كتێبی (Kurdistan: itsenäisyyden kynnyksellä- كوردستان لە دەروازەی سەربەخۆییدا) لە نووسینی ژنە نووسەری فینلەندی كریستینا كۆیڤونێن و بەهاوكاری وڵات نەهری لەلایەن وەشانخانەی ئێدیتا (Edita) بڵاوكرایەوە. كتێبی "كوردستان لە دەروازەی سەربەخۆییدا" یەكەم پەرتووكی فینلاندی زمانە كە مێژووی سیاسی - كۆمەڵایەتی كوردی لەخۆگرتبێت. كتێبەكە وا پێناسەی كوردی كردووە كە "یەكێكن لەنەتەوە رەسەنەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەزاران ساڵە لە كوردستان دەژین. بە درێژایی مێژوو، نەتەوەی كورد بووەتە قوربانیی شەڕ و داگیركاری و پەیمانی زلهێزەكان. پرسی كورد لەدوای كۆتایی شەڕی یەكەمی جیهانی و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە چارەسەرنەكراوی مایەوە. ئەمڕۆ قۆناغی شەڕی ساردی دوای جەنگی دووەمی جیهانی بەسەرچووە و كاتی دەستبردن بۆ چارەسەركردنی پرسە بەجێماوەكان هاتووە كە كێشەی كورد یەكێكە لە گرنگترین ئەو كێشانە". بەشێكی دیكەی كێتبەكە باسی راپەڕینی گەلی كورد دەكات لەدوای شەڕی دووەمی كەنداو، هەروەها باسی "بەهاری عەرەبی" و گەشەسەندنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كاریگەرییان لەسەر پێكەوە بەستنەوەی بەشەكانی كوردستان دەكات. پرسی كورد كلیلی چارەسەری كێشە سیاسییەكانی وڵاتانی توركیا، ئێران، عێراق و سووریا و دەروازەی گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری ئەو وڵاتانەیە. كورد كێن؟ مەبەست لە پرسی كورد چییە؟ كورد و فینلاندییەكان چ شتێكی هاوبەش و جیاوازیان هەیە؟ بۆچی چوارەمین نەتەوەی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیتوانیوە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی دابمەزرێنێ؟ ئاخۆ لە دوارۆژدا دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دادەمەزرێ؟ ئەو پرسانە و چەند پرسێكی دیكە لە كتێبی "كوردستان لە دەروازەی سەربەخۆییدا" باسكراون. كتێبەكە هەروەها مێژوو و كولتووری كوردی لە روانگەیەكی كوردی - ئەوروپیەوە دەخاتە بەر باس و وەڵامی گەلێك پرسیار لەو پێوەندییەدا دەداتەوە. كتێبی "كوردستان لە دەروازەی سەربەخۆییدا" لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە شاری هێلسینكی پایتەخت نمایش كرا كە لە رۆژانی 24 تا 27/10/2013 لە سەنتەری پێشانگای نێودەوڵەتی لە هێلسینكی بەڕێوەچوو. كۆڕی ناساندنی كتێبەكەش رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە بەشداری دانەری كتێبەكە لەو پێشانگایەدا بەڕێوەچوو. كریستینا كۆیڤونێن (Kristiina Koivunen) لێكۆڵەر و كوردناسێكی فینلاندییە كە نزیكەی 20 ساڵە نووسین و لێكۆڵینەوە لەبارەی پرسی كورد بڵاودەكاتەوە. كۆیڤونێن چەند ساڵێك لە باشووری كوردستان مامۆستا بووە و لە زانكۆی سلێمانی وانەی گوتووەتەوە و یەكێك بووە لە دەستپێشخەرانی دامەزراندنی ناوەندی لێكۆڵینەوە لەسەر جینۆساید لە كوردستان. یەكەم بەرهەمی كۆیڤونێن "جەنگی شاراوە لە باكووری كوردستان" كە تێزی دكتۆراكەی بوو، لە ساڵی 2002دا و كتێبی "كورد- نەتەوەیەكی جینۆسایدكراو، ساڵی 2013"بەرهەمێكی دیكەی ئەو نووسەرە فینلەندییەیە. ناوبراو دەیان وتار و بابەتی رۆژنامەوانی لەبارەی كورد نووسیوە، بەرهەمەكانی دیكەی كۆیڤونێن بریتین لە "چای لە كوردستان، 2001"، "رێنوێنی جیهانگەران بۆ رۆژهەڵاتی توركیا، 2006"، "سەرهەڵدانی كورد لە وان، 2007"، هەروەها "دیداری هونەرمەند لە ناوچەی شەڕدا 2009". كریستینا كۆیڤونێن جیا لە كاری لێكۆڵینەوە، چالاكێكی دڵسۆزی مافە نەتەوەییەكانی گەلی كوردە و كەم بۆنە و چالاكی كورد لە فینلاند هەیە كە كۆیڤونێن بەشداری تێدا نەكات و زانیاری لەبارەی رەوشی ئێستای كوردستان نەدات. وڵات نەهری كە یارمەتی كریستینای داوە لە دوا بەرهەمیدا و ناوی هەردووكیان لەسەر پەرتووكەكەیە، چالاكڤانی مەدەنی و رۆژنامەنووسە، نەهری لەدایكبووی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە نەوەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهرییە.
1/11/2013