رێناس جاف
ماڵێک له ته‌نیشت خۆته‌وه بۆ سه‌ردانی یاران دانێ
بۆ ناموراد" ئه‌نوه‌ری هوژه‌بری"
ڕێناس جاف
سه‌فه‌ر،دابڕان سه‌خته بۆ یاران
له تارانه‌وه تا به مه‌ریوان
یاران! وا "ئه‌نوه‌ر" هاته‌وه لاتان
کوڕه کورده‌که‌ی محاڵی خۆتان
مه‌ده‌ن ئازاری ،خه‌سته‌ی زه‌مه‌نه
هه‌ڵات له ده‌ستی چی ئه‌هریمه‌نه
بنوو براده‌ر! کاتی وچانه
ئێمه‌ت به‌جێهێشت بۆم(بۆ ئه‌م )ژینه‌ژانه
****
هۆ کوڕه ڕۆح سووکه مه‌ریوانییه‌که
هه‌ر له‌ته‌نیشت خۆته‌وه
ماڵێک دانێ بۆ سه‌ردانی دۆست و یاران،
بۆ غوربه‌تی هه‌موو وه‌رزێکی پایزان.
ئه‌نوه‌ر! تۆ پایزت بۆیه بۆ کۆچ ده‌س نیشان کرد
چوونکه پایز ،وه‌رزی کۆچه بۆ شاعیران،
هه‌ر بۆ پۆل ،پۆل مه‌لی شه‌یدای عاشقه‌ژیان.
پایز ،ئیتر له ده‌فته‌ری تۆدا ئه‌نوه‌ر!
ته‌نیا وه‌رزی هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵای داران
نییه براده‌ر.
ئێستێ ئه‌نوه‌ر!
تۆ و پایز و "زرێبار"ی ک‌ش و ماتی ئه‌م ڕۆژانه
ده‌ست له‌ملانن،
سه‌د داخ هاوڕێ بۆ ئه‌م کۆچه جه‌رگبڕه‌ت!
ئێستێ هاوڕێ ،ماته‌مگێڕت
نه یه‌که ،نه دووان
سه‌دان دڵی شه‌یدای وه‌ک خۆت
له‌بۆت برا ،دێته گریان.
تۆ یادێکت له دڵا نه‌خشاند
نه‌خشینه وه‌ک باڵای ژیان؛
بۆیه هاوڕێ، پایزیش بێت
یادت برا بۆ هه‌میشه له ناخمانا
سه‌وزه هه‌ر وه‌ک سرووشته‌که‌ی به‌هاری گیان
وه‌ک سه‌وزایی دیمه‌نه‌که‌ی به‌هارانی
زرێبار و گشت کوردستان.
20ی ڕه‌زبه‌ری 2713
دۆستایه‌تی و ڕه‌فاقه‌تی ڕۆژانی تارانیی نێوان "ئه‌نوه‌ر" و من ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌شتاکانی هه‌تاوی (2000)به‌ملاوه. هه‌ر له یه‌که‌مین ساته‌وه‌خته‌کانی ئاشنابوون به‌و کوڕه ڕۆح سووکه مه‌ریوانییه‌وه حه‌ز و شۆق و خۆشه‌ویستیی بۆ زمان و تۆره‌ی زه‌نگینی کوردی له ناخیدا به‌رده‌وام له شه‌پۆلاندا بوو. پتر له 10 ساڵ ئاشنایه‌تی و دۆستایه‌تی ئه‌وه‌ی لا سه‌لماندم که "ئه‌نوه‌ر" هه‌تاچه‌نده په‌رۆشی زمانه‌که‌یه‌تی و تاچه‌نده ده‌یه‌وێ شان به‌شانی زمانه زیندووه‌کانی جیهان ،زمانی نه‌ته‌وه پارچه پارچه‌کراوه‌که‌شی پێش بکه‌وێ. ئه‌مه‌ی به کرده و ڕه‌وتار ده‌سه‌لماند. خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ی بۆ هه‌موو پرسێکی هاوپه‌یوه‌ند به کورد ،ئه‌و بوێریی و ئازایه‌تییه‌ی