رەزا شوان
لەگەڵ بوونی مرۆڤ لەسەر زەویدا .. لەگەڵ پێکهێنانی شیرازەی خێزانی و بنیاتنانی ماڵدا .. منداڵانیش بوونیان هەبووە و لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ ، منداڵان زۆرینەی هەموو گەلان پێکدەهێنن .. بە رێژەی لە سەدا چلی هەموو دانیشتوانی جیهانن .
لەگەڵ داهێنانی زمان و توانای دەربڕین و گوزارشتکردن لە زادەی بیر و هۆش و ئەندێەشە و لە سۆز و خرۆشی ناخی دەروون بە وشە و بە رستە .. لەگەڵ لە یەکتری گەیشتن و پەیوەندی و پێکەوە ژیاندا .. لەگەڵ پێکهێنانی کۆمەڵگا و بنیاتنانی شارستانی و داهێنان و پێشکەوتن و گەشەکردن لە هەمووبوارەکانی ژیاندا .. ئەدەب و هونەریش سەریان هەڵدا و ، چەندین لق و پۆپیان لێ بوونەوە .. لەوانەش ئەدەبی منداڵان هاتە کایەوە، ئەگەرچی ئەدەبی منداڵان ئەدەبێکی ـ نەنووسراو و تۆمارنەکراوبووە، بەڵام نەوە لە دوای نەوە دەماودەم ( بە زاری) بۆ یەکتریان گێڕاونەتەوە ، بە تایبەتیش لە شەوانی درێژی زستاندا لە شەوارە و لە دانیشتنەکانی گوێی ئاگرداندا .. لەگەڵخواردنی شەوچەرەدا، باپیرە یا داپیرە گیان، بە تام و چێژەوە چیرۆک و مەتەڵ و ئەفسانە و داستانیان بۆ گوێگرەکانیان گێڕاونەتەوە.
دایکانی میهرەبان و دڵسۆزیش لەگەڵ راژەنینی لانک و بێشکدا، بۆ ژیرکردنەوە و خافڵاندن و خەوبردنەوەی جگەرگۆشەکانیان ، بە دەنگی خۆش و ناسک بەسۆزیان ، لای لایە و گورگانە شەوێ و گۆرانی و بەستەیان بۆ وتوون .. یا بەر لە نووستن ، چیرۆکی خەیاڵئامێز و ئەفسانە و داستانیان بۆ منداڵە چاوگەشەکانیان گێڕاوەنەتەوە .. کە پاڵەوان و کارئەکتەرەکانی ئەم چیرۆکانە ، بە زۆری ( ئاژەڵ و باڵندە ) یا (شتیبەرجەستەی گەردوون) یا شتی ئەفسانەیی بوون ، وەک: خێو و دێودرنج ،ئەرژەنگ، سیمرخ ، ئەژدیها ، حەزیای حەوت سەر ، ئەسپی باڵدار ، پیرێژنی جادووکەر ، بووکیدەریا ، چەرخوفەلەکی ئەفسووناوی ، پاڵەوانی بازیبەند لە قۆڵ ، گۆڕنەتەڵە ، چەتەوڵ ، گەشتی حەوت ساڵەی مان و نەمان بۆ هێنانی ئاوی ژیان ، پاڵەوانی سەرکێشی لە توانابەدەر ، فریشتەی تەنگانە ، ...هتد. هەموو ئەم مەتەڵ و چیرۆکە ئەفسانەییانە و ئەم داستانانە ، بەشێکی رەسەنن لە کەلەپووری دێرینی گەلان و .. بەشێکی گرنگیشن لە ئەندەبی منداڵان و ، لە ئەدەبی گەورەکانیشدا .
ئەدەبی منداڵان بەو شێوە سەرەتاییە دێرینە ناوبراوەی ، رەگ و ریشە و بوونی لە فۆلکلۆر و لە کەلەپووری زۆربەی گەلانی جیهاندا هەیە .. چەندین بەڵگەی مێژوویی و پاشماوەی دێرینی بەجێماو ، ئەم راستییە دەسەلمێنن .
لە راستیشدا ، هەندێ سەرچاوە و کتێبی مێژوویی کۆن هەن ، کە باسیان لە ئەدەبی منداڵان ، لە سەردەمەکانی کۆندا کردووە ، بەڵام بە شێوەیەکی ساکار ئاماژەیان بە هەندێ چیرۆک کردووە ، کە لە ناو گەلاندا باوبووە .. هەموو ئەم چیرۆکانەش پشتیان بە داب و نەریت و بە بەهاکانی کۆمەڵ و بە ئایین پەروەری بەستووە .. پاڵەوانی زۆربەی چیرۆکەکانیش ئاژەڵ و باڵندەن یا شتی خەیاڵی و ئەفسانەیین ، بە زۆریش گوزارشت لە هێز و ئازایەتی و بەرگری و سەرکەوتنی تاک دەکەن .
لە شارستانییەکانی کۆندا ، لە میانەی ئەو نەقش و نیگار و وێنانەی ، کە لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان و ، دیواری پەرستگاکان و ، کۆشک و تەلارەکانی پاشاکاندا دۆزراونەتەوە ، یا لەسەر تاشەبەرد دا هەڵکۆڵراون ، یا لەسەر خشتی سوورەوەکراودا یا لەسەر گەڵای پانی رووەکنەخشێنراون .. لە ناو ئەو وێنەکاندا ، وێنەی منداڵ و چیرۆکی منداڵانیشیان تێدایە.. ئەم بەڵگە بەجێماوانە ئەوە دەسەلمێنن ، کە ئەو گەلانە منداڵ و ئەدەبی منداڵانیان فەرامۆش نەکردوون .. لەوانەش فەرعەونییەکان ( میسرییە کۆنەکان) ، سۆمەرییەکان ، یۆنانییەکان ، رۆمانییە کۆنەکان ، چینییەکان ، هیندییەکان ، کوردەکان ، فارسەکان ، عەرەبەکان ، ئینگلیزەکان ، فەرەنسییەکان ، ئەڵمانییەکان ، روسسییەکان ، ئیتالییەکان ، یابانییەکان ، گەلانی ئیسکندناڤیا ، ... هتد . کە هەریەکە لەم گەلانە زۆر یا کەم ، شۆێن پەنجەیان لە ئەدەبی فۆلکلۆری و منداڵاندا دیارە.
لەو چیرۆکە ئەفسانەییانەی کە لە فەرعەونییەکان بەجێماون و تا ئەمڕۆش بایەخ و خۆشییان کاڵنەبوونەتەوە و ، منداڵانی ئەمڕۆش چێژیان لێ وەردەگرن ، ئەفسانەی :
( دوورگەی مار ) و ( هەڵۆی جادوولێکراو ) و ( تاجی فەیروز ) ن .
سۆمەرییەکانی نیشتەجێی میزەپۆتانیاش ، یاسایەیەکی پێشکەوتووی پەروەردە و فێرکردنی منداڵانیان هەبوو ، کە تا رادەیەک لە پەروەردەکردنی منداڵا نی ئەمڕۆوە نزیک بوو .. هۆی ئەم پێشکەوتنەشیان ، بۆ داهێنان و بڵاوبوونەوەی ( نووسینی سۆمەری) دەگەڕێتەوە .. کە شۆڕش و وەرچەرخانێکی زۆ گرنگ بوو لە مێژووی مرۆڤدا .. سۆمەرییەکان خاوەنی کۆنترین ئەدەبن لە جیهاندا ، گرنگترین شاکاری ئەدەبیشیان ( داستانی گەلگامیشە) ـە .. منداڵ و ئەدەبی منداڵان ، لە چەند شوێنێکی ئەم داستانەدا ، بە زمانێکی ساکارتر ناویان هاتووە .. باس لە شتە تایبەتمەندییەکانی منداڵانی تێدا کراوە.
بەڵام ئەمە راستییەکە و ناپۆشرێت ، کە لە کۆنەوە تا ئەمڕۆش ، گرنگیدان و بایەخدان بە گۆشکردن و پەروەردەکردنی دروست و ، ئاراستەکردنی پێویست و ئاوڕدانەوەیەکی جدی لە ژیانی منداڵان و ، لە ئەدەبی منداڵانیش، بە رادەی پێویست نەدراوەنەتەوە .. وەکو پێویستیش ئەوە لەبەر چاو نەگیراوە ، کە چارەنووسی داهاتوودەکەوێتە دەستی منداڵانی ئەمڕۆوە ، ئەم مرۆڤە بچکۆلانەی ئەمڕۆن .. کە سبەینێ جیهان بەڕێوەدەبەن.
ئەدەبی منداڵان لە چاو ئەدەبی گەورەکانەوە، تا ئەمڕۆش شانس و هەلی پێویستی گەشەکردنی بۆ نەرخساوە، بەڵکو تا سێ سەدە لەمەوەبەر، ئاوڕدانەوە و خوودانە ئەدەبی منداڵان ، شەرمەزاری و پایەنزمی و دابەزین بووە .. تا سەردەمێکی نزیک و تا رادەیەکیش ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ، لە زۆر شوێنی جیهاندا ، بە تایبەتیش لە سایەی رژێمە دیکتاتۆری و سەرکوتکەرەکاندا ، منداڵان پەراوێز کراون و ، بە ناڕەوایی دەچەوسێنرێنەوە و .. چێژی خۆشی منداڵێتی و ئازادی و ژیان نازانن و ، لە سادەترین مافەکانیان و ، لە سۆز و خۆشەویسی بێبەش کراون ، کوێرەوەری و ، نەبوونی و ، برسێتی ، ناچاریان کردوون کە کاری قورس و نەشیاو بکەن .. لە ئەمڕۆدا زیاتر لە دووسەد و پەنجا ملیۆن منداڵ لە جیهاندا ، رۆژانە بەبێ نازی و برسێتی سەردەنێنەوە.
بۆیە "کۆردڤاڵدهایم" دەڵێ : "سەرلەبەری دنیا قەرزاری منداڵن"، بەڵام بەداخەوە کە تا ئەمڕۆش زۆربەی گەلان و وڵاتانی جیهان ئەم قەرزەی منداڵانیان ئادا نەکردوون.
مێژووی ئەدەبی منداڵان، بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە، لە قۆناغە سەرەتاییەکۆنەکاندا، مەتەڵ، چیرۆکی ئەفسانەیی، متەلیسم و جادوویی، داستانی ئازایەتی، سەرکێشی، ئایینڕەوی، ئامۆژگاریی تەڵقین ئاسایی، رێنمایی، رێز و گوێدێری، شاسواری، شمشێربازی و تیربازی، خەیاڵکاری، باڵیان بەسەر ئەدەبی منداڵاندا کێشابوو .. هەتا دەگاتە قۆناغەکانی ئەدەبی منداڵان لە سەردەمی نوێدا، کە لە سایەی گۆڕانکاری و داهێنان و پشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و ، پەروەردەیەکی نوێ و ، پسپۆری و ، مۆدێرن و ، جیهانگیریدا، پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە .. زیاتر لە هەموو سەردەمێک ، لەم سەردەمەدا پێویستیمان بە ئەدەبی منداڵان و بە گەشەکردنی هەیە ، چونکە پەروەردەی نوێ و رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵان بوونەتە دووانە و بە تەواوکەری یەکتری.
ئەدەبی منداڵان ، بەر لە هەموو شوێنێکی تری جیهاندا ، لە وڵاتانی ئەوروپادا گەشەی کرد و پێشکەوت ، بە تایبەتیش لە وڵاتانی فەرەنسا و ئینگلتەرادا .. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ، کە کۆمەڵێک نووسەری بە توانا ، ئاوڕیان لە ئەدەبی منداڵان دایەوە و ، چەندین بەرهەمی خۆش و بەسوودیان بۆ منداڵان نووسی و چاپیان کردن .. هۆیەکی گرنگی تریش ، دەگەڕێتەوە بۆ داهێنای ئامێری چاپکردن و ، دامەزراندنی چاپخانە و ، دەزگای بڵاوکردنەوەی و چاپکردنی کتێبی منداڵان و ، کردنەوەی کتێبخانەی تایبەت بە منداڵان .. سەرەڕای ئەمانەش حەز و پەرۆشی خودی منداڵان ، بۆ خوێندنەوەی کتێب و ئەو بابەتانەی تایبەت بوون بە ئەدەبی منداڵانەوە .
