هاونیشتمانانی خۆشەویست
رۆژی ٢ی رێبەندان، ۷٥سال بەسەر دامەزرانی یەکەم کۆماری کورستاندا تێدەپەرێت، ٢ی رێبەندان و کۆمار بۆ کورد، تەواوکەری بیرەوەریەکی پر لەشانازی و نووختەگۆرانێکی زەق و بەرچاو لەمێژوویی نەتەوایەتی کورد و کوردستانن. مێژووی کۆمار دەگەڵ رووداوە چارەنووس سازەکەی ٢ی رێبەندان، وەبیرهێنەرەوەی قۆناغێکی زێرینی سەروەریسازی بۆ نەتەوەی کوردن، یاد و یادمانی ٢ی رێبەندان و کۆمار، واتە گەرانەوەیەکی ئسوولگەرایانە بەڵام رۆمانتیکی لە عالەمی زەین و خەیاڵ، بۆ دوونیای واقیعی سەروەری و سەربەستی کوردانە، واتە گەرانەوەیەکی زەمەنی بۆ قۆناغێکی درەوشین و زێرینی پر لە بەختەوەری، سەربەستی، پر لە ئازادی،و ئاسایش و خێر، وە خۆشی نەتەوەیی، هەربۆیەشە ئەم رۆژە لە گشت لایەکی کوردستان وەک لووتکەی هەرهبەرزی دوونیای بیرەوەریەکانی نەتەوەیی، بەرێزەوە یادی دەکرێتەوە و جێژنی بۆ دەگیردرێت.
گرینگیی مێژووی ٢ی رێبەندان لەمەدایە، کە دروست لەم رۆژەدا بوو کە بۆ یهکهم جار حکوومەتێکی دیفاکتۆی کوردی له ناوچهیهکی زۆر بهرتهسکی نیشتمانی کورددا دامهزرا. لەژێر دەسەڵاتی ئەم حکوومەتەدا بوو کە ئازادی و ئاسایشی نەتەوەیی به پێی گونجاویی ئهو سهردهمه دابین کرا. خوێندنگه ، چاپخانە، گۆڤار و ڕۆژنامه دامهزران و وەشانی خۆیان بەزمانی کوردی دەستپێکرد، بازرگانی میللی لەپال دەستپێکی هەڵسووکەوتی دیپلۆماتیک بۆ پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی گهشهی پێدرا. ئیرادهیهکی میللی سهری ههڵدا که تا ئهو سهردهمه لەهەموو مێژووی پر لەنەهامەتی نەتەوییماندا ههبوونی نهبوو. لەئەنجامی دەستپێکی دیپلۆماسیەکی چالاک و ئەکتیودا بوو، کە نهتهوهی کورد توانی له کایه سیاسیەکانی ناوچهکەدا، خاوەن رۆڵی دیاریکەرو کارگهر بێت که تا ئهو کات حیسابی بوونی بۆ نهدهکرا.
بەرێزان
کۆماری کوردستان لاپهڕهیهکی نوێی له ژیانی نهتهوایهتی، کۆمهڵایهتی، سیاسی، فهرههنگی و حقووقی کورددا ههڵدایەوه که له چهشنی خۆیدا بێ وێنه بوو. کورد بۆ یهکهم جار له سهردهمی نوێدا ئهزموونی بهڕێوهبردنی چارهنووسی خۆی له بهشێکی وڵاتهکهیدا تاقی کردهوه و بەکردەوە ئاستی دەرایەت و کەفایەتی سیاسی خۆی سەبارەت بە خۆبەرێوەبەری خۆجەیی بەعالەم نیشاندا. بۆیە پێویستە وە دەبێ قۆناغی مێژووی کۆماری کوردستان به ههموو تاریک و ڕوونیهکانیهوه، به ههموو خاڵه زهق و لاواز و کەم و کوری و نەواقساتیەوە، وەک قۆناغێکی پرشەنگدار و زێرینی مێژوویی بێتەنرخاندن و بە رێزو تامەزرۆی دامەزراندنەوەی سەیری ئیلهام بەخشانەی لێبکرێت و رێزی بەشکۆی لێبگیردرێت.
