فازڵ جاف
رهخنهگرێگی بواری شانۆ لێی پرسیم:
* نمایشه‌كه‌تان چه‌ند ده‌خاێنێت؟
- یه‌ك سه‌عات و چل خولهك.
* سه‌یره! بۆ ئه‌وه‌نده درێژ؟
منیش پێم سه‌یره ڕه‌خنه‌گرێك پێی وابێت نمایشێك سه‌عاتێك و چل خولهك بێت، نمایشێكی دوورودرێژه!
نمایشه‌كه‌یش مه‌به‌ست له نمایشی شانۆنامه‌ی (كۆچبه‌ران)ه، كه هه‌فته‌ی ڕابووردوو، چوار ئێواره له‌سه‌ر یه‌ك له شاری سلێمانی نمایش كرا.
شانۆنامه‌ی كۆچبه‌ران، كه به پۆلۆنی نمایش كرا، له ده‌رهێنانی كه‌ڵه ڕیژیسۆری جیهانی، ڕیژیسۆری سینه‌ما و شانۆ، ئه‌ندرێه ڤایده، له دوو سه‌عات كه‌متری نه‌خایاند.
ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم، كه‌س به ئه‌ندازه‌ی مرۆژێك بایه‌خی به بابه‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران و په‌ناهه‌نده‌یی نه‌داوه، به‌ر له ئه‌و، كه‌س سه‌رتاسه‌ری شانۆنامه‌یه‌كی پڕاوپڕی بۆ ئه‌م كێشه ئینسانییه ته‌رخان نه‌كردووه. شانۆنامهكهیش یه‌كێك له‌و شانۆنامانه‌یه كه به‌تایبه‌تی ئێستا، له زۆر وڵات‌دا نمایش ده‌كرێت.
راسته من لێره و له‌وێ هه‌ندێكم له ده‌قی شانۆنامه‌كه لابردووه. لابردنه‌كه، له‌به‌ر ئه‌وه نییه، شانۆنامه‌كه دوور و درێژه، یان خوانه‌خواسته، نووسه‌رێكی وه‌كو مرۆژێك ئاخافتنی زێده و قسه‌ی به‌لاش ده‌نووسێت، نه‌خێر.
هه‌روه‌ها قرتاندنی تێكسته‌كه بۆ خاترگرتنی بینه‌ر نه‌بووه، به‌و مه‌به‌سته‌ی نه‌بادا بینه‌ر كاتی نه‌بێت و بێزار ببێت، نه‌خێر!
ئه‌وه‌نده‌یه، پێم وابوو، نووسه‌ری شانۆنامه‌كه (سلاڤومیر مرۆژێك) كه له حه‌فتاكاندا ئه‌م شانۆنامه‌یه‌ی نووسیووه، هه‌ندێك كێشه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران ده‌خاته ڕوو، كه له حه‌فتاكاندا، ئێوه بڵێین تا هه‌شتاكانیش، گه‌رماوگه‌رم بوون، به‌ڵام بۆ ئه‌مڕۆ، به حوكمی بارودۆخی سیاسی ئه‌مڕۆی جیهان و به‌پێی گه‌شه‌ی ته‌كنۆلۆژیا، ئاسه‌واریان نه‌ماوه.
به‌وه‌یشه‌وه، به ڕیتمی شیاوه‌وه، ئه‌مجا نمایشه‌كه، سه‌عاتێك و چل خولهك ده‌خایانێت.
له دیمشق، بۆ نموونه، به ده‌ستكارییه و خستنه سه‌ره‌وه، نمایشه‌كه سێ سه‌عاتی خایاندووه. شانۆكاره سورییه‌كان، وه‌كو خوێندوومه‌ته‌وه، شانۆنامه‌كه‌یان بۆ بارودۆخی ئه‌مڕۆی په‌نابه‌ری سووریایی گونجاندووه، واته كێشه‌كانی ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان ترانجاندووهته ناو شانۆنامه‌وه.
له وتارێكدا نووسرابوو، نمایشه‌كه له ژێرزه‌مینێك، له چه‌شنی ئه‌و جێگایه‌ی كه هه‌ردوو كه‌سایه‌تیی ناو شانۆنامه‌كه تێیدا ده‌ژین، سێ سه‌ت جاران له سووریا پێشه‌كه‌ش كراوه.
ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادار بم، هیچ ڕه‌خنه‌گرێكی سووریایی ڕه‌خنه‌ی له درێژیی نمایشه‌كه نه‌گرتووه.
كه باس له بێزاریی بینه‌ر ده‌كه‌م، ده‌مه‌وێ ئاماژه بۆ دیارده‌یه‌ك بكه‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، شانۆكاران خۆیان نه‌ك بینه‌ری ئاسایی، به پله‌ی یه‌كه‌م، هه‌ر زۆر زوو له نمایشی شانۆیی بێزار ده‌بن.
بینه‌ری ئاسایی، كه چێژ له نمایشهێك ده‌بینی، به‌ده‌گمه‌ن هۆش و بیری لای كاته.