پێ به‌خشیبوو که سووک و سانا قسه‌ی دڵی ،بێنێته سه‌ر زمان و سڵ له هیچ شتێک نه‌کات. وه‌کی من ئاگادار بم" ئه‌نوه‌ر" پێش ئه‌وه‌ی پێی به دونیای ڕاگه‌یاندن و کاری ناو میدیا بکرێته‌وه، ڕۆژانێکی هه‌ره‌سه‌خڵه‌تی وه‌پشت سه‌ر نابوو. به‌سه‌د داخ و مخابنه‌وه ئه‌وه‌ی ئه‌هلی هونه‌ر و ڕووناکبیرییه له‌م سه‌رده‌مه‌دا گه‌ره‌ک بۆ پارووه نانێک هه‌موو ژان و ئازارێک بچێژێ. ڕۆژانی کورتی کارکردنی "ئه‌نوه‌ر" له ناو به‌ناو "ناوه‌ندی چاندیی کورد له تاران" یان هه‌مان "ئه‌نیستیتۆتی کورد له تاران" گۆشه‌یه‌ک له‌و ڕۆژگار‌تاڵییه‌مان لا ده‌رده‌خات. ئه‌و جۆره ناوه‌ندانه‌ی له نێو که‌ش و هه‌وای ڕژێمی ئیسلامیی دا که‌م نین و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر وه‌ک پێویست بایه‌خ به زمان و پانتایی ڕۆشنبیریی کوردیی ناده‌ن ،زۆر جار ده‌یان مرۆی دڵسۆز و گه‌لپه‌روه‌ر بۆ مرازی خۆ ده‌کار دێنن .دواتر هه‌ر له ڕێی هه‌مان پردی په‌یوه‌ندیی براده‌رانه‌وه، "ئه‌نوه‌ر" ڕێی ده‌که‌وێته ناو ده‌زگه‌ی ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن. به‌ڵام دونیای بیرکردنه‌وه و هزرینی "ئه‌نوه‌ر" و ئه‌وان دوو جیهانی جیاواز ده‌بێت. هه‌ر بۆیه زۆر زوو "ئه‌نوه‌ر" په‌راوێز ده‌خرێت . ئیتر لێره به‌دواوه به‌شێکیتری ڕۆژانی تژی مه‌ینه‌ت و ژینه‌ژانی "ئه‌نوه‌ر" ده‌ست پێده‌کاته‌وه و بۆ تێپه‌ڕاندنی ژین، ڕوو له چه‌ندین جۆره کاری نابه‌دڵ ده‌کات.هه‌رکه گۆڕان له‌ناو ئه‌و به‌شه‌ی "ئه‌نوه‌ر" کاری تێدا ده‌کات،ڕوو ده‌دات ،ئه‌مجار "ئه‌نوه‌ر" به‌هیوای ڕۆژانێکی گه‌شتر، به‌ده‌ست و بردتر له جاران دێته‌وه ناو مه‌یدان و هه‌موو توانای خۆی ده‌خاته‌وه گه‌ڕ و هه‌موو کارێکی ناو ڕاگه‌یاندن ڕاده‌په‌ڕێنێ. لێ ئه‌و ڕۆژه خۆشانه‌یش میناک با و برووسکه زۆر زوو تێده‌په‌ڕن و دیسانه‌وه "ئه‌نوه‌ر" تووشی زه‌حمه‌ت و چه‌رمه‌سه‌ریی ڕۆژگار ده‌بێته‌وه و بۆ ئه‌مجاره‌یان دۆسییه و په‌روه‌نده‌ی بۆ دروست ده‌کرێ و ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌ک له کاره‌که‌ی دوور ده‌خرێته‌وه .