مستەفا شێخە
سیاسەت بۆ ئەوە نابێت لێیبترسی. هەر ئەوەندەی زەحمەتە بکەویە ناوی. هەر کە پێت نایە ناو دونیای سیاسەتەوە، خۆت وەک مەلەوانی شارەزا دەکەویە مەلەکردن و نوقم بوونت وەزەحمەت دەکەوێت. ئەگەر باوەڕ بە ئەم قسەیەم ناکەن، سوکە ئاوڕێک بدەنەوە سەر رێبەرانی حیزب و دەستەڵاتەکانی خۆمان. لەو کاتەوە پێیان ناوەتە ناو دونیای سیاسەتەوە، بەردەوام سەرۆک و رێبەرن. ئەوەیان بێ ئەملاوئەولا ئەم بۆچوونەم دەسەلمێنێت کە نابێ لە سیاسەت بترسی.
ئەم سیاسەتە یان کەسی خیبرە و لێهاتووی ناوێت، یان ئەگەر بشیهەوێت، بەخۆشیەوە ئێمە لە دووکاندار و شۆفیر تاکسی و پزیشك و فەڕاشی ئیدارەکانەوە بگرە تا دەگاتە ئەندامانی رێبەرایەتییەکانمان شوکر بۆخوا وەکو یەک شارەزا و مەلەوانی ئەم گۆمەین.
بە خۆشیەوە ئێستا لەم وڵاتەی ئێمەدا کەم کەس هەیە نەخوێندەوار بێت و هەر کامەمان لە قەدەر خۆمانەوە کۆلکە خوێندەواریەکمان هەیە و ئەگەر هیممەت بکەین و هەر دووک پێیەکانمان لە بەڕەی خۆمان زیاتر رابکێشین، ئەوە بێ سێ و دوو لێکردن دەبین بە سیاسەتمەدار.
هیچ پێویست ناکات وەک سەرۆکی فڵانە رێکخراوی سیاسی یان فیسارە حیزب، قەڵەمێک بخەینە نێوان لاپەڕەی نازانم سەد و بیست و چەندی یەکێک لەو کتێبانە کە زانستیانە باسی سیاسەت دەکەن و بە مەبەستی فیز لێدان لای میوانەکانمان، کتێبەکە لەسەر مێزەکەی بەردەممان دابنێین و بە هەفتە و مانگیش لە بیرمان نەبێت قەڵەمەکە لە لاپەڕەی سەد و بیست و چەندەوە بۆ چەند لاپەڕەیەک ئەولاتر بگوازینەوە. کەس نیە بەو بەڕێزە بڵێت: ماڵ ئاوەدان ئەم قەڵەمە بەستەزمانەت بۆ لەوێ داکوتاوە؟ ئاخر ئەو ماڵوێرانە ملی هێس بوو ئەوەندەی لە ئەم دووسێ پاراگرافەی ئەمبەرئەوبەری خۆی بڕوانێت!
ئەم سەردەمە کە سەردەمی خوێندەواری و ئینترنێت و ئەم بەزم و رەزمەیە، کوا مرۆڤ لە سیاسەتدا دەمێنێتەوە؟ تەنیا چەند وشەیەک لەبەر بکەی کە بە “یزم” کۆتاییان دێت، کارت تەواوە و لە سیاسەتوانیدا لەخۆ بوویەتەوە. چەند دانەیەک لەم وشانە لێرەدا دەخەمە بەرچاو، بەڵام قسەی خۆمان بێت و هیوادارم لێم لەهەڵلا نەدەن، خۆیشم مانای هێندەکیان نازانم. ئەگەر پێتان باش بێت یان لە ناو کتێبی وشەدانی زاراوە سیاسییەکان و یان لە سەر ئەم ئینترنێتە زاربەهاوارەدا “سێرچ”ی ماناکانیان دەکەین. ئێوەش دەتوانن وەک من هێندێک لەم وشانە لەبەر بکەن و بە تەپڵی سەری خەڵکیان دابدەن. هیچ باکیشتان بەوە نەبێت زمانە هینەکەمان پڕ دەبێت لە وشەی بێگانە.
ئەمپڕیالیزم، کاپیتالیزم، رۆزیۆنیزم، ناسیۆنالیزم، نازیزم، کۆمۆنیزم، پان ئیرانیزم، کڵۆنیالیزم، پلۆرالیزم، کەمالیزم و شوڤێنیزم و دەیان “یزم”ی دیکە بەدوای یەکتریدا ریز بکەن و وەک من گوپتان فوو دەن و خۆ بەسەر کەسانی دەوروبەرتاندا بابدەن. نزیکەی هەموو کەس باوەڕ دەکەن کە سیاسەتمەدارن.
پێم خۆش بوو وشەی “بایکۆت”یش لەگەڵ ئەم کۆمەڵە وشەیە بوایە، بەڵام داخی گرانم، چەندی کردم شەرمم کرد ئەم “یزم’ەی پێوە بلکێنم. ئەوەندەی کتێبەکەی “زاراوەسازیی پێوانەی” ماموستا مەسعوود محەممەدیشم پەڕاوپەڕ کرد، ئەویش ئیزنی نەدا ئەم ئیزمە بلکێنمە کۆتایی “بایکۆت”ەوە.