یەکەمین کتێب کە بۆ یەکەمین جار بۆ منداڵان چاپکرا کتێبێک بوو کە کۆمەڵێکچیرۆکی لەخۆ گرتبوو .. ناوی کتێبەکەش ( ئەفسانەکانی ئێسوب ) ـە کە لە ساڵی ( ١٤٨٤) دا ، لە لایەن ( ولیام کاکستۆن : ١٤٢٢ـ ١٤٩١) ـەوە ، چاپکرا .. ئەم کارەی کاکستۆن بە دەستپێشکەری و بەهەنگاوێکی گرنگی مێژوویی لە بواری ئەدەبی منداڵاندا دادەنرێت ، ئەو (ئێسوب)ەش ، کە ولیام کاکستۆن ئەم چیرۆکە ئەفسانەییانەی داونەتە پاڵ .. وەکو دەگێڕنەوە کە کۆیلەیەکی یۆنانی بووە ، لە نێوان ساڵانی (٦٥٠ ـ ٦٢٠) ی پێش زایینی ژیاوە ، لەبەر زیرەکی و بلیمەتی ، گەورەکەی ئازادی دەکات .. ئێسوب زۆر حەزی بە گەڕان و گەشتکردن دەبێت ، بە گەڕان و گەشکردن و ، بە نووسنی چیرۆک بە ناوبانگ بووە .. دەتوانین بەوە دایبنێین کە یەکەمین کەس بووە ، کە چیرۆکی بۆ منداڵان نووسیوە .. ئەمەش یەکێکە لە چیرۆکەکانی ئێسوب ( قەلەڕەش و گۆزە ):
"لە دەشتێکی چۆڵدا ، قەلەڕەشێک زۆر تینووی دەبێت ، زۆر بە دوای ئاودا گەڕا .. تا گۆزەیەکی دۆزییەوە ، کەمێک ئاولە بنەکەیدا بوو .. بەڵام دەنووکی نەدەگەیشتەئاوەکە .. قەلەڕەشەکە خەریک بوو لە توینیا بمرێت .. دەیڕوا نییە ئاوی ناو گۆزەکە .. لە دواییدا بیرۆکەیەکی باشی بۆ هات .. بە دەنووکی یەک لە دوای یەک چەویهەڵدەگرت و دەیخستنە ناو گۆزە ئاوەکەوە ..ئاوەکە بەرەبەرە سەرکەوت .. تا گەیشتەلێواری گۆزەکە .. ئەوسا قەلەڕەشەکە ، دەنووکی تێنا وتێر ئاوی خواردەوە . "
ئەو مەبەستانەی کە لەم چیرۆکەدان : هەوڵدان و کۆڵنەدان ، بیرکردنەوە ، سەرکەوتن بەسەر تەنگانەدا .
ئەگەرچی كاکستۆن ، کتێبەکانی بەو نیازەوە نەنووسیبوون ، کە ئارەستەی منداڵانیان بکات .. بەڵام سێ لە کتێبەکانی بە درێژایی ساڵان .. بوون بە بابەتی منداڵان .. ئەو چیرۆکانەی کە لەم سێ کتێبەیدا بوونو ، بۆ منداڵان لەباربوون و ، منداڵانیش بە کتێبی خویانیان دەزانین و، تام و چێژیان لە خوێندنەوەیان وەردەگرت .. ئەم سێ کتێبە بوون: ( رێوی رینارد ) و ( ئەفسانەکانی ئێسوب) و ( مردنی ئارسەر) .
لە ساڵی ( ١٦٥٧) دا ، پەروەردەکاری چیکۆسلۆڤاکی ( جان ئامۆس کۆمینۆس ) کتێبێکی گرنگ و بەسوودی بۆ منداڵان لەژێر ناوی ( جیهانی وێنەدار )دا ، چاپکرد . ئەم کتێبە کتێبێکی زانیاری بوو ، وەک لەوەی کە کتێبێکی ئەدەبی بێت .. بەڵام لەو سەردەمەدا هەر بابەتێکی تازە بۆ منداڵان بنووسرایە ، بایەخ و سوودی خۆی هەبوو.
( ئورئیل ئۆفیک) گەشەکردنی ئەدەبی منداڵان ، بەسەر پێنج سەردەمدا دابەش دەکا :
سەردەمی کۆن : دەقە ئەدەبییەکانی ئەم سەردەمە ، منداڵانیان بە گیانی ئازایەتی و ، سەرکێشی و ، شاسواری و ، رەوشت بەرزی و ، شەڕ و رووبەڕووبوونە و ، ئینتیما بۆ هۆز و گەورەکانیان پەروەردە دەکردن .. لەسەر دیواری تەلار و پەرستگاکان و ، لەسەر گەڵای رووەکدا ، نموونەی ئەدەبی منداڵانی ئەم سەردەمە دۆزراونەتەوە .
سەردەمی ناوەراست : لەم سەردەمەدا ، قەشەکانی کەنیسەکان ، لە شوێنە دوورەکاندا ، دەستیان بە کۆکردنەوەی چیرۆکە کۆنەکان کرد و ، بە جوانی و رێکی نووسییاننەوە و ، پاراستیانن .. بە هۆی ئەمانیشەوە ، ئەو چیرۆکان لە زۆر شوێندا بڵاوبوونەوە .
سەردەمی چاپخانە : ئەم سەردەمە لە نیوەی سەدەی یانگزەمیندا دەستی پێ کرد ، واتە لە دوای داهێنانی ئامێری چاپکردن ، کە لە لایەن ئەندازیاری ئەلمانی (گۆتەمبەرگ)ەوە داهێنرا .. دامەزراندنی چاپخانە و کتێب چاپکردن .. شۆڕشێکی رۆشنبیری و ئەدەبیی پەرپاکرد .. ئەوەبوو لە ساڵی ( ١٥٥٠) دا لە ئینگلتەردا کۆمەڵێک چیرۆک چاپکران .
سەردەمی زانیاری : ئەم سەردەمە ، لە دەرچوونی کتێبی ( ئیمیل) لە نووسینی مامۆستا و فەیلەسوفی فەرەنسی ( جـان جاک رۆسـۆ ) وە دەستی پێکرد ..ئەم کتێبەشی لە ساڵی ( ١٧٦٢)دا چاپکرد.
دوا بە دوای کتێبکەی رۆسۆ ، چەند کتێب و لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی منداڵ و ئەدەبی منداڵان چاپکران ، لەم سەردەمەدا ئەدەبی منداڵان ، پشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی . رابەری ئەم ئاراستەیەش ( جۆن نیوبەری ) بوو .
سەردەمی نوێ (سەردەمی زێڕین) : ئەم سەردەمە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەمینەوە دەستی پێکرد .. لەگەڵ دەرچوونی کتێبی ( ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەرەدا )کە لە نووسینی ( لویس کارول ) ـە .. بە دوای ئەم کتێبەشدا چەند کتێبێکی تریش چاپکران .
بەڵام دکتۆر ( عەلی ئەلحەدیدی ) لە کتێبەکەیدا ( لە ئەدەبی منداڵان دا ) مێژووی نوێی ئەدەبی منداڵان ، بە سێ قۆناغی سەرەکی دەستنیشان دەکات :
قۆناغی یەکەم : لە ساڵی ( ١٦٩٧) ەوە دەست پێدەکا ، بە دەرچوونی یەکەمین کتێبی ئەدەبی بۆ منداڵان ، لەژێر ناوی ( چیرۆکەکانی دایە قازم ) لە نووسینی نووسەری فەرەنسی ( چارلز پیرۆ ) .. چارلز ، بوو بە دەستپێشکەر و ریچکەشکین .. بە دوای ئەمدا چەند نووسەرێکی تر هاتنە بوارەکەوە و ، دەستیان بە نووسین بۆ منداڵان کرد .. هەر لەم سەردەمەشدا ، لە نێوان ساڵانی ( ١٧٠٤ـ ١٧١٤) دا ، رۆژهەڵاتناس و ، نووسەر ( ئینتیوان گالان ) بۆ یەکەمین جار چیرۆکەکانی ( هەزار و یەک شەو )ی گۆڕییە سەر زمانی فەرەنسی ، کە چەند چیرۆکێکی شیاویان بۆ منداڵان تێدایە .
هەر لە فەرەنسادا لە ساڵی (١٧٤٧) دا، لە لایەن نووسەرێکی مەزنی منداڵدۆستەوە ، یەکەمین رۆژنامە بۆ منداڵان لەژێر ناوی ( هاوڕێی منداڵان) هاتە کایەوە .
بێجگە لە فەرەنسا ، رەوتی ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرا ، ئەڵمانیا ، رووسیا ، ئەمریکا ، لە وڵاتانی ئیسکندناڤیا و، میسر ، سەری هەڵدا و بەرەو پێشەوە هەنگاوی نا .
قۆناغی دووەم : ئەدەبی منداڵان لە دوای ( جەنگی جیهانی یەکەم ) ەوە دەست پێکرد .. لە هەموو ئاستێکدا زیاتر بایەخ بە پەروەردەکردن و گەشەکردنی منداڵان درا و ، بە شیوەیەکی نەخشەداڕێژراوی ئەکادیمیش بایەخ بە ( زانیاری دەروونناسیی منداڵا ن) و بە سایکۆلۆژیای گەشەکردن درا .. وەکو مرۆڤێکی سەربەخٶش لە منداڵیان دەڕوانی .
قۆناغی سێیەم : لە دوای (جەنگی جیهانی دووەم ) ەوە دەستی پێکرد .. تا دەگاتە قۆناغی ئێستای ، کە بە ( سەردەمی زێڕینی ئەدەبی منداڵان ) ناودەبرێت .. گۆڕان و وەرچەرخانێکی نوێ هاتنە کایەوە و ، بایەخدان بە منداڵان و بە ئەدەبی منداڵان ، بوو بە پێویستییەکی گرنگی ئەم رۆژگارە .. بە تایبەتیش لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ، کە هەل و مەرجێکی باش بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵان رەخسا و .. چەندین کتێبخانەی منداڵان و ، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی منداڵان دامەزران ، بە ملێۆنان ژمارەی کتێب و گۆڤاری منداڵان چاپکران و بڵاوکرانەوە .. دەستوور و بنەما و ئاراستەی ئەدەبی منداڵان دیاری کران .. چیرۆک بوو بە وانەیەکی تایبەتی و، وەکو وانەکانی تری خوێندن ، لە قوتابخانەکانە بنەڕەتییەکانی ئەمریکادا دەخوێنرێ.
لەم قۆناغەدا هەموو هەوڵەکان بەو ئاراستەیەدان ، کە نەوەیەکی نوێ بۆ داهاتوویەکی باشتر پەروەردە بکرێن .. نەوەیەک کە ئاشتیخواز و مرۆڤ دۆست و چاکەخوازبن .. نەوەیەک تاکەکانی رێز لە یەکتری بگرن و ، پێکەوە ژیان و خۆشەویستی لە هۆش و دڵیاندا بڕوێن .. نەوەیەیەکی باوەڕبەخۆبن .. داهێنانخواز و پێشکەوتووخوازبن ..
بێگومان ئەدەبی منداڵان ، لە چوارچیوە کلاسیکییەکەیدا نەماوەتەوە ، رۆژ لە دوای رۆژ ، زیاتر پيشکەوتن و داهێنان بە خۆیەوە دەبینێت .. تا لە گەڵ هیوا و خواست و خولیا و خەونە شیرینەکانی منداڵانی زۆرزانی ئەم سەردەمەدا بگۆنجێت .
( فیلیپ ئاریس ) دەڵێ : "لە سەردەمەکانی پێش ئەم سەردەمەدا ، بە چاوی ئێستاوە لەمنداڵیان نەدەڕوانی .. منداڵێتی دیاردەیەکی تازەیە .. چونکە سەردەمەکانی کۆن ، بەوەناودەبرێن کە منداڵانیان پەراوێزکردبوون .. بایەخێکی ئەوتۆیان پێ نەداون .. بەڵکودەشیان چەوساندنەوە .."