چوونکە کۆمار دەگەڵ ئەوەش کە نووختەگۆرانێکی گرینگی مێژوویە، لەهەمانکاتیشدا لووتکهیهکی هەرە بهرزی خهباتی نهتهوایهتیمانه، واتە قوولەی سەرکێش و لە بەرچاو ووننەبووی گۆرەپانی خەبات و رەوتی مێژووی سەروەریسازی سیاسیمانە. بۆیە ههڵدهگرێ لەعالەمی پر لەقەیرانی ئیستێراتیژی و شووناسی هەنووکەیی کورددا، ئەم قوولە بەرچاوە و کانگەی بیری نەتەوەیی، وەک قیبلەگای هیواو خەۆنەکانی نەتەوەییمان رووی تێبکرێ و، لەراستای تەنزیمی جەهەتی قوتپنمای سیاسی کوردایەتی و نیشتیمانخۆشەویستی دا، وەک ئاسۆی روون بۆدەستنیشانکردنی ئەسالەتی رێگا و رێبازی ئەسیل و راستەقینەی سەروەریسازی نەتەوەیی، سوودی رەوەنگەیی و بەرچاوروونی فەلسەفیانەی لێوەربگیرێت و لەپێناۆ دەربازبوون لە قەیران و دۆزینەوەی رێگەی ئەسل و بگرە نەجاتمان لە سەحرای سەرگەردانی سیاسی دا، وەک سیمبوول و پارادایمی فیکری و فەلسەفی حیسابی بۆ بکردرێت. هەر بۆیەشە لەمپەیوەندیەدا، بزوتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک بزافێکی نەتەوەیی خاوەن پەیامی سەروەریسازی، و وەک بزووتنەوەیەک کە بەرهەمی خوێندنەوەیەکی خەسارشناسی لە جووڵانەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەرووکەردی ئووسولگەریانەی لە قیبلەگای هیوا و سەربەستی کورد دا، بەئەنجامدانی رێنێسانس و گەرانەویەکی توێژکارانە بەرەو ئەسل هەلدەستێت ، و لەپێناو ئەکتوالیزەکردن و بەرۆژکردنەوەی بنەما فیکری و فەلسەفیەکانی سەردەمی کۆمار و پێشەوا و نەمر بارزانی، دێتەناو گۆرەپانی خەباتی سەروەریسازیانەی نەتەوەیی و تەرحی نەقشەی رێگا بۆ ساغکردنەوەی حکومەتی دێفاکتۆ، تەوافقی ، ئینتقاڵی، وە لە تەبعیددا بۆ کوردی رۆژهەلات ئاراستە دەکات.
دامەزرێنەرانی بزوتنەوە لە ئەنجامی لێکۆلینەوەیەکی قوولی خەسارشناسانە بەم قەناعەتە گەیشتوون،کە کۆمەلگای سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان، تووشی قەیرانگەلێکی هەمەلایەنە هاتووە، قەیرانگەلێک کە بالی بەسەر گشت بوارگەلی شووناسی نەتەوەیی، ئیستێراتیژی نەتەوەیی،وە رێکخراوەییدا کێشاوە.بزوتنەوە پێوایە کە دۆخی هەنووکەیی کۆمەلگا و کەشوهەوای پر لە قەیرانی بزاڤی رزگاریخوازی رۆژهەلاتی کوردستان ئاکامی سوودوەرگرتن لە ئەدبیاتێکی سیاسیو واریداتییە، کە لەژیر کارتێکەری سیاسەتی "تێئۆری تەوتەئە"ی نەیارانی پرسی کورد ژەهراویی کراوە. بزوتنەوە پێوایە کە کولتووری سیاسی کۆمەلگای کورد و سیستەمی حیزبی پر لەقەیرانی رێکخراوەیی بزافی کوردی رۆژهەلات لەلایەک، و ئیفلیج بوونی ئیرادەی نەتەوەیی و برەویی کوولتوری بێتەفاوەتی و خۆبەدەستەوەدەری تاک و کۆی کۆمەلگا لەلایەکی دیکەوە، بەرهەمی سروشتی و مەحتوومی تەغزییەو بەکار هێنانی ئەدبیاتێکی لەم چەشنەیە، بۆیە دامەزرینەرانی بزوتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەلاتی کوردستان لە ئەنجامی ئەم خوەێندنەوەیە، هەولی خۆیان لە پێناو دۆزینەوەی رێگای چارە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، بەرەو دۆخێکی لەبار و چارەنووسساز لە ئاست پرسی نەتەوەییمان خستەگەر، و سەرئەنجام دوای لێکۆلینەوە و تاووتوێکردنی گشت بەرهەمگەلی فیکری کارناسانی بواری سیاسی وکۆمەلناسی و لەپال ئەوانەشدا هەلسەنگاندنی گشت ئازموونگەلی کاری مەیدانی و پراکتیکی سیاسی گەلانی جیهان، هاتنە سەر ئەم قەناعەتە کە نووسخەی گوونجاو بۆ تەداویی دەردری کورد، نەک خوولقاندنی ئیدەو ئیدەئالگەلێکی نوێ و نوێخوازیی، وە یان سوودوەرگرتنی ناشیانەو سەقەت لە چەمگەلێکی نامۆ دەگەل پرسی سەروەریسازییە، بەڵکوو رێگەی چارەی پرسی کورد، هەستانە بە ئەنجامدانی رێنێسانسێکی هەدەفمەند، لە رەوتی مێژوویی بزوتنەوەی رزگاریخوازی رۆژهەلاتی کوردستاندایە.