سەرەڕای هەموو ئەوانەی باسم کردن، “بایکۆت” خەو و خۆراکی لێهەڵگرتووم، ئەم سەروبەندە رۆژ نەبوو لە لاپەڕەی رۆژنامەکان و لەسەر “پەیج”ی موبارەکی ماڵپەڕەکاندا چاوم پێی نەکەوێت و لە رادیۆ و تەلەفزیۆنەکانەوە نەیبیسم. کاتی خەوتنیش ئەم بایکۆتە خەونەکانم دەبات. ئەوەندەم بیر لێ کردووەتەوە، بوومە بە سیاسەتمەدار. ئێستا دەتوانم وەک میوانانی مێزگردە سیاسییەکانی تەلەفزیۆنەکانی خۆمان، چەند کاتژمێر سەبارەت بە وشەی بایکۆت بدوێم و ئامادەشم دەیان پەیوەندیی تەلەفۆنی هەر لەم بوارەدا وەڵام بدەمەوە. من ئەوەندە لەگەڵ ئەم بایکۆتەدا راهاتووم، پێمخۆشە لە نەک کۆلێژەکانی زمان تەنانەت لە کۆلێژی زانستە سیاسیەکانیشدا، بەشێک بەناوی زمانی بایکۆت بکرێتەوە.
بایکۆت، لای خۆمان و لای ئەمریکای زلدەستەڵاتداری جیهان کە جاران پێمان دەگوت سەرۆکی ئەمپڕیالیزمی جیهانی، مانای هاوبەش و دەرئەنجامی هاوبەشیشی هەیە. ئەگەرچی کەڵک وەرگرتن لە بایکۆت لای سەرۆکی جارانی ئەمپڕیالیزم و ئێمە جیاوازە بەڵام ئاراستەکەی بەرەو شوێنێکی هاوبەشە و دەرئەنجامی هاوبەشیشی لێکەوتووەتەوە.
سەرۆکی ئەمپڕیالیزمی جیهانیی جاران و هاندەری گەشەکردنی دیموکراسیی ئێستا، لەم دواییانەدا بە مەبەستی وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئێرانی لە بواری چەک و چۆڵ و ئابووری و سیاسییەوە بایکۆت کرد. ئێمەش ئەم ساڵ یەک دەنگ و بەیەکەوە ئەو هەڵبژاردنانەی ئێرانمان بایکۆت کرد. ئەم بایکۆتە لەگەڵ بایکۆتی قەدیمدا جیاوازیەکی زۆری هەبوو. بایکۆتی قەدیم بەم شێوەیە بوو کە سەرۆکی ئەمپڕیالیزمی جیهانیی قەدیم شێخ مەحموودەکەی بەردەقارەمان و کۆمارەکەی مەهاباد و شۆڕشەکەی ئەیلوولی بایکۆت دەکرد و ئێمەش لە داخان وێڕای رابەری کرێکارانی جیهان لە ئاست وشەی “ئیستالینیزم”دا گوێچکەی خۆمان دەئاخنی و بە هەموومان ئەمپڕیالیزمی ئەو کاتمان بایکۆت دەکرد. بایکۆتی ئەوکات بایکۆتی کۆن بوو، هەر بۆیەش وەک خزمانی باشووری کوردستان دەڵێن فەشەلی هینا، بەڵام ئەم بایکۆتەی ئەمجارەمان هاوبەشە و فەشەل و مەشەل باشاری ناکات.
لەم بایکۆتەی ئێستاماندا دەکرێ چەند خاڵی بەرچاو باسیان لێوەبکرێت:
یەکەم: ئێمە و گەورەهێزی جیهان دژ بە یەک دەستەڵات و هاودەنگ کەڵک لە کردەی بایکۆت وەردەگرین.
دووهەم: لایەنگرانی ئەمریکا لە جیهاندا بەشێکیان بایکۆتەکەی ئەمریکا دەخەنە پشت گوێ و هەم نەوت لە ئێران دەکڕن، هەم کاری بانکەکانی بۆ رادەپەڕێنن و هەم درێژە بە پێوەندییە بازرگانیەکانیشیان دەدەن. لایەنگرانی ئێمەش لە ناوخۆی وڵاتدا وەک لایەنگرانی ئەمریکا جوابمان نادەنەوە و دەڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بایکۆتەکەمان باریک دەکەنەوە. ئەم بایکۆتە هەژارەی خۆمان سەرەڕای ئەم هەموو مێزگرد و حەلەم قەلەمە، وەک داوەدەزوو خەریکە بە دەرزییەوە دەچێت.
سێهەم: ئەمریکا بایکۆتی پێ لە هێرشی سەربازی چاکترە و ئێمەش بایکۆتمان پێ لە شەڕی چەکداری باشترە.
چوارەم: ئەمریکا، لە تەنیشت بایکۆتدا بۆ هەمیشە بژاردەی هێرشی چەکداری وەلا نەناوە و ئێمەش وەک ئەمریکا هێزی چەکدارمان بۆ رۆژی تەنگانە لە دراوسێیەتی بایکۆتدا راگرتووە.
ئەم بایکۆتە سێ دەرئەنجامی جیاوازی بۆ ئێمە لێدەکەویتەوە:
دەرئەنجامی تاڵی بایکۆت: بایکۆتی ئێمە و ئەمریکا وای کردووە زلهێزێک لە ناوچەکەدا دروست بێت.
دەرئەنجامی مێوخۆشی بایکۆت: بەهێز بوونی ئێران رەنگە ئێمە و ئەمریکا لە یەکتر نزیک بکاتەوە.
دەرئەنجامی شیرینی بایکۆت: ئەم بایکۆتە مەودای قسە کردن و لێدوانمان درێژ دەکاتەوە و بازاڕی رۆژنامە و تەلەفزیۆنەکانمان گەرم دەکات.