حەزدەکەین لێرەدا ئاماژەش بەوە بکەین گەلێ دەق و بابەتی ئەدەبی هەن ، بە تایبەتی بۆ منداڵان نەنووسراون و ، بۆ گەورەکان نووسراون . بەڵام دوای دەستکاری کردن و کورتکردنەوە و دووبارە داڕشتنەوەیان ، بە زمانێکی ئاسانتر ، وایان لێ کردوون کە بۆ منداڵان بگونجێن و ، منداڵان بە ئەدەبی خۆیانیان بزانن ، تا ئەمڕۆش منداڵان لە هەندێ لەو دەقە دەستکاری کراونە بێزار نەبوونە و تام وچێژیان لێ وەردەگرن ، بە تایبەتیش دوای ئەوەی کە کراون بە فیلمی کارتۆن یا بە فیلمی سینەمایی .. بۆ نموونە : رۆمانی ( رۆبنسون کروزۆ ) لە نووسینی ( دانیال دیڤۆ ) و ، رۆمانی ( گەشتەکانی گۆلیڤەر ) لە نووسینی ( جۆناسان سویفت : ١٦٦٧ ـ ١٧٤٥) .. کە نووسەر و سیاسەتمەدارێکی (ئینگلیزی ـ ئیڕلەندی ) بوو .. کە نووسەریناسراوی ئینگلیزی ( جۆن نیوبەری ) ئەم دوو رۆمانەی دەستکاری کردوون و ، کورتیانی کردوونەتەوە و ، بە زمانێکی ئاسانتر و گونجاوتر بۆ منداڵان ، دووبارە دایڕشتوونەتەوە و، چاپی کردوون .
داستان و ئەفسانە و مەتەڵ و چیرۆکە میللیەکانیش بەشی منداڵانیان تێدایە ، یا هەندێ لە چیرۆکی گەورەکان دوای کورتکردنەوە و ئاسانتر داڕشتنەوەیان ، بۆ منداڵان دەشێن.
من لەم رۆژانەدا ، بەشێکی زۆری چیرۆک و شانۆگەرییەکانی (ولیام شکسپیر)م بینی کە بە زمانی نەرویجی ، بەبێ شێواندنی ناوەڕۆک و بیر و مەبەستی چیرۆکەکان ، کورتر کراونەتەوە و ، بە زمانێکی ئاسانتر دووبارە بۆ منداڵان دایان رشتوونەتەوە .
پیویستە ئەوەش بڵێین کە ( کتێبەکانی خوێندنەوە) بۆ پۆلەکانی قوتابخانە بنەڕەتییەکان .. زۆربەی دەق و بابەتەکانیان بەشێکن لە ئەدەبی منداڵان و ، کتێبەکانیش بە کتێبی منداڵان دادەنرێن .
چیرۆکەکانی کتێبی ( کەلیلە و دیمنە ) ش ، کە لە بنەڕەتدا هیندین و ، بە زمانی هیندی نووسراون .. ( عەبدوڵڵا کوڕی موقەفەع ) یش لە ساڵی (٦٥٩) یزایینیدا لە زمانی فارسییەوە گۆڕیویەتە سەر زمانی عەرەبی .. چیرۆکەکانی ئەم کتێبە بە زمانی ئاژەڵەوە نووسراون .. بەشێکی زۆریان بۆ منداڵان دەشێن.. ( کەلیلە) و ( دیمنە) ناوی دوو چەقەڵی بران.. کە کراون بە سەر ناوی کتێبەکە .. چیرۆکەکانی ئەم کتێبە گەلی بەهای رەوشت بەرزی و ، وانە و پەندی بەسوودو ، گاڵتەئامێزی خۆشیانتێدایە.مێژووی چیرۆکەکانی ئەم کتێبە بۆ ( ١٠٠ تا ٥٠٠) ساڵ پێش زایینی دەگەڕێنەوە .فەیلەسووفی هيندی( بەیدەبا) چیرۆکەکانی بۆ شا (دبشەلیم)ی هیندستان گێڕاونەتەوە .. کتێبی ( کەلیلە و دیمەنە ) بە شاکارێکی نەمری جیهانی دادنرێ .. گۆڕیویانەتە سەر زۆربەی زمانەکانی جیهان .
شایانی باسیشە ، ژمارەیەکی زۆریش لە نووسەرە گەورەکانی جیهان ( شاعیران ، رۆماننووس و چیرۆکنووسان ) بەشێک لە نووسینەکانیان ، بە زمانێکی ئاسانتر و شیرین ، بۆمنداڵان نووسیون ، وەکو : تۆڵستۆی ، تشیخۆف ، چارلز دیکنز ، ڤیکتۆرهۆگۆ ، ئۆسکار وایڵد ، بۆشکین ، تاگوور ، لە شاعیرە خوالێخۆشبووەکانی خۆشمان : پیرەمێرد ، بێکەس ، زێوەر ، هەژار ، گۆران، قانع ، ... هتد .
ئەدەبی منداڵان لە فەرەنسا دا :
لە ( سەدەی سیانگزەمین و چواردەمین ) دا ، ناوەڕۆکی دەقەکانی ئەدەبی منداڵان بریتیبوون : لە رێنمایی و ئامۆژگاری و چاکەخوازی و رەوشت باشی و شاسواری و پاڵەوانبازی و ئایینڕەوی .
هەر لەو سەردەمەدا ، کۆمەڵێک نووسەر دەستیان بە نووسینی ( ئەدەبی گەڕۆک ) کرد .. لە شوێنە گشتییەکاندا چیرۆک و هۆنراوە و نووسینەکانیان بۆ خەڵکی دەخوێندنەوە .. بە هۆی دێوەرە و فرۆشیارە گەڕۆکەکانیشەوە ، مەتەڵ و چیرۆک و هۆنراوەکانیان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بڵاودەبوونەوە .
بەڵام ئەدەبی منداڵان ، وەکو ( ئەدەبێکی سەربەخۆ) و ، لە سەردەمێکی تازەدا ، لە (سەدەی حەڤدەمین) دا بەر لە هەموو وڵاتانی جیهان ، بەشێوەیەکی فەرمی لە وڵاتی فەرەنسادا دەرکەوت و ، گەشەی کرد و ، هەنگاوی باشی بەرەوپێشەوە نا .
لەو سەرەمەدا ، نووسەرە بە توانا و بەناوبانگەکان ، شەرمیان دەکرد کە بە ناوی راستیی خۆیانەوە بۆ منداڵان بنووسن ، لەوە دەترسان کە لە ناوبانگ و پایەیان بێتە خوارەوە و ، رووبەڕووی لۆمە و تانە و رەخنە ببنەوە .. تا شاعیری بەناوبانگی فەرەنسی ( چارلز پیرۆ : ١٦٢٨ـ ١٧٠٣) ، لە ساڵی ( ١٦٧٩) دا ، کتێبێکی بۆ مندڵان چاپکرد لە ژێر ناوی( چــیرۆکەکانی دایــــە قـــــازم) .. کە کۆمەڵێک چیرۆکی خۆشی لەخۆگرتبوو ، لەوانە : (ســاندرێلا) و ( ریـش شــین ) و ( شـۆخە نووســتووەکە) و ( جنۆکە ) و ( پشیلەی جـزمە لەپێ ) .. بەڵام چارلز هێشتا ترسی نەشکابوو ، ئەم کتێبەی بە ناوی خۆیەوە بڵاونەکردەوە ، لە ترسی ناوبانگ و ، پایە نزمبوونەوەی..بۆیە بە ناوی کوڕە بچووکەکەیەوە بڵاوی کردەوە کە ناوی ( بیرودار مانکور ) بوو .
ئەم کتێبە ناوبابگی دەرکرد و ، پایەی ئەدەبی منداڵانی بەرزکردەوە .. بە یەکەمین کتێبی ئەدەبیی تایبەت بە منداڵان دادەنرێ .. دەرچوونی ئەم کتێبە بە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی رەوتی ئەدەبی منداڵان دادەنرێ . ناودەرکردنی ئەم کتێبە ، بوو بە مایەی دڵخۆشی و بە هاندەر بۆ چارلز ، بە دوای ئەم کتێبەدا ، کتێبێکی تری چاپکرد ، بە ناوی ( مەتەڵو چیرۆکەکانی سەردەمی رابردوو ) بەڵام ئەم کتێبەیبە ناوی خۆیەوە بڵاوکردەوە .
نووسین بۆ منداڵان لە فەرەنسادا ، تا ( سەدەی هەژدەمین)هێشتا رەگ و ریشەی بە تەواوی دانەکوتابوو .. تا فەیلەسوف و مامۆستای فەرەنسی ( جان جاک رۆسۆ ) کە لە ساڵی ( ١٧١٢ـ ١٧٧٨) ژیاوە .. رۆسۆی خاوەن ( بیردۆزیپەروەردەی سروشتی ) بیر و بۆچوونەکانی دەربارەی فێرکردنی منداڵ و پەروەردەکردنیان ، لە کتێبێکدا چاپکرد بە ناوی ( ئیمیل ) .. ئیمیل ناوی کوڕەکەی بوو . رۆسۆ جەختی لەسەر ئەوە دەکردووە .. کە نابێت رێ لە منداڵ بگیرێت، با بە ئازادی و سروشتی گەشە بکات و پەروەردە ببێت .. ناشبێ بە تۆبزی فێربکرێت ، با فێرکردنی کەمێک دوابکەوێت .. با منداڵ خۆی تاقیبکاتەوە و ، سوود و پەند و وانە لە تاقیکردنەوەکانی وەربگرێت ، کتێبی ( ئیمیل) لە شێوازی چیرۆکێکە بۆ منداڵان ، چیرۆکەکەش لەگەڵ بوونی ( ئیمیل) ی کوڕی دەست پێدەکا تا دەگاتە تەمەنی ( ٢٥ ساڵان )کە هاوسەرگیری دەکات .. رۆسۆ داوای لە ئمیل ی کوڕی کرد کە یەکەمین کتێب ، کتێبی ( رۆبنسون کروزۆ ) بخوێنێتەوە .. چونکە بە رای ئەو ، ئەم چیرۆکە باشترین تاقیکردنەوەی پەروەردەیی بە ئیمیل دەبەخشێت .. تا ماوەیەکی زۆر ، کتێبی ( رۆبنسون کروزۆ ) تەنها کتێب بووە لە کتێبخانەکەی ئیمیل دا .
گەورەترین و بە ناوبانگترین نووسەری فەرەنسی ، لە بواری نووسین بۆ منداڵان ، شاعیری مەزن ( لافۆنتین : ١٦٢١ـ ١٦٩٥ ) بوو .. کە لە جیهاندا بە شای چیرۆکی ئەفسانەیی بۆ منداڵان ناسراوە .. شای شاعیرانی ئەدەبی عەرەبیش (ئەحمەد شەوقی) کە ـ بە رەگەزکوردە ـ هۆگر و سەرسامی شیعرەکانی لافۆنتین دەبێ و ، کاریگەریی هەبووە لەسەر نووسیناکانی بۆ منداڵان .
لە ساڵانی ( ١٧٤٦ـ ١٧٩١) دا ، لە لایەن نووسەرێکی گەورەیتری فەرەنساوە ، بۆ یەکەمین جار یەکەمین رۆژنامەی بۆ منداڵان دەرکرد .. لە ژێر ناوی (هاوڕێی منداڵان ) دا ، کە لە نووسینی بابەتەکانیدا ، زمانێکی شیرین و ناسک و ساکاری بەکاردەهێنا . سەرنووسەری ئەم رۆژنامەیە ، لە جیاتی نووسینی ناوی راستیی خۆی ، لەژێر نازناوی( هاوڕێی منداڵا ن ) دا دەینووسی .. ئەم رۆژنامەیە سەرەڕای خۆشی و شادی خستنە دڵی منداڵانەوە .. سوود و خزمەتێکی زۆریشی پێ بەخشین .. لە هەمان کاتیشدا ، تەوژمێکی باشیشی بە گەشەکردنی ئەدەبی منداڵانی فەرەنسا دا .
