"ئەحمەد تورک" هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکێ گەل(KCD) و ئەندامی پێشووی پەرلەمان تورکیا رایگەیاند، "پارتی کرێکارانی کوردستان"(PKK) رازی بووه دیلەکانی سوپای تورکیا ئازاد بکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ له بارەگای "پارتی ئاشتی و دیموکراسی"(BDP) له هەولێر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەلایەن شاندی دانوستانکاری کوردانی باکوور و حکومەتی تورکیا که پێکهاتبوون له ئەحمەد تورک، "ئایسەل تۆغلوک" هاوسەرۆکی KCD، گولتەن "کشاناک" هاوسەرۆکی BDP و "ئاڵتان تان" ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەسەر لیستی BDP له ئامەد، سەبارەت به سەردانی ئەم شانده بۆ قەندیل و گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەکانی PKK بەڕێوەچوو.
ئەحمەد تورک رایگەیاند: "عەبدوڵڵا ئۆجەلان" داوای له پارتی کرێکارانی کوردستان کردووه که دیلەکانی تورکیا ئازاد بکات و ئەوانیش رازی بوونه. دوای گەڕانەوەمان، شاندێکی BDP دێت و به هەماهەنگی لەگەڵ پارتی کرێکاران، دیلەکان دەگەڕێنەوه باوەشی بنەماڵەکانیان.
ئەحمەد تورک ئەم هەوڵەی PKKی بەرز نرخاند و راشیگەیاند: دوای دە رۆژ وەڵامی نامەکەی ئۆجەلان دەدرێتەوه که ئاراستەی PKK کراوه.
هاوسەرۆکی KCD هەروەها ئاشکرای کرد که لەم سەردانەدا، چاویان به "موراد قەرەییڵان" فەرماندەی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان، کەوتووه.
ئەم شانده ئەمڕۆ سەردانی هەولێر کردووه بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارته کوردییەکان، دوای ئەوەی له سلێمانی لەگەڵ هەریەک له بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوه.
ئەحمەد تورک جەختیشی کردەوه: دەبێت هەموو لایەنه کوردییەکان جێگیر بوونی ئاشتی خەبات بکەین.
PNA
02/03/2013