رێنێسانسی کوردی وێنەی رێنێسانس لە ئەوروپا، گەرانەوە بۆ ئەسلە، واتە خۆ شۆرکردنەوەیەکی توێژکارانە بە مەبەستی دۆزینەوەی گەنجینەی لە کورد وونکراویی نەتەوەییە. ئەم گەنجینە پر لە بەها و بایخانە، کە لە ئیستگەو کانگای مێژوویی سەردەمی کۆمار دا قابلییەتی هەلێنجاندن و دەستەبەربوونەوەیان هەیە، بریتین لە گەنجینەی بنەمافیکری و فەلسەفیەکانی سەردەمی کۆمار، و هەروەها ئازموونی سەرکەوتوانەی لێکبەستن و هاوئاهەنگکردنی دووباڵی سیاسی و سەربازی هەڵۆی تیژبین و بەتەوانای کۆمار، واتە بەرۆژکردنەوەی ئازموونی هاوئاهەنگی هزری و پراکتیکی سیاسی و نیشتیمانپەروەری نێوان پێشەوا و نەمر بارزانییە.
بزوتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێوایە دۆخی پر لە قەیرانی کۆمەڵگای سیاسی و ژیانی پر لە مەینەتی کوردی رۆژهەڵات ،ئاکامی لادانێکی ئیستێراتیژیک، (بەلام کۆنترۆلکراو لە لایەن نەیارانی سەربەستی کورد) لە ئەسلە، واتە لادانی نەیارپەسەند لە ئەسلی سەروەری سیاسیو نەتەوەیی لە شکلی کۆمار دایە، بۆیە بزوتنەوەی کۆماریخوازان لەم راستایەدا، رەوتی ئوسوولگەرایی لە چوارچێوەی بە پراکتیکە کردنی کۆنسێپتی رێنێسانس لە مێژوویی مۆدێرن و هاوچەرخی کوردیدا، وەک رەوتێکی هەرە پێویست بەمەبەستی دۆزینەوەی گەنجینەی ئەسلەکان و سەرئەنجام بەرۆژکردنەوەو نەوژەنکردنەوەی گشت بنەمافیکری و فەلسەفیەکانی کۆمار و پێشەوای گەورەی کوردان ،وەک رێگەو رێبازێکی گوونجاو بۆ دەربازبوون لە دۆخی پر لە ئەسارەت و پر لە مەینەتیو چەرمەسەری، بەرەو ئاستی رزگاریو سەربەستی و بەختەوەری دەزانێ و، وەک ژێرخان و سەرچاوەی هەرە سەرەکی لە راستای دارشتن و تێرئاوکردنی ئیستێراتیژی و ئاجیندەی سیاسی بزوتنەوەی سەروەریسازی سوودی لێوەردەگرێ، واتە بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەنوێنگەی ئەم بیرو هزرە نەتەوەییەدا، ئیستێراتێژی بزووتنەوەی سەروەریسازی کورد دەلاوێنێت و هەر ئاوەش دیاری دەکات، و هەرلەم راستایەشدا وەک پێشمەرجی ئەم حەرەکەتە هەموو هەوڵ و توانای خۆی لەپێناو دەوڵەمەندکردنی ئەدبیاتی سیاسی و کولتوری نەتەوەیی کە خوڵقێنەری ئیرادە و روحیکی یەکگرتوویی نەتەوەخوازی و سەروەری سازیانە بێت دەخاتەگەر.
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەلاتی کوردستان، بەبۆنەی جێژنی ٢ی رێبەندان ۷٥هەمین ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، پیرۆزبایی لەگشت نەتەوەی کورد دەکات و هیواخوازە کە بتوانرێت لەئەنجامی دەستەبەرکردنی کۆدەنگێکی گشت لایەنی، کەبەرهەمی هاریکاری سەمیمانەی گشت پارتو رێکخراوە و کەسایەتیە سیاسی، ئاینی و کۆمەڵایەتیەکان بێت، زەمینەی گوونجاو لەئاست نەوژەن و بەرۆژکردنەوەی بنەما فیکری و فەلسەفیەکانی کۆماری جوانەمەرگمان برەخسێت، تابەلکوو بتوانرێت لەمراستایەدا کۆماری زیندوو لەعالەمی تەسەوراتدا، بەرەو عالەمی رێئالیتە و عەرزی واقیعدا دەرباز بکرێتەوە، ودیسان کورد لەسایەی دامەزراندنەوەی کۆماری دووهەم بە ئاشتی، ئازادی و سەربەستی، وە خێر و بەختەوەری بگاتەوە.
شوورای هاوئاهەنگی/ بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەلاتی کوردستان
٢١/١/٢٠٢٠