گۆڕینی چیرۆکەکانی (هەزار و یەک شەو) یش ، کە لەلایەن رۆژهەڵاتناسی فەرەنسی (ئینتیوان گالان) ـەوە ، کە لە ساڵی (١٧٠٤) دا ، گوڕییە سەر زمانی فەرەنسی .. خوێندنەوە و بڵاوبوونەوەی چیرۆکەکانی ( هەزار و یەکشەو) بوونە مایەی ناوبانگ و دەستخۆشی لێکردنی لە فەرەنسادا ، هەروەها بوون بە هاندەریش بۆ ئینتیوان گالان، سوودێکی زۆری لێیان بینی و ، بوون بە ئیلهامبەخش ، بۆ ئەو چەند چیرۆکەی کە بۆ منداڵانی نووسییانی . نووسینی چیرۆکەکانی (هەزار و یەک شەو) بەم شێوەیەی ئێستای ، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٥٠٠) ی زایینی .. بەڵام لە راستیدا تا ئێستا نەزانراوە ، کە نووسەری راستیی چیرۆکەکانی ( هەزا و یەک شەو) کێیە .. بەشێک لە چیرۆکەکانی ئەم کتێبیە بۆ منداڵانی هەراش دەشێن .. ئەوەش ساغ بۆتەوە کە ( چەند چیرۆکێکی کوردی ) یش ، لە ناو چیرۆکەکانی (هەزار و یەک شەو) دان .
ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرا دا :
لە دوای فەرەنسا ، ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرادا بایەخیان پێدا و گەشەی کرد .. ئەو چیرۆکە کلاسیکییانەی پێشتر ، بریتیبوون لە ئامۆژگاری و ڕێنوێنی و ئایینڕەوی ، بێ ئەوەی گۆی بە ئاستی بیر و هۆشی منداڵان بدەن یا خولیا و حەز و ئارەزووەکانیان لەبەرچاوبگرن ، نموونەی ئەم کتێبانەش ، کتێبی ( بۆ کوڕان و کچان ) ە ، کە لە نووسینی ( جۆناسان بان یان ) ە .
لە ساڵی ( ١٧١٩) دا لە نووسینی ( دانێل دیڤۆ : ١٦٦٠ـ ١٧٣١) رۆمانی ( رۆبنسونکروزۆ ) چاپکرا .. دانێل بە دەستپێکەری چیرۆکی هونەری لە ئینگلتەرادا دادەنرێ .. دانێل زۆر حەزی لە گەشت و گوزەر بوو ، هەموو وڵاتانی ئەوروپا گەڕا .. رۆمانە بە ناوبانگەکەی ( رۆبنسوون کروزۆ ) ، دەربارەی سەرگوزشتەی ژیان و سەرکێشییەکانی پاڵەوانی رۆمانەکەی ( رۆبنسون کروزۆ ) ی سەیر و سەرسوڕێنەرە .. ئەم چیرۆکە ، لە چیرۆکێکی راستەقینەی بەسەرهاتی پێاوێک بە ناوی ( ئەلیکسەندەر سلکێرک)ەوە وەرگرتووە ، کە نزیکی (٣٠٠) ساڵ بەر لە ئستا .. ئەو پیاوە وێڵ دەبێت و ، دەکەوێتە دوورگەیەکی دووری دابڕاوەوە .. بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەو دوورگەیەدا ژیان بەسەر دەبات .. بێ هیوا نابێ و کۆڵنادات و خۆی لەگەڵ ئەو باروودۆخەدا دەگونجێنێت .. تا ئەو کاتەی هەلی گەڕانەوەی بۆ ( ئوسکۆتلەندە)ی نيشتمانی بۆ دەڕەخسێت .
دانێل دیڤۆ ، ئەم چیرۆکە راستییەی وەرگرتووە و ، بە شیوەیەکی ئەدەبی و هونەری لە رۆمانی ( رۆبنسۆن کروزۆ ) دادایڕشتووە .. ئەم رۆمانە بە شاکارێکی ئەدەبی دادەنرێ . گرنگترین ئەو مەبەستانەش کە لەم چیرۆكەدان : کۆڵنەدان ، خۆڕاگری ، بیرکردنەوە و گونجان ، هیواخوازییە لە کاتی تەنگانەدا .. لە راستیدا رۆمانی ( رۆبنسون کروزۆ) بۆ منداڵان نە نووسراوە .. بەڵام نووسەری بە ناوبانگی ئینگلیزی ( جۆن نیوبەری ) دەستکاریی کردووە و کورتی کردۆتەوە ، دووبارە بە زمانێکی ئاسانتر و گۆنجاوتر بۆ منداڵانی دایڕشتۆتەوە .. ( رۆبنسون کروزۆ کراوە بە فیلمی کارتۆن) و ، بە زۆربەی زمانەکانی جیهان دۆبلاج کراوە .. هێندەی تر ، منداڵان هۆگری بوونە و ، لە دووبارە کردنەوەی بێزار نابن .
هەر لە ساڵی ( ١٧١٩) دا ، ( رۆبەرت سامبر ) (چیرۆکەکانی دایە قازم ) ی گۆڕییە سەر زمانی ئینگلیزی و چاپی کرد ..کە ئەم چیرۆکانەی بوون: ( ساندرێلا ) و ( شۆخەنووستووەکە) و ( ریش شین ) .. بە مەبەستی خۆشی بەخشین بە منداڵانی ئینگلتەرا .
لە ساڵی ( ١٧٢٠) تیشدا ، ( جۆناسان سویفت) کتێبێکی بەناوبانگی چاپکرد ، لەژير ناوی ( گەشتەکانی گۆلیڤەر ) .. کە لەوەدوا ( جۆن نیوبەری ) بە شێوەیەکی کورتر و ئاسانتر دووبارە بۆ منداڵانی داڕاشتەوە و .. چووە چوارچێوەی ئەدەبی منداڵانەوە .
( جۆن نیوبەری) لە بواری ئەدەبی منداڵاندا نووسەرێکی بە توانابوو ، کتێبێکی زۆری بۆ منداڵان چاپکرد و بڵاوی کردنەوە .. رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرادا .. خاوەنی یەکەمین کتێبخانەی منداڵانیشە لە جیهاندا .. نیوبەری داوای لە نووسەران کرد ، کە کتێبی گەورەکان کورت بکەنەوە و ئاسانتر بۆ منداڵان بیان نووسنەوە .. نیوبەری نزیکەی ( ٢٠٠) کتێبی بچووکی بۆ منداڵان چاپکرد .. کە بریتبوون لە مەتەڵ و چیرۆکی ئەفسانەیی و داستان و چیرۆکە میللیەکان .. لەوانەش : ( رۆبنسون کرۆزۆ ) و ( گەشتەکانی گۆلیڤەر) یان تێدابوون .. بۆیە ( جۆن نیوبەری ) بە ( باوکی راستیی ئەدەبی منداڵان) لە ئینگلتەرا ناودەبرێت .
لە ساڵی ( ١٨٦٥) زلە ئینگلتەرادا ، خۆشترین چیرۆکی ئەفسانەیی بۆ منداڵان بڵاوکرایەوە ، لەژێر ناوی ( ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەرەدا) ، کە لە نووسینی نووسەری بەناوبانگ ( لویس کارۆل : ١٨٣٢ـ١٨٩٨) ..( لویس کارۆل ) ناوێکی خوازراوە .. ناوی راستیی ( چارلز لوتۆیدج دودسن ) ـە .
لویس کارۆل ، چیرۆکنووسێکی بە توانا و زانایەکی ماتماتیک و وێنەگرێکی فۆتۆگرافی ئینگلیزیی ناسراوبوو .. چیرۆکی ( ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەرەدا) ی نووسی ، کە بە یەکێک لە شاکارە ئەدەبییەکانی منداڵان دادەنرێت .. ئەم چیرۆکە ئەدەبی منداڵانی بردە قۆناغێکی زێڕینەوە .. بێجگە لەم چیرۆکە لویس کارۆل چەند چیرۆکێکی تریشی نووسی لەوانە : چیرۆکی ( لە میانەی شووشەوە ) و ، چیرۆکی ( چەنەبازی ) .
چیرۆکی ( ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەرە دا ) ناوبانگێکیجیهانی هەیە و گۆڕیویانە بۆ سەر زۆربەی زمانەکانی جیهان و ، کراوە بە فیلمی کارتۆن .
ئەم چیرۆکە ، چیرۆکی کچێک دەگێڕێتەوە ، کە ناوی ( ئەلیس ) ـە .. لەپڕێکدا دەکەوێتە کونێکەوە و خۆی لە جیهانێکی خەیاڵیدا دەبینێتەوە .. دەڕوا و دەگەڕێت و .. بە سەرسامییەوە دەڕوانێت .. چاوی بە ( داوڵێک ، شێرێک ، پیاوێکی ئاسنین ) دەکەوێت .. هەموویان پێکەوە دەچن بۆ لای جادووگەرێک ، تا یارمەتیان بدات .. شێرەکە ئازایی دەویست ، پیاوە ئاسنینەکە دڵی دەویست ، داوڵەکەش هۆشی دەویست ، بەڵام ئەلیس گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە دەویست .. ئەم چیرۆکە بە چەندین سەرکێشیدا تێ دەپەڕێت .
ناشبێ ( چارلز جۆن لامب : ١٧٧٥ـ ١٨٣٤) لەیاد بکەین .. کە کۆمەڵێک چیرۆکی خۆشی بۆ منداڵان نووسیوە .
لە بەشی دووەمدا ، باسی مێژووی ئەدەبی منداڵان لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و رووسیا و وڵاتانی ئیسکندناڤیا و عێراق لە هەندێ وڵاتی عەرەبی بە تایبەتیش لە میسردا دەکەین.
لە بەشی سێیەمیشدا ، باسی مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد لە کوردستاندا دەکەین .
لە بەشی یەکەمی ئەم باسەدا ، بە کورتی باسمان لە ئەدەبی منداڵان لە چاخەکانی کۆندا کرد .. دوایش باسمان لە گەشەکردن و پێشکەوتنی رەوتی ئەدەبی منداڵان ، لە وڵاتانی فەرەنسا و ئینگلتەرادا کرد .. لەم بەشەدا ( بەشی دووەم ) ، درێژە بە مێژووی ئەدەبی منداڵان لە هەریەکە لە وڵاتانی : ( ئەڵمانیا، روسیا ، وڵاتانی ئیسکندناڤیا ، ئەمریکا ، ئیتالیا ، ئیسپانیا ، هیندستان ،بە کورتیش ئاماژە بە چەند وڵاتێکی تر دەکەین ...)
ئەڵمانیا :
بەر لە هاتنی دوو برا ( یاکوب و ولیەم کارڵ گریم ) ، لە ئەڵمانیاداچیرۆکی ئەفسانەیی تەنها بۆ گەورەکان دەنووسران .. بەڵام ئەم دوو برایە ( یاکوب و ولیەم گریم ) دەستیان کرد بە کۆکردنەوە و ، بە نووسینی چیرۆکی ئەفسانەیی و ئەندێشەیی و فۆلکلۆرییئەڵمانی بۆ منداڵان .. بۆ هێنانەدیی ئەم مەبەستەشیان بە درێژایی ژیانیان لە شارێکەوە بۆ شارێکی تری ئەڵمانیا دەچوون و ، گوند و ماڵان دەگەڕان و ، لە دەمی دایکان و بە تەمەنەکانەوە ، لە دەمی کاسبکار و ، فرۆشیارە گەڕۆکەکانەوە ، ئەو مەتەڵ و چیرۆک و ئەفسانە و داستانە کۆنانەیان لێ وەردەگرتن ، کە شەوان لە گوێی ئاگرداندا ، بۆ منداڵەکانیان دەگێڕانەوە .. ئەمان بە دەستکاریکردن و ، بە زمانێکی ئاسان و شیرین ورەوان ، دووبارە بۆ منداڵانیان داڕشتوونەتەوە .