به‌ده‌گمه‌ن ده‌پرسێت شانۆنامه‌كه‌ی چه‌ند كات ده‌خاێنێت، ئه‌و به‌زۆری ده‌پرسێت: شانۆییه‌كه باس له چی ده‌كات؟
شانۆكار به‌گشتی، پێشوه‌خت، هه‌ڵوێستێكی نیگه‌تیڤی هه‌یه، ئه‌گه‌ر نمایشه‌كه باش بێت یان خراپ بێت، بۆیه په‌له‌یه‌تی نمایشه‌كه زوو ته‌واو بێت. خۆ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مه‌كه له فیستیڤاڵێكدا نمایش بكرێت، ئه‌وه هه‌ر مه‌پرسه. له فیستیڤاڵه‌كاندا زیاتر دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تیی مێز وخۆانی فیستیڤاڵه‌كه، نه‌ك نمایشه‌كه، جیگه‌ی بایه‌خه! بۆیه له فێستیڤاڵدا نمایشه‌كه چه‌ند كورت بێت، ئه‌وه‌نده به‌لای شانۆكارانه‌وه سه‌ركه‌وتووتره!
به‌داخه‌وه شانۆكار، به به‌راورد له‌گه‌ڵ بینه‌ری ئاساییی كه پێوه‌ندیی به هونه‌ری شانۆوه نییه، به‌ده‌گمه‌ن وه‌كو بینه‌ری بۆ شانۆ ده‌ست ده‌دات.
كێشه‌ی شانۆ له كوردستاندا به پله‌ی یه‌كه‌م كێشه‌ی بینه‌ره!
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی ئاسایی هێشتا نایانه‌وێت ڕوو له شانۆ بكه‌ن.
شانۆكاران خۆیان، نه‌ك خه‌ڵك، بینه‌ری شانۆن.
ئه‌مه‌یش كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه.
له ڕاستیدا شانۆكار ده‌بێت شانۆ بۆ خه‌ڵك به‌رهه‌م بێنێت، نه‌ك بۆ شانۆكار.
چونكه ژماره‌ی شانۆكاران كه‌من، ژماره‌ی خه‌ڵكیش زۆر.
شانۆكارانی ئه‌وروپایی كه‌متر به‌رهه‌می یه‌كتر ده‌بینن، ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌بینێ، خه‌ڵكی ئاسایین. هه‌ر بۆیه بۆ چه‌ند مانگێك یان بۆ چه‌ند ساڵێك نمایش به‌رده‌وامه.
ئێمه‌ی شانۆكاران له كوردستان، تاكو ئێستا شانۆ بۆ شانۆكاران به‌رهه‌م دێنین. هه‌ر ئه‌مه‌یشه كه وای له شانۆ كردووه، بۆ خه‌ڵك نه‌بێت به پێوێستی.
ئایا پێویست ده‌كات شانۆنامه‌یه‌ك پاش چه‌ند مانگێك پرۆڤه و مه‌شق و ڕاهێنان ته‌نیا چه‌ند جارێك نمایش بكرێت، ئه‌ویش بێ به‌رانبه‌ر، یان هه‌ندێك جار به نرخێكی زۆر كه‌م.
ئه‌گه‌ر خه‌ڵك هه‌ست بكات شانۆ پێویسته، ئه‌گه‌ر خواستیان بێت بڕۆن بۆ شانۆ، نمایشێك له‌بری ئه‌وه‌ی چه‌ند ئێواره‌یه‌ك، به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ شانۆكاران خۆیان نمایش بكرێت، ئه‌وده‌م وه‌كو له ئه‌وروپادا باوه، چه‌ند مانگێك، بگره چه‌ند ساڵێك نمایش ده‌كرێت.
شانۆكار له‌لای ئێمه به‌گشتی، كه ده‌چێت بۆ بینینی نمایشێك، ده‌یه‌وێت نمایشه‌كه كورت بێت، ده‌یه‌وێت هاملێت و شالیری شه‌كسپیر، و شانۆنامهكانی مۆلێیر و ئیبسنی له یه‌ك سه‌عاتدا بۆ كورت بكرێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی گوێ به‌و ڕاستییه بدات، كه ئه‌و جۆره كورتكردنه‌وه‌یه به‌های ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی شانۆنامه‌كه ده‌كوژێت..
له كاتێكدا كه شانۆكار وه‌كو خوێنه‌ر، شالیری شه‌كسپیر ده‌خوێنێته‌وه، ده‌زانی كه به كه‌متر له سێ بۆ چوار سه‌عات، ناتوانێت ته‌واوی بكات. تۆ بڵێیت شه‌كسپیر زیادی نووسیبێت؟ تۆ بڵێیت له ته‌كنیك و هونه‌ری نووسینی شانۆنامه‌دا ئه‌م له شه‌كسپیر و مۆلێیر و ئیبسن و چیخۆڤ زیره‌كتر و وهستاتربێت؟
19/2/2016