له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا، كاتێك عیراقی تازه دروستبوو، كورد رۆڵی سه‌ره‌كی بینی و خوێنی له‌پێناو دا، له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه بووه كه ئێمه هه‌موومان هاوبه‌ش و شه‌ریكین، بۆئه‌وه‌ی پێكه‌وه عیراقی تازه بونیاد بنێین.
وتیشی: ده‌ستورێكمان دانا به‌شی هه‌ره زۆری خه‌ڵكی عیراق ده‌نگی بۆ دا له‌گه‌ڵ كه‌موكوڕییه‌كانی، به‌ڵام ده‌ستورێكی نمونه‌یی بوو، به‌جۆرێك ئه‌رك‌و مافی هه‌موو لایه‌ك دیاریده‌كات، ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا كه وڵات پێیدا تێده‌په‌ڕێت هۆی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه ئلیتیزام به ده‌ستور نه‌كراوه، بۆ ده‌ربازبونیش پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆ رێككه‌وتننامه‌ی هه‌ولێری ساڵی 2010 و رێككه‌وتنه‌كانی تر، ئه‌مه نه‌خشه رێگایه بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانانه.
هه‌رله‌و كۆنگره‌یه‌دا چه‌ندین وته له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه پێشكه‌شكران، له‌وانه وته‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاتی توركیا، لایه‌ن كونسوڵی ئه‌و وڵاته له هه‌رێم خوێندرایه‌وه و له به‌شێكیدا رایگه‌یاند: "ئێمه ده‌ستخۆشی له‌و جۆره كۆنفرانسه ده‌كه‌ین، به‌دڵێكی خه‌مناكه‌وه یادی ئه‌نفال‌و كیمیاباران ده‌كه‌ینه‌وه، كه له‌لایه‌ن سه‌دام حسێن به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌ی ئه‌نجامدرا، ئێمه له‌و رۆژه سه‌ختانه‌دا ده‌رگای توركیامان واڵاكرد بۆ بریندارانی كیمیاباران، هه‌میشه له‌و یارمه‌تیه مرۆییه به‌رده‌وام ده‌بین".
هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌و كۆنگره‌یه‌دا فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری ده‌رباره‌ی ئه‌نفال و نمایشێك له‌لایه‌ن خوێندكارانی نه‌وه‌ی قوربانیانی ئه‌نفال و فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری (چیڕۆكی ده‌ربازبو‌وانی پرۆسه‌ی ئه‌نفال) و نمایشێكی مۆسیقی كه‌لتوری ( گروپی تێكه‌ڵاو، كوردی - بیانی ) پێشكه‌شكران.
خه‌ندان – ره‌هێڵ سه‌مه‌د