( یاکوب گریم : ١٧٨٥ـ ١٨٦٣) براکەشی ( ولیەم گریم : ١٧٨٦ ـ ١٨٥٩) ی زایینیلە شاری ( کاسل ) ی ئەڵمانیا لەدایکبوونە و ، هەرلەم شارەشدا ژیانیان بەسەربردووە .. پێکەوە لە ژوورێکدا دەنووستن و ، پێکەوەش یارییان دەکرد و ، لە قوتابخانەی بنەڕەتی و زانکۆش هەر پێکەوەبوون ، پێکەوەشلە بارەی ئەدەب دەمەتەقێیان دەکرد ..هەموو چیرۆکەکانیشیان پێکەوە کۆکردوونەتەوە و ، پێکەوەش نووسیویانن و بڵاویان کروونەتەوە .. تەنها مردنلێکی دابڕین .
ئەم دوو برایە بڕوانامەی ( لیسانس ) یان لە یاسادا وەرگرت .. ئەدەبی کۆن و ئەدەبی ئەڵمانییان لە سەدەی ناوەڕاستداخوێند و ، وەکو دوو مامۆستای بە توانای وانەبێژیش لە زانکۆدا وانەیان دەوتەوە .
برایانی گریم زۆربەی چیرۆکە ئەفسانەییەکانیان، لە شاری ( کاسل ) دا کۆکردوونەتەوە .. لە ساڵی (١٨١٢) دا( ١٥٦) چیرۆکیان لە کتێبێکدا لەژێر ناوی ( چیرۆک بۆ منداڵان وماڵان ) دالە شاری ( بەرلین ) دا چاپیان کرد و بڵاویانکردەوە .. دەستپێکی هەموو چیرۆکەکانیشیان بە ( هەبوو .. نەبوو .. ) دەستیان پێکردوون.تا برایانی گریم خۆیان لە ژیاندا بوون .. شەش جار ئەم کتێبە دووبارە چاپ کرایەوە .. هەرجارەش چەند چیرۆکێکی تازەی تریان دەخستنە سەری و ، تیراژیان زیاتر دەکرد .. دیزاینی بەرگەکەیان جوانتر دەکرد .. تا ئەمڕۆش لە مۆزەخانەیەکی مێژوویی ئەدەبیدا لە شاری کاسل کە بەناوی ( مۆزەخانەی برایانی گریم )ەوەیە .. دەقی ئەو چیرۆکانەیان بە دەستووسی خویان تێدایە ، لەگەڵ ئەو کەرەستە و کەلوپەلانەی کە بەکاریان هێناون .. ساڵانە بە هەزاران گەشتیار سەردانی ئەم مۆزەخانەیە دەکەن .
لە دوای مردنیشیانەوە تا ئەمڕۆ ، لە ژمارە نایات کە چەندین جاری تر ئەم کتێبەیان بە زمانی ئەڵمانی و زمانەکانی تری جیهان چاپکراوەتەوە و بڵاویان کردۆتەوە .. ئەم کتێبە گۆڕیویانەتە سەر زیاتر لە ( ١٧٠) زمانی جیاواز لە جیهاندا .. زۆربەی چیرۆکەکانیشیان کروان بە فیلمی کارتۆن و ئەنیمەیشن و ، بە چەندین زمان جیهانی دۆبلاج کراون .
لە چیرۆکە خۆشەکانی برایانی گریم : ( کۆڵوانە سوور )ەکە زۆربەی منداڵانی جیهان ، بە منداڵانی کوردیشەوە ، لە رێی فیلمی کارتۆنی دۆبلاج کراوەوە ، ئەم چیرۆکە دەزانن و دیالۆژەکانی بوونەتە وێردی سەر زمانیان .. لە چیرۆکە بەناوبانگەکانی تری برایانی گریم( ساندریلا ) ، ( پاشای چیای زێڕین ) ، ( هۆل خانم ) ، ( بووکە راستییەکە) ، (ژنە جادووگەرەکە شەڕخوازەکە) ، ( رابونزل ) ، ( کچەشازادەی نووستوو ) یا
( کچەپاشا و حەوت کورتەباڵا ) یا ( بەفرین) : ( بەفرین ، کچەپاشایەکی زۆر سپی و جوان و ناسک دەبێت ، دوای مردنی دایکی دەبێتە ژێرچەپۆکەی باوەژن ، کە زۆر رقی لە بەفرین دەبێ و ئیرەیی بە جوانییەکەیدا دەبا و هەوڵی لە ناوبردنی دەدا .. جارێکیان لە ژێر کاریگەریی جادووی باوەژنەکەیدا ، بەفرێن بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ خەو دەیباتەوە و بە خەبەر نایات .. تا بە رێکەوت کوڕەپاشایەکی لاو دەیبینێت و ، زۆر سەرسامی جوانییەکەی دەبێت .. ماچێکی بەفرین دەکا و جادووەکە بەتاڵ دەبێ و بەفرین خەبەری دەبێتەوە و .. زۆر سوپاسی کوڕەپاشاکە دەکات و ، دەبێت بە دەزگیرانی ...)
برایانی گریم ، خزمەتێکی مەزنیان بە ئەدەبی منداڵان بەخشی و ، شایانی ئەوەن کە هەتا هەتایە بە نەمری بمێننەوە .. هەموو چیرۆکەکانیانتا ئەمڕۆش ، زۆر خۆشن و خۆشی و شادیان خستوونەتە دڵی هەموو منداڵانی جیهانەوە .. بوونە بە بەشێکی گرنـگ و نەمـریش لە کەلەپـووری ئەدەبیی ئەڵمـانیادا.. بۆیە ئەمسـاڵ ( ٢٠١٣) لە ئەڵمانیادا بە (ساڵی برایانی گریم ) ناو دەبرێ .. بە بۆنەی یادی ( چـاپی یەکەم)ی کتێبەکەی برایانی گریم ( چیرۆک بۆ منـداڵان و ماڵان )کە بۆ یەکەمین جار لە بەرواری(٢٠ ی / دێسەمبەر / ی ١٨١٢)دا چاپکرا.
یاکوب و ولیەم گریم ، نەک هەر لە بواری ئەدەبی منداڵاندا هەڵکەوتووبوون ، بەڵکو خزمەتێکی گەورەی زمان و مێژوو و کەلەپووری ئەڵمانیاشیان کرد .. مەرگ بواری نەدانێ، کە پرۆژەی ئەو فەرهەنگە زمانەوانییە ئەڵمانییەی، کە ماوەی چەند ساڵێکبە ئامادەکردنییەوە سەرقاڵ و ماندووبوون .. تەواوی بکەن .
لە ساڵی ( ١٨١٩) دا ، زانکۆی ( ماربۆرگ) ی ئەڵمانی ، ( بڕوانامەی دکتۆرایرێزلێنانی ) بە ( برایانی گريم ) بەخشی .
لە دوای ( رووخاندنی دیواری بەرلین :١٨٨٩) دا و ، یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیا .. لە ساڵی ( ١٩٩٠) دا ، لەسەر بەنرخترین پارەی کاغەزی ئەڵمانی ( ١٠٠٠ مارک) ( وێنەی برایانی گریم ) دانرابوو .. تا ساڵی ( ٢٠٠٢) دا ، کە پارەی ئەڵمانیا و هەموو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورپادا ، بوو بە ( یۆرۆ ) .
ئەمەو تا ئێستا چەندین جار لەسەر ( پوولی پۆست ) دا. وێنەی برایانی گریم ، یا پاڵەوانەکانی چیرۆکەکانیان دانراون .. هەروەها وەکو رێزلێنان و هەمیشە بەرزڕاگرتنی ناوی برایانی گریم .. چەند قوتابخانە و شەقامێکیش ، چەندین کۆگای فرۆشیاری لە شارەکانی ئەڵمانیادا بە ناوی(برایانی گریم ) ەوە ناونراون .
ئەمڕۆ لە ئەڵمانیادا، بزووتنەوەی ئەدەبی منداڵان لە گەشەکردن و پێشکەوتندایە، زیاتر لە سێ هەزار نووسەریئەدەبی منداڵان هەیە .. پازدە دەزگای چاپکردن و بڵاوکردنەوەی تایبەت بە کتێبی منـداڵان هەیە .. بۆ نموونــە : لە ساڵی ( ٢٠٠٥) دا ، ( ١٨٠٠) کتێبی چیرۆک و هۆنراوە و ، ( ٥٥٩) رۆمان ، بۆ منداڵان لە زمانەکانی ترەوە گۆڕییانە سەر زمانی ئەڵمانی .
لەپاڵ نووسەرە کلاسیکییەکاندا ، کە لە دەرەوەی ئەڵمانیاشدا ناوبانگیان هەیە .. کۆمەڵیک نووسەری بە توانای تریش هاتنە بواری نووسین بۆ منداڵان .. کە بە ژمارەی کتێبە فرۆشراوەکانیان ، توانیان نومرەیتازەی باڵای جیهانی تۆماربکەن .. لە سەروی هەموویانەوە ، نووسەری بە ناوبانگ خاتوو ( کۆرنیلــیا فۆنــکە) یە ، کە نووسەرێکی بەتوانای بواری ئەدەبی منداڵانە ، لە کتێبەکـانی ( ئەژدیهای شـاسوار )و ( مەرەکـــەبی دڵ) کە گۆڕیویانن بۆ سەر زمانی ئێنگلیزی و ، زۆرتــرین ژمـــارەیان لێ فرۆشراون .
هەروەها کەڵەنووسەری کۆچکردووی ئەڵمانی ( ئۆتۆ گرید برۆیسلیر ) کە لە ساڵی
( ١٩٢٣) لەدایک بووە ، یەکێکە لە نووسەرە مەزنەکانی بواری ئەدەبی منداڵان لە جیهاندا .. ( ٣٢) کتێبی بۆ منداڵان چاپکردووە .. تا ئێستا گۆڕیویانن بۆ سەر ( ٥٥) زمانی جیهانی و ( ٥٥) ملیۆن دانەیان لێ فرۆشتوون .. گرنگترین کتێبی چاپکراویشی : ( دزەکە تیسنبلوشە) و ( پیاوە بچکۆلەی ئاو ) ـە .
برویسلیر دەڵێ : " هەندێ جار لێم دەپرسن : بەڕێز برویسلیر بۆ بۆ منداڵان دەنووسی؟ بە ساکارییەوە وەڵامیان دەدەمەوە : چونکە خۆشیی لێ دەبینم .. ئێوەش ئەی منداڵانی خۆشەویست ، هیوادارم وەکو چۆن من لە نووسینەکانمدا بۆ ئیۆە چێژیان لێ وەردەگرم .. هیوادارم ئێوە لە خوێندنەوەیاندا، چێژێکی زیاتریان لێ وەربگرن."
روسیا :
یەکەمین کۆمەڵە چیرۆک کە لە رووسیادا بۆ منداڵان چاپکرا و بڵاوکرایەوە ، لەژێر ناوی ( داستانەکانی روسیا) دا بوو .
چەندین چیرۆکنووس و رۆماننووس و شاعیری بەناوبانگی روسی ، منداڵانیان فەرامۆش نەکردوون و بەشێک لە نووسینەکانیان بۆ منداڵان تەرخان کردووە .. وەکو:
( پۆشکین : ١٧٩٩ ـ ١٨٣٨) ز . رۆماننووس و شانۆنووس و ، شای شاعیرانی روسیا بوو .. پۆشکین کۆمەڵێک هۆنراوەی شیرین و ناسکی بۆ منداڵان هۆنیوەتەوە . یەکێک لە هۆنراوەکانی ( راوکەر و ماسی ) یە .
( مەکسیم گۆرگی : ١٨٦٨ ـ ١٩٣٦) رۆماننووسێکی بەناوبانگی جیهانییە و ، خاوەنی رۆمانی بە ناوبانگ ( دایـک ) ـە .. مەکسیم گۆرگی ، رۆڵێکی گرنگی لە گەشەکردن ئەدەبی منداڵان لە رووسیادا هەبوو .. گۆرگی دەڵێ : " منداڵ لە هەموو سەردەمێکداهێمای بێتاوانی و پاکی و خێر و راستی و جوانییە.."