به‌داخه‌وه ئه‌وه خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هه‌ره خراپی نێو ئێمه‌ی کورده که به‌رامبه‌ر یه‌کدی زۆر بێ به‌زه‌یین و هه‌ر به‌ده‌ستی خۆ ،خۆمان تووشی هه‌زار جۆره ئارێشه و گرفت و مه‌ینه‌ت ده‌که‌ین. له‌پێناو چیدا؟! ئیتر سه‌ری سه‌ودایی "ئه‌نوه‌ر" له شوێنێک ناگیرسێته‌وه و به‌دوای بینینه‌وه‌ی هه‌لی کاردا ڕوو له هه‌رێمی کوردستان ده‌کات که‌چی له‌وێش ئاوات و حه‌زه‌که‌ی نایه‌ته دی و فره‌ی پێ ناچێ ده‌گه‌ڕێته‌وه و ژین به‌رده‌وام ده‌کات . "ئه‌نوه‌ر " دواتر به‌هۆی که‌سێکی ڕۆح سووکه‌وه پێی به ڕادیۆ کوردیی تاران ده‌کرێته‌وه و وه‌ک هه‌ڵه‌چن و وه‌رگێڕ ده‌که‌وێته کار و چالاکی و توانای خۆی ده‌رده‌خات. ئه‌م هاریکاریکردنه به شێوه‌ی نیوه‌چڵ و نافه‌رمیی هه‌تا دوای ده‌می ژین هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت . پتر له ده ساڵ کارکردن له‌ناو میدیا و ڕاگه‌یاندندا هیچ حه‌ق و مافێکی فه‌رمیی به "ئه‌نوه‌ر" نا‌به‌خشێ و قه‌ت قۆناخێک له دامه‌زراندن به شێوه‌ی فه‌رمی نزیک ناکه‌وێته‌وه. جێی داخ و که‌سه‌ره هۆکاری به‌شێکی ئه‌م کێشه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خۆمان و ئه‌و کۆسپانه‌ی بۆ خۆ ده‌یخه‌ینه سه‌ر ڕێی خۆمان هه‌تا گوایه خۆ لای ناکه‌سان و نامۆیان شیرین و به کوڕی چاک بناسێنین که‌چی هه‌رکه ئیش و کاریان پێمان نه‌ما، به خراپترین شێواز مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن . ئه‌م ئه‌زموونه تاڵه ساڵگارانێکی دوور و درێژه لای ئێمه تا دێت هه‌ر دووپات ده‌بێته‌وه. ئه‌مه ڕه‌هه‌ند و لایه‌نێکی ژیان و که‌سایه‌تی "ئه‌نوه‌ر"ی ناموراد بوو. به‌ڵام "ئه‌نوه‌ر" له هه‌مبه‌ر ئه‌و هه‌موو ژانه‌ژینه‌دا قه‌ک چۆک نادات و ئه‌مجاره‌یان ده‌روو و ده‌لاقه‌یه‌کیتر به ڕووی خۆیدا ده‌کاته‌وه و وه‌کی خۆی ده‌ڵێ:"حه‌قیقه‌تێک له خۆی نه‌گرتم په‌نام بردۆته به‌ر مه‌جاز" و هه‌ر له هه‌مان پێناودا بلاگێک بۆ خۆی داده‌نێ و په‌رۆشه‌کانی خۆی تێدا ده‌نووسێته‌وه. "ماڵێک له ته‌نیشت خۆته‌وه"، ئه‌نوه‌ر ده‌باته ناو دونیایه‌کی تر و پتر ئاشنای دونیای ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌لکترۆنیی کوردیی ده‌کات. "ئه‌نوه‌ر" له بلاگه‌که‌یدا هه‌وێنی ناخی خۆی ده‌خاته به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ری کورد و هه‌ر جاره و له‌سه‌ر بابه‌تێکی ئه‌ده‌بیی یان میدیایی شت بڵاو ده‌کاته‌وه. ئه‌نوه‌ر