گۆرگی ، گەورەترین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەدەبی منداڵا نی لە روسیادا دامەزراند .. ماڵەکەشی کردبووە ژوانگەی نووسەران .. زۆر جار لە ماڵەکەیاندا لەگەڵ نووسەرانی ئەدەبی منداڵاندا دادەنیشت و گوێی لێیان دەگرت و ئامۆژگاری و رێنمایی دەکردن .. چەند جارێکیش کێبڕکێی بۆ ئەدەبی منداڵان سازدا .. خەڵاتی رێزلێنانیشی بە نووسەرانی تێکستە سەرکەوتووەکان دەبەخشی .
لە تێڕوانینی گۆرگی یەوە، پێویستە ئەدەبی منداڵان هاوڕەوت بێ لەگەڵ پەروەردەی نوێدا ، پەروەردەش پەروەردەیەکی کۆمەڵایەتی بێ ، پەروەردەی کۆمەڵایەتیش بەلای گۆرگی یەوە ، ئەنجامدانی کاریشۆڕشگێرانە و ، رزگارکردنی مێشکی منداڵانە لە خەیاڵپووچی و لەداب و نەریتی سواو .. دەبێت منداڵان بە شێوەیەک گۆش و پەروەردە بكرێن ، کە زیاتر لە داهاتوو بڕوانن ، وەک لەوەی کە ئاوڕ لە رابردوو بدەنەوە .. مەبەستی گۆرگی ئەوەش نییە کە هێڵی راست و چەپ بەسەر رابردوودا بهێنین و ، لەبەرچاوی منداڵانی بخەین ، یا لە رەگەوە بەها نەتەوەییەکانمان رەگکێش بکەین .. بەڵکو پێویستە بە شێوەیەکی راستگۆیانە و روون و بێ ئارایش ، باسی رابردوویان بۆ بکەین .. لەم رووەوە گۆرگی دەڵێ : "پێویستە زانیاری لە خزمەتیئەندێشەی منداڵاندا بێت .. منداڵانیش وا رابهێنین کە بیر لە داهاتوو بکەنەوە .. "
گۆرگی جەخت لەسەر بایەخی چیرۆکە کۆنە میللییەکان دەکاتەوە ،لە گەشەکرنی هۆش وهزری منداڵان و ، لە هەست کردن بە داهێنان لە هونەر و ئەدەبدا و دەوڵەمەندکردنی زمان .. گۆرگی تەنها پێبەندی ئەم بیروباوەڕانە نەبوو ، بەڵکو لەگەڵ منداڵان خۆشیاندا دادەنیشت و ، لە را و بۆچوونەکانیانی دەپرسی ، تا بزانێ کە چییان بۆ بنووسرێت .. گۆرگی پێشنیاری خۆی لە دوو وشەدا چڕ کردۆتەوە : " هەمــوو شــتێ "
( تۆڵستۆی : ١٨٢٨ ـ ١٩١٠ )ز . بیرمەند و چاکسازێکی کۆمەڵایەتی و داواکەرێکی سەرسەختی ئاشتی بوو ، فەیلەسووفێکی بلێمەت و کەڵەڕۆمانووسێکی جیهانی بوو ، یەکێک بو لە کۆڵەکەکانی ئەدەبی رووسی لە سەدەی نۆزدەمیندا ، گرنگترین کاری ئەدەبی ، دوو رۆمانی بەناوبانگن ( شـەڕ و ئاشـتی: ١٨٦٩) و ( ئانـا کـارنینا: ١٨٧٣)یە .. تۆڵستۆی نزیکەی نەوەت چیرۆکی خۆش و ئاسان و مەبەستداری بۆ منداڵان نووسیوە و چاپی کردوون ، ئامانجی چیرۆکەکانیشی بەرجەستەکردنی خۆشەویستی و ئاشتی و دڵسۆزی و هیوایە لە دڵی منداڵاندا ..ئەمانەش ناوی هەندی لە چیرۆکەکانیێتی : ( مراوی و مانگ) ، ( سێ هاوڕێ ) ، ( دوو بـرا ) ، (بەردەکە )، ( ئەسپە پیرەکە) ، (سەگە پیرەکە) ، ( مریشک و جووجەڵەکانی ) ، ( جووتیارەکە و خەیارەکانی ) ،( سەرەتایەکی زەحمەت ) ، ...هتد.
( ێیڤان کریلۆف : ١٧٦٩ ـ ١٨٦٦) ز . شاعێرێکی ناسراوی روسییە ، کۆمەڵەڵێک چیرۆکی بە زمانی ئاژەڵەوە بۆ منداڵان نووسیوە .. کە گوزارشت لە باردۆخی روسیا لە سەردەمی فەرمانڕەوایی قەیسەرەکان دەکەن .
( مایکۆفسکی : ١٨٩٣ ـ ١٩٣٠) شانگزە هۆنراوەی بۆ منداڵان نووسیوە .
ئەمڕۆشلە رووسیادا ، بە سەدان کتێبخانەی تایبەت بە کتێبی منداڵان هەن ، ساڵانەش بە سەدان کتێب و گۆڤار بۆ منداڵان چاپ دەکرێن و بە نرخێکی هەرزان دەیان فرۆشن.
وڵاتانی ئیسکندناڤیا (دانیـمارک ، سـوید ، نەرویـج ) :
زۆربەی چیرۆکنووسان و رۆماننووسان و شاعیران و شانۆنووسە ناسراوەکانی وڵاتانی ئیسکندناڤیا سوودیان لە کەلپوور و فۆلکلۆر و لە داستان و مەتەڵ و ئەفسانە کۆنەکانی وڵاتەکانیان وەرگرتوون ، لە نووسینەکانیاندا رەنگیان داونەتەوە .. بۆ نموونە خێو و دیۆدرنج ، پەری ، بووکی دەریا ، پیرێژنی جادووگەر ، جنۆکە ، جانەوەر و دەعبا و ، خەیاڵئامیزی پانتاییەکی زۆریان لە ئەدەبی منداڵاندا گرتۆتەوە .
ئەگەر چیرۆک و شانۆگـەرییەکـانی ، کەڵە شانۆنووسی ناسـراوی نەرویــجی و جـیهانی ( هێنریکئەبسن: ١٨٤٨ ـ١٩٠٦) بخوێنیەوە ، کاریگەرییئەفسانەییان پێوە دیارە .. بە تایبەتیش لە شانۆگەری ( ماڵێک بۆ بووکەڵە)دا .
دانیمارک :
کەڵەنووسەری بەناوبانگی دانیمارکی و جیهانی ، چیرۆکنووسی منداڵان ، شانۆنووس ، رۆماننووس ، شاعیر ( هانز کریستیان ئەندەرسن : ١٨٠٥ ـ ١٨٧٥) لە شاری ئۆدنیز لە دانیمارک لەدایک بووە ،تاقانەی خێزانەکەی بوو .. منداڵێکی لەڕ و لاواز و هێمن بوو .. لە قوتابخانەدا ، لە وانەی وەرزشدا ، لە ترسی ئەوەی هانز نەکەوێتە بن دەست و پێی هاوڕێکانییەوە ، مامۆستاکەی دەستی دەگرت و ئاگای لێ دەبوو .. بەڵام تا بڵێی منداڵێکی خەیاڵ بڵاو و بیرتیژ و سەرنج وورد بوو .. باوکی شەوانە چیرۆک و مەتەڵ و ئەفسانە کۆنەکانی بۆ دەگێڕایەوە .. لە دار شانۆیەکی بچووک و چەند بووکەڵەیەکیشی بۆ دروست کردبوو ، کە بەنی پێوە بەستبوون و دەیبزواندن و دەیدواندن .
هانز کریستیان ئەندەرسن ، تەمەنی سیانگزە ساڵان بوو کە باوکی مرد ، بۆ یەکجاری دایکی و شارەکەیان بەجێ دەهێڵێ و روو لە ( کۆپنهاگن )ی پایتەختی دانیمارک دەکا .
بۆ مێردمنداڵێکی رەشوڕووتی گیرفان بەتاڵ ، برسی و بێکار ، بێ شوێنی حەوانەوە .. ژیان زۆر سەخت بوو .. بەڵام هانز ئەندەرسن ، بڕوابەخۆ و ، گەشبین و خۆڕاگر و کۆڵنەدەر بوو .. هەلی خوێندن و کارکردنی لە بواری شانۆدا بۆ رەخسا .. توانی بگات بە هیوا و ئامانجەکانی .. دەستی بە نووسینیچیرۆک کرد .. خۆی بە قەرزاری چیرۆک و ئەفسانە و داستانە کۆنەکان دەزانێت ، ئەو چیرۆک و ئەفسانە کۆنانە ، بوونە هەوێنی نووسینی چیرۆک و شانۆگەرییەکانی بۆ منداڵان .
لە ساڵی ( ١٨٣٥) دا ، هانز ئەندەرسن یەکەمین کتێبی خۆی بە ناوی ( چیـرۆکە ئەفسانەییەکان بۆ منداڵان ) چاپکرد و بڵاوی کردەوە ..ژمارەی ئەو چیرۆکانەی کە هانز بۆ منداڵانی نووسیون ( ١٥٠) چیرۆکن .. ژمارە هەموو کتێبە هەمەڕەنگە چاپکراوەکانیشی (١٦٨) کتێبن .. ئەم ژمارەیەش بۆ ئەو سەردەمە ، ژمارەیەکی پێوانەیی باڵا بووە ، لە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبدا .
هانز کریستیان ئەندەرسن ، بیرەوەرییەکانی ژیانی رۆژانەی خۆشی ، پێش مردنی لە سێ بەرگدا لەژێر ناوی ( داستانی ژیانم ) دا ، چاپکرد کە تێکڕای ژمارەی لاپەڕەکانیان ( ٤٥٠٠) لاپەڕن .. ئەمانەش ناوی هەندی لە چیرۆکەکانی (هانز ئەندەرسن ) ـە بۆ منداڵان : ( تۆمالیزا )یا ( پەنجەباڵا ) ، ( شازادەی بەفر ) ، ( دەریاچەی قازەکان) ،
( کچە شوانەکە ) ، ( گوڵەکانی ئیڵدای بچکۆلە ) ، ( بێچوە مراوییە لاسارەکە ) ،
( قالۆنچە ) ، ( کراسە تازەکەی ئیمبراتۆر ) ، ( پەرییە بچکۆلەی دەریا) ، ( داریسەروو ) ، ( رۆژنامەنووس ) ، ( دوو خۆشەویستەکە ) ، ( بولبولەکەی ئیمبراتۆر ) ،
( پاککەرەوەی کوڵبێنە) ، ( پێڵاوی سوور ) ، ( خێزانکی بەختەوەر ) ، ( زەنگ ) ،
( کچە شقارتەفرۆشەکە ) ، ( سەربازی تەنکە ) ، ( قازە کێوییەکان ) ، ( سێبەر ) ،
( چیرۆکی دایکێک ) ، ( شازادە و دەنکە فاسولیا ) ، ... هتد .
چیرۆکی ( پێڵاوی سووور) لە ساڵی ( ١٩٨٥) دا وەکو شانۆگەرییەک بۆ منداڵان ، لە تەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمار کرا ، کە هونەرمەندی بە توانا کاک ( رزگار کەریم سەعید) کە ئيستا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی ، گۆڕیبووی بۆ سەر زمانی کوردی و ، دەریهێنابوو ، هۆنەرمەندی گەورەی گەلەکەشمان ، خاتوو ( گەزیزە عومەر ) رۆڵی پێڵاوفرۆشەکەی تیدا دەبینی .. من لە هەمان رۆژی تۆمارکردنی پێڵاوی سووردا ، لە تەلەفزیۆنی کەرکوک بووم و ، بەرنامەی ـ جیهانی منداڵان ـ مان تۆماردەکرد ، کە من ئامادەکەری ئەم بەرنامەیەم بووم .. لە بەرنامەکەماندا هەر ئەو رۆژە ، چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ئەو کوڕە منداڵەی کە رۆڵی تامەزرۆی پێڵاوی سووری دەبینی ، سازکرد .. بۆ دڵنیابوون لە ساڵی تۆمارکردنی ئەو شانۆگەرییە ، پەیوەندیم بە مامۆستا ( گەزیزە ) وە کرد ، دیارە ئەویش ساڵی تۆمارکردنی لە تەلەفزیۆندا ، لەیاد نییە کە بە تەواوی چ ساڵێک بوو .
چیرۆکەکانی هانز ئەندەرسن بۆ منداڵان ، ئەگەر نەڵێم بۆ هەموو زمانەکانی جیهان ، گۆڕیویانن بۆ سەر زۆربەی زمانەکان و ، کراون بە فیلمی کارتۆن و ئەنیمەیشن و ، بە چەندین زمانی جیهانی دۆبلاج کراون ، چەند چیرۆکێکیان بە کوردیش دۆبلاج کراون ، لەوانەش ( تۆمالیزا ـ پەنجە باڵا ) .. منداڵان خۆشی و چێژێکی زۆریان لێ وەردەگرن .
لە ساڵی ( ١٨٣٨) دا، وەکو رێزلێنان و پێزانین بۆ ئەو خزمەتە پیرۆزەی پێشکەشی منداڵانی دەکرد ، ( خەڵاتی شاهانەی دانیمارک ) بە ( هانز کریستیان ئەندەرسن )یان بەخشی .. خەڵاتەکەشی ئەوەبوو ، کە تا لە ژیاندایە ، لەسەر ئەرکی حکومەتی دانیماک هەر کاتێک خۆی بییەوێت و ، ئارەزووی سەردانی هەر وڵاتێکی لە ئەوروپادا بکات .. گەشتکردنەکەی کراوەیە و ، هەموو خەرجییەکی دانیمارک بۆی دەدا .. هانز سەردانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای کرد و ، سوودیکی زۆری لەو گەشتانەی بینی و ، چی جێی سەرنج راکێشان و دڵخۆشیی بووایە ، بە هۆنراوە و پەخشان و وێنەکێشان گوزارشتی لێکردوون و ، لە ( داستانی ژیانم ) دا ، تۆماری کردوون .
هانز ئەندەرسن لە ( ٤ی / ٨ /ی ١٨٧٥) دا ، لە کۆپنهاگن ، کۆچی دوایی کرد .. دوای ئەوەی کە سامانێکی زۆر بەنرخی بە منداڵانی جیهان بەخشی .. دوای مردنیشی هەموو چیرۆکەکانی بۆ منداڵان لە کتێبێکدا لەژێر ناوی ( چـیرۆکەکـــان ) دا چاپکرا .. شایانی خۆشێتی هەتا هەتایە دانیمارک شانازی بەم کەڵە نووسەرەیەوە بکات .. کە پێشەنگی هەموو نووسەرانی ئەوروپا بوو لە بواری ئەدەبی منداڵاندا .. هانز ئەدەرسن ئەوەشی شایانە کە بە ( باوکی ئەدەبی منداڵان ) ناویان دەبرد .
بۆ هەمیشە بەرزڕاگرتنی یادی هانز ئەندەرسن .. وڵاتی دانیمارک ، هەر دوو ساڵ جارێکخەڵاتێک ، بە ناوی ( خــەڵاتی هانــز کریســتیانئەنـــدەرسن ) ، یا بە خەڵاتی ( نوبڵی بچوک ) یش ناودەبرێت کە خەڵاتێکی جیهانییە و لە لایەن شاژنی دانـیمارکەوە خاتوو ( مارگـرێت ) لە ئاهەنگێکی فەرمیدا .. دەبەخشرێت بە نووسەرانی ، ( باشترین تێکست بۆ منداڵان ) و ..بە ( باشترین وێنەکێشی بواری کتێبیمنداڵان) ش.
چەندین ساڵیش ( وێنەی هانز ئەندەرسن لەسەر پوولی پۆست ) دا دانراوە .. شەقامێکی سەرەکی لە کۆپنهاگن بە ناوی ئەمەوەناونراوە و پەیکەرێکی شایستەشیان بۆ دروست کردووە .. ساڵی بە هەزاران کەسیش سەردانی ماڵەکەی دەکەن .
سـوید :
لە وڵاتی سوید دا ، کەڵەنووسەری بەناوبانگی سویدی و جیهانی ، رۆمانووسی ناسراو خاتوو ( سەلمە لاگەرلۆف : ١٨٥٨ ـ ١٩٤٠) جێ پەنجەی لە ئەدەبی منداڵاندا دیارە .
سەلمە لاگەرلۆف ، یەکەمین نووسەری ئافرەت بوو لە سوید دا ، یەکەمین نووسەری سویدیشە کە ( خەڵاتی نۆبڵ )ی وەرگرت ، ( یەکـەمین ئـافرەتیشە لە جیـهان ) دا ، کە ( خەڵاتی نۆبڵ ) ی وەرگرت.
سەلمە لاگەرلۆف ، لە شاری(موریکا ) لە هەرێمی ( ڤارملاند ) ی سەر سنووری سوید و نەرویج لەدایک بووە و ، لەوێدا ژیاوە .. بەشێکی زۆری رووداوەکانی چیرۆک و رۆمانەکانی ، بۆ ئەم دەڤەرە دەگەڕێنەوە .
سەلمە لاگەرلۆف ، ماوەی دە ساڵ مامۆستا بووە و وانەی دەوتەوە ، دوایی وازی لە وانە وتنەوە هێناو و ، خووی بە نووسین و چاپکردنی نووسینەکانی دا .
یەکەمین رۆمانی لە ساڵی ( ١٨٩١) دا لەژێر ناوی ( داستانی گۆستابرلینگ)دا چاپکرد. بە ناوبانگترین نووسینەکانی سەلمە : ( گەشتەکانی نیڵز ) ، ( پەیوەندییە نهێنییەکان ) ، ( ماڵە کۆنەکە ) ، ( قودس ) ـە.
( گەشتەکانی نێڵز ) ، یەکێکە لە رۆمانە نەمرەکانی سەلمە لاگەرلۆف ، کە تا ئەمڕۆش منداڵان ، بە کارە سەرکێشییەکانی نێڵز سەسام و دڵخۆشن .. ( نیـڵز) ی پاڵەوانی گەشتەکانی ئەم چیرۆکە ، کوڕە منداڵێکی چەتوون و لاسارە ، گێچەڵ و تەڵفیسی بە کورتە باڵایەک دەکا .. سزاکەی ئەوەیە ئەميش دەبێت بە کوڕێکی ( بستە باڵا )و ، نایناسنەوە ، نێڵز زمانی ئاژەڵ و باڵندەکان فێردەبێت و ، لەگەڵ پۆلێک قاز و مراویدا ، کە لەوەپێش لە کێڵگەکەیاندا دەنيشتنەوە و ، نیڵز ئازاری دەدان .. دڵیان پێ دەسووتێ و سواری سەر پشتی یەکێک لە قازەکان دەبێت و ، بۆ گەشتەکانیان هەڵدەفڕن .. تووشی گەلێ سەرکێشی و هەڵوێست و رووبەڕووبوونەوەی سامناک دەبن و دەربازیان دەبێت ..لە کۆتاییدا دەگەڕێنەوە و ، نێڵز دەبێتەوە بە کوڕە ئاساییەکە و بە نیشمانەکەی خۆێ شاد دەبێتەوە .. ئەم چیرۆکە کراوە بە فیلمی کارتۆن و ، بە زۆربەی زمانەکانی جیهان دۆبلاج کراوە .
وەکو رێزلێنانێک بۆ خزمەتەکانی ئەم نووسەرە ، حکومەتی سوید ، وێنەی سەلمە لاگەرلۆف ی ، لە سەر پارەی (٢٠کرۆن )یسویدی داناوە .
نووسەر و سیناریۆنووسی بەناوبانگ خاتوو ( ئەسترید لیندگرین : ١٩٠٧ ـ ٢٠٠٢) ز یەکێکە لە نووسەرە ناسراوەکانی سویدی و جیهانی لە بواری ئەدەبی منداڵاندا .. خاتوو ئەسترید لیندگرین ، لە ریزبەندی هەژدەمیندایە لە جیهاندا ، لە رووی ژمارە زۆری گۆڕینی کتێبەکانی بۆ سەر زمانەکای جیهان .. نزیکەی ( ١٤٥) ملیۆن دانە کتێب لە کتێبەکانی بۆ منداڵان لە هەموو جیهاندا فرۆشراون .. خاتوو ئەسترید لیندگةرین بە زنجـیرە کتێبی ( پیـپی ی گــۆرەوی درێــژ )بە ناوبانگە .. خاتوو ئەسترید چەندین خەڵاتی رێزلێنانی سویدی و جیهانیان پێ بەخشی .
نەرویــج :
لە نەرویجدا ، لە هاوشێوەی( برایانی گریم ) ی ئەڵمانی ، دوو نووسەری هاوڕێی دڵسۆزی یەکتری ( پێتەر کریستن ئاسبیورنسن: ١٨١٢ ـ ١٨٨٢) و ( یورگن موا: ١٨١٣ـ ١٨٨٥ ) لە سەدەی نۆزدەمیندا دەستیان بە کۆکردنەوەی ئەفسانە و مەتەڵ و داستان و چیرۆکە میللییەکانی نەرویج کرد ، بە شێوەیەکی هۆنەری و ئەدەبیی گۆنجا ،دووبارە بۆ منداڵان دایان ڕشتوونەتەوە و ، لە چەند بەرگێکدا چاپیان کردوون ، دەستپێکی چیرۆکەکانیشبە دەستەواژەی و بە ( جارێک لە جاران ... ) دەستیان پێکردوون .. ئەوچیرۆکەکانیش هەربە ناوی ئەم دوو هاوڕی یەوە بڵوکراونەتەوە ، بە ناوی ( چیرۆکەکانی ئاسبیورنسنوموا ) ناودەبرێن ، کە بە بەشێک لە کەلەپووری ئەدەبیی نەروىج دەزانرێن .. چیرۆکەکانیان گوڕیون بۆ سەر چەندین زمانی جیهانی .
( جۆنستاین گاردەر) لەدایکبووی ساڵی ( ١٩٥٢) ز ، لە ژیاندایە ، مامۆستایەکی فەلسەفە و مێژووە لە زانکۆدا .. لە بواری فێرکردن و ئەدەبدا ، پێکەوە کاردەکات . نووسەرێکی بەناوبانگی نەرویجییە ، لە بواری نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان .
ئەمریـکا :
وەکو دەزانین ، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، لە کۆتایی سەدەی پانگزەمیندا ، لە ساڵی ( ١٤٩٨)دا ، لە لایەن گەڕیدەی بەناوبانگی ئیتالی ( کریستۆف کۆڵۆمبس ) ەوە دۆزرایەوە .. بەڵام ( هیندییە سوورەکان ) زیاتر لە ( دە هەزار ساڵ )ـە لەوێدا دەژین و خەڵکی رەسەنی ئەو کێشوەرەن .. ئێمە لێرەدا مەبەستمان لەو نەتەوەانەی ترە ، کە لە دوای دۆزینەوەی ئەمریکادا، لە وڵاتانی ترەوە کۆچیان بۆ کرد .. بۆیە دەتوانین بڵێین داب و نەریتی ئەدەبی لە ئەمریکادا ،لە چاو وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقاوە .. رەگ و ریشە و، سیمایەکی تایبەتمەندی و مێژووییی ئەوتۆی نییە .. بەڵکو ئەمریکا پشتی بە وڵاتانی تر دەبەست ، کە لە هونەر و لە ئەدەبدا ، زۆر پێشی کەوتبوون و ، لەو پێشکەوتووتر بوون .
ئەدەب بە گشتی و ئەدەبی منداڵان بە تایبەتی زۆر بە خێرایی و بە باشی لە ئەمریکادا گەشیان کرد ، ئێستا ئەمریکا زۆر لە پێشی ئەو وڵاتانەوەیەکە پێشتر پێشی کەوتبوون .
نووسەر( سمۆئیل جۆد ریتش ) رۆڵیکی باڵای هەبوو ، لە پێشخستنی ئەدەبی منداڵان لە ئەمرکادا ، ئەوەبوو ( چیرۆکەکانی پێتەر بیلی ) ی بڵاوکردەوە .