دواتر ده‌بێته ناو و سیمایه‌کی ئاشنای نێو ئه‌ده‌بی کوردیی-فارسی و له ڕێی وه‌رگێڕانی شێعری فارسی بۆ کوردیی و کوردیی بۆ فارسییه‌وه ڕۆچنه‌یه‌کی تر به‌ره‌و ڕووی خۆی ده‌کاته‌وه و هه‌ر به‌مه‌یش قۆناخێکی تری ژیانی ده‌ست پێده‌کات. ئه‌نوه‌ر به ئه‌ندامبوون له ماڵپه‌ڕی "ئه‌ده‌بیاتی پێشڕه‌و" یان ئه‌ڤانگاردی ئێران‌دا خزمه‌تێکی شایانی هه‌ردووک ئه‌ده‌به‌که ده‌کات . ئه‌نوه‌ری ناموراد هه‌ر وه‌ک زۆرێ له هاوڕێیانی تاران نشینی به‌و ساڵانه ماڵه گچکه‌که‌ی له‌به‌ر ڕه‌وشی گران و زه‌حمه‌تی ناو گه‌وره‌شارێکی میناک "تاران" به‌رده‌وام له‌ملا بۆ ئه‌ولا ده‌گوێزێته‌وه و دواجار له "که‌ره‌ج"دا ده‌گیرسێته‌وه و جه‌خار ،جه‌خار به‌یانی ڕۆژێکی ئه‌م پایزه له ناو غوربه‌تی دڵ و ماڵدا په‌ڕی ژینی به‌ده‌م کزه‌بای ڕه‌زبه‌ره‌وه هه‌ڵده‌وه‌رێ و زۆر غه‌ریبانه ماڵئاوایی له ژیان ده‌کات. بۆ وتن ده‌شێ "ئه‌نوه‌ری هوژه‌بری"،میدیاکار، شاعیر و ڕووناکبیر ساڵی 1353ی هه‌تاوی (1975) له گوندی "کانی میران" ی سه‌ر به مه‌ریوان له‌دایک ده‌بێت. بۆ خۆی بۆمی ده‌گێڕایه‌وه که هه‌ر به‌مناڵی شه‌یدای زمانی کوردی بووه و ده‌یان جار له‌به‌ر زیره‌کیی بۆ له‌به‌رکردنی شێعری شاعیرانی کورد که‌وتۆته به‌ر ده‌ستخۆشانه و ئافه‌رمی باوکی. ئه‌نوه‌ر تا به‌و ڕۆژانه‌ی له‌ناو مه‌ریواندا ده‌بێت،وه‌ک که‌سێکی هه‌ره‌چالاکی بواری ڕۆشنبیری ده‌ور ده‌بینێ و له ناو ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری چه‌ندین ناوه‌ندی چاندیی و ڕووناکبیرییدا چالاکانه کار ده‌کات. دواتر که ڕوو ده‌کاته تاران،هه‌مان گڕ و شۆقی کاری چاندیی و ڕووناک‌بیری تێیدا زێتر بڵێسه ده‌ستێنێ و ده‌که‌وێته هاریکاریکردنی چه‌ندین گرووپ و لایه‌ن و گۆڤاری خوێندکاریی و ڕۆشنبیریی و بابه‌ت و نووسینه‌کانی بڵاو ده‌کاته‌وه. سه‌ره‌نجام ئه‌نوه‌ری ناموراد ڕۆژی 20ی ڕه‌زبه‌ری 2713( 12ی ئۆکتۆبه‌ری 2013 ) له ماڵه هه‌ژارانه‌که‌ی له "که‌ره‌ج"دا به جه‌ڵته‌ی دڵ په‌ڕی عومری هه‌ڵده‌وه‌رێ و پاشان ته‌رمه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه مه‌ریوان و له ئاوایی "سێفی ژووروو" له نزیک مه‌ریوان به خاکی دایک ده‌سپێردرێ. یادی یاران بۆ هه‌میشه له سه‌ر ڕووپه‌ڕی گیان نه‌خشه.
پایزی 2713