لە ساڵی ( ١٨٧٦) بەدواوە ، گرنگییەکی زیاتر بە گەشەکردنی ئەدەبی منـداڵان درا .. لە نووسەرە بەناوبانگەکانی ئەدەبی منداڵان لە ئەمریکادا :
خاتوو ( لویزا مەی ئالکۆت ) و ( فرانک تۆم ) و ( ئیلیانور پۆرتەر) ، ( جۆل هاریس) ، ( مارگرێت وایز براون) ، ( راندال بنیان) ، (هاربێت بێتشەر ستاو) و ، چەند نووسەرێکی تری ئەم بوارە .
( پۆل بنیان ) کۆمەڵێک چیرۆک و مەتەڵی میللی بۆ منداڵان نووسیوە ، زۆربەی چیرۆکەکانیشی گۆزارشت لە پاڵەوانێتی و هێز و ئازایەتی دەکەن .. یەکێک لە چیرۆکە ناسراوەکانی ( ئەمریکییەکی دارەوان ) ـە .
( جۆن هاریس) یش ( سەرکێشییەکانی مامە ریمۆس ) ی نووسیوە .
( هاربێت پێتشەر ستاو ) ، بەناوبانگترین نووسەری ئەدەبی منداڵانە لە ئەمریکادا .
نووسەری ناسروای ئەدەبی منداڵان خاتوو ( سارا کۆن برنات ) بوو ( وانەی چیرۆک ) یا ( کاتژمێرێک بۆ چیرۆک )ی داهێنا .. وانەی چیرۆک بە فەرمی بوو بە بەشێک لە بەرنامەی پەروەردەیی لە قوتابخانەکانی ئەمریکادا .. هەفتانە بۆ ماوەی کاتژمێرێک لە پۆلدا ، یا لە ژوورەتەرخانکراوی کتێبخانە تایبەتییەکانی منداڵاندا .. منداڵان بە جۆش و پەرۆشەوە لە دەوری مامۆستاکەیان ، یا لە دەوری چیرۆکخواندا دادەنیشن و ، گوێ لە چیرۆکێکی تازە دەگرن .. دوایش دەمەتەقێی لەسەردەکەن و ، هەریەکەشیان سەرنج و رای خۆی دەربارەی چیرۆکەکە دەردەبڕێت .. بە پراکتیکی ئەوەش ساغبۆتەوە ، بەلای منداڵانەوە ، چێژی گوێگرتن لە چیرۆک ، لە چێژی خوێندنەوەی کەمتر نییە .
شایانی باسیشە لە ساڵی ( ١٩٦٤) ەوە ، لە کۆنگرێسی ئەمریکادا ، راوێژکارێک بە ناوی ( راوێــــژکاری کتـــێبی منـــداڵان )ەوە دانرا .. یەکەمین راوێژکـاریش ، خاتــوو ( زیــلا جـاکۆیش ) بوو .. کە بەڕێوەبەری بەشی منداڵان بوولە کتێبخانەی گۆنگرێسی ئەمریکادا .
ئەمڕۆ لە ئەمریکادا ، ساڵانە چەندین کتێب و گۆڤاری بابەت هەمەڕەنگە بۆ منداڵان دەردەکرێن و ، بە ملیۆنان دانەیان لێ چاپ دەکرێن و بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشرێن ، بایەخێکی زۆریش بە رەنگ و دیزایین و لایەنی هونەرییان دەدەن .. بە سەدان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و گۆڤاری منداڵان لەم بوارەدا خزمەت دەکەن .. بەشێکی زۆری ئەم گۆڤار و رۆژنامانەی منداڵان ، منداڵان خۆیان سەرپەرشتییان دەکەن و ،دەریان دەهێنن .. ئەمریکا بایەخێکی زۆریشی بە کتێبخانەی تایبەت بە منداڵان داوە ، بە سەدان کتێبخانەی گشتیی منداڵان ، لە ئەم پەڕ تا ئەوپەڕی ئەمریکادا هەن .. بە زۆریش منداڵان خۆیان بەڕیوەیان دەبەن .
پێویستە ئامەژەش ، بە کەڵە هونەرمەند و داهێنەری فیلمی کارتۆن و ئینیمەیشن ، دەرهێنەری بلیمەت و فیلمساز ( واڵت دیزنی: ١٩٠١ ـ ١٩٦٦) بکەین .. کە رۆڵێکی باڵای لە پێشخستن و بە نەمری کردنی چیرۆک و رۆمان و ئەفسانە نووسراوەکانی نووسەران هەبوو .. چەندین چیرۆکی ئەفسانەیی ، بە فیلمی کارتۆن دەرهێناوە .
ئیتالـیا :
بەشێکی زۆری نووسەرانی ئیتالیا ، لە نووسینی چیرۆکی ئەفسانەیی و داستان دوورکەوتنەوەوە .. بەڵام لە ئەمڕۆدا ، چەند ئاراستەیەکی نوێ لە ئارادایە بۆ بوژاندنەوەی کەلەپووری ئیتالی .. پێشەنگی ئەم ئەم هەوڵەش ، نووسەری ناسراو (ئیتالۆ کالفینۆ ) یە ، کە لە هەموو دیالیکتە جیاوازەکانی ئیتالیاوە ، چەندین چیرۆکی ئەفسانەیی و میللی وەرگرت و ، لە فۆرمێکی تازەی ئەدەبی و هۆنەریدا، بە زمانی نوێی ئیتالی دایڕشتوونەتەوە.. ئیتالۆ ئەو راستییەی خستۆتە بەرچاو ، کە ئادەمیزاد پێش ئەوەی ببنە نەتەوەی جیاواز و ، سیما و تایبەتیی خۆیان هەبێ ، لە کۆمەڵێک خەسڵەتی گشتیدا هاوبەشن .
ئەدەبی منداڵان لە ئیتالیادا بەوە ناسراوە کە پەیوەندییەکی تەواوی بە راستییەکانی سەردەمەوە هەیە .. بە ناوبانگترین نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان لە ئیتالیادا
( جین روداری) یە . ئەم نووسەرە کتێبیێکی بۆ منداڵان هەیە لەژێر ناوی ( گیرفانێک لەئامێری تەلەفزیۆن ) دا .. کە کۆمەڵێک چیرۆکی خۆشی بۆ منداڵان لەخۆگرتووە.
نووسەرێکیکەی ئیتالی لە بواری ئەدەبی منداڵاندا ( داڤـیدی کـالی ) یە ، خاوەنی کتێبی
( مالینا بالینا ) یا ( نەهەنگی مالینا ) یە ، کە کتێبێکە بۆ منداڵان ، بێجگە لەم کتێبە داڤیدی ، چەند کتێبێکی تریشی بۆ منداڵان چاپکردووە .
یۆنـان :
یۆنان ، لانکی شارستانی و ، وڵاتی فەیلەسووفان و بیرمەندە مەزنەکانی جیهانی .. لە ساڵی ( ١٤٨٤) دا ، لە ژێر ناوی ( ئەفسانەکانی ئێسوب ) دا ، کە بریتییە لە کۆمەڵێکچیرۆکی ئەفسانەیی و ئەندێشەیی .. لە لایەن ( ولیام کاکستۆن )ەوە ، چاپکرا و بڵاوی کردنەوە .. لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا ئاماژەمان بە ئێسوب بەم چیرۆکانە کرد .
یۆنانییەکان بەو ئاراستەیە منداڵیان پەروەردە دەکرد ، کە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدابن و پشت بە خۆیان ببەستن و ، ببنە دەربەری ئایندە .
هیندستان :
هیندییەکان ، بایەخێکی زۆریان بە منداڵان و بە ئەندەبی منداڵان دەدا .. ( چیرۆکەکانی پەنجا کنتا ) کۆمەڵێ چیرۆکی میللی بوون بۆ منداڵان .. پێشتر ئاماژەمان بە چیرۆکەکانی (کەلیلە و دیمنە ) کرد ، کە لە نووسینی فەیلەسووفی هیندی ( بەیدەبا ) ن .
ئێـران :
لە کۆندا لە ئێران ، لەسەر بنەمای ئەم سێ پرانسیپە منداڵانیان فێردەکردن و ، رایان دەهێنان : ( ئەسپ سواری ، تیرهاویشتن، راستگۆیی ) .. دوایش وەکو جەنگاوەرێک دەخرانە ریزی جەنگاوەرانەوە و ، لە تەمەنی پانگزە ساڵیشدا ( پشتێنی پیاوانە ) یان لە پشتی منداڵ دەکرد .. ناسراوترین و بە ناوبانگترین نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان لە ێێراندا ، چیرۆکنووسی منداڵان و شاعیر( سەمەدی بەهرەنگی : ١٩٣٩ ـ ١٩٦٣)یە کە لە شاری تەورێز لەدایک بووە ، نووسەرێکی بە رەگەز ئەزەری یە .. یەکێک لە چیرۆکەکانی بۆ منداڵان ( ماسییە رەشە بچکۆلەکە ) یە ، ئەم چیرۆکە گۆڕیویانەتە سەر زمانی کوردیش ، سەمەدی بەهرەنگی چەند کتێبیکی تریشی نووسیوە ، یەکێک لەو کتێبانەی ( ئەفسانەکانی ئازربیجان ) ە .
( هۆشەنگ مرادی کرمانی ) نووسەریکی ناسراوی ئێستای ئێرانە ، لە ( ١٩٩٠) ەوە لە بۆرای نووسین بۆ منداڵاندا ، دەستی بە نووسین کردووە .. چەند کتێبێکی بۆ منداڵان چاپ کردووە .. کتێبەکانی گۆڕیویانن بۆزیـاتر لە ( ٢٠) زمانی جیهانی .
ژاپـۆن :
ژاپۆنییەکانیش شوێن پەنجەیان لە گەشەکردنی ئەدەبی منداڵاندا دیارە .. گەلێ نووسەری باشیان لەم بوارەدا هەیە .. ناسراوترینیان ، خاتوو ( کیوکو ئیواسکی)یە ، کە چەند کتێبێکی دەربارەی ئاژەڵ و باڵندە و گوڵ بۆ منداڵان چاپکردووە .. ئامانجی خاتوو کیوکو بایەخدانە بە سروشت .
ئیسپانیا :
نووسەرانی ئەدەبی منداڵان لە ئیسپانیادا ، بۆ دابین کردنی بابەتی هەمەڕەنگەی ئەدەبیی پێویست بۆ منداڵانی قوتابخانەکانە بنەڕەتییەکان و، بۆ دەرەوەی قوتابخانە ، بە لێشاو دەیانووسی .. بۆ داهێنانی و گەشەکردنی ئەم جۆرە ئەدەبەش ، چەند یانەیەکی رۆشنبیریی ئیسپانی ی بەتەنگەوەهاتووی منداڵان ، هانی نووسەرانیان دەدا و خەڵاتیان بۆ باشترین تێکست بۆ منداڵان تەرخان کردبوو ، لەوانەش : ( خەڵاتی یانەی کریکۆ )کە ( ٩٣) کتێبخانە ئەندامی ئەم یانەیەن .. ( خەڵاتی یانەی کاڵتۆ )بۆ داهێنانی ئەدەبی منداڵان ..(خەڵاتی كۆمەڵەی رۆشنبیری) ی ناسراو بە ( قەڵای دێرین ) .
نووسەری ئیسپانی ( خستیە میرینۆ ) خاوەنی رۆمانی ( فرمێسکەکانی خۆر ) چەندین نووسینی جوان و بەسوودی بۆ منداڵان نووسیوە .
هەریەکەش لە وڵاتانی ( بولگاریا ، چین، رۆمانیا ) رۆڵیان لە گەشەکردنی ئەدەبی منداڵاندا هەبووە ، بە تایبەتیش لە ( بولگاریا ) دا ، ئەدەبی منداڵان پێشکەوتووە .
(*) لە ( بەشی سێیەم ) دا ، باس لە مێژووی ئەدەبی منداڵان ، لە چەند وڵاتێکی عەرەبی و لە عێراقدا دەکەین .. لە ( بەشی چوارەم ) يشدا ، باسی مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد لە کوردستاندا دەکەین .
5/08/2013