بۆ ئاگاداری رای گشتی و هەموو کوردستانیانی خۆشەویست
حیزب و لایەنە سیاسیەکان
چالاکانی ناوخۆ و دەرەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان
ماوەیەكە ماڵپەرێک بە ناوی کوردیسم لەلایەن کەس یا کەسانێکی نەناسراو، و بە شێوەی شاراوە دامەزراوە، کە تێیدا راپرسی سەبارەت بە پێکهێنانی دەوڵەتی کاتی یان حکومەتی تاراوگەیی، دواتر حکوومەتی دیفاکتۆی تەوافوقی، ئینتقالی، وە لە تەبعیددا خستۆتە گەر.
لەم پەیوەندییەدا كۆمەلێك كەسایەتی وەك بەربژێر و كاندیداتۆر بۆ ئەو راپرسیە لە سایتی كوردیسم دا بلاۆكراوەنەتەوە، دیارە بەپێی زانیاریەكان ئەو راپرسیە و بەربژێری كۆمەلێك لە كەسایەتیەكان، بە بێ ئیزن و بێ ئاگاداری و پرس و رایی زۆرینەی ئەو کەسایەتیانەی كە سەر بە حیزبەکانن و یان چالاكانی سەربەخۆی ناخۆ و دەرەوەی وڵاتن رێكخراوە،و ئامرانە ناویان لە ناو ئەو ماڵپەرەدا نووسراوە.
هەر لەوپەیوەندییەدا بزووتنەوەی کۆماریخوازان وەك بەشی هەرزۆری بەربژێرەكان، بە فەرمی و بۆ چەند جار داوای کردووە کە ناوی کەسایەتیەکانی لەم ماڵپەرەدا كە وەك بەربژێر ناسێندراوون بسردرێتەوە، بەڵام بەداخەوە وەڵامێکی شیاو و جێگای رەزایەتیان نەداوەتەوە.
بۆیە وەك بزووتنەوەی كۆماریخوازان
روو بە بیرورای گشتی رایدەگەیەنین کە ئەم ماڵپەرە دەگەل ئەوەشدا كە هیچ پەیوەندێكی بەئێمەوە نییە، بەلام سەبارەت بەوەش كە لە دەقی پرۆژە و نەخشەریگای بزووتنەوەی کۆماریخوازان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی دیفاکتۆی تەوافقی و ئینتقالی، وە لە تەبعیددا، کەڵکی خەراپیان وەرگرتووە و بەشێوەیەكی كرچ و كال و كۆپیكراو بەناویی دەولەتی كاتی بۆ سەربەخۆیی دەقەكەیان وەرگێراندوە و روو لە خەلك ئاراستەیان کردووە، جێگای گوومانە.
ئێستاش بەپێی دەنگۆی ناو تۆرەكۆمەلایەتیەكان
و پەیامگەلێك كە پێمان دەگەن، زۆرینەی ئەم کەسایەتی و حیزب و لایەنەكان وایان لێکداوەتەوە کە گۆیا بزووتنەوەی کۆماریخوازان لە پشت ئەم بابەتەوەیە.
هەر بۆیە لێرەوە روو لەبیرورای گشتی رادەگەیەنین كە بزووتنەوەی كۆماریخوازان تەواو لەم بابەتە بێبەرییە،و تەنانەت لە سیاسەتی ئەم ماڵپەرە بەگوومانە كە تەواو ناروون و ناشەفافە،و بگرە باس لە پرسێکی هەستیار دەکات کە لەگەڵ گۆفتمانی جیهانی و ناوچەیی،و واقعی سیاسی رۆژ و هەلومەرجی ئێستا رۆژهەڵاتی کوردستان، و ئاجێندای سیاسی و ئیستراتێژی و ئامانجی ئیستراتێژیكی هیچكام لە حیزبە سەرەكیەكانی گۆرەپانی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەیی رۆژهەلاتی كوردستان هاوخانی نیە.
دیسانیش بۆ بەرچاو روونی زیاتر و رەواندنەوەی هەر شک و گومانێک، روو بە جەماوەری کوردستان و لایەنەکانی رۆژهەڵات و کۆی کەسایەتیەكانی بەربژێر لەم راپرسیەی فەیسبووكدا رادەگەیەنین، کە ئەم ماڵپەری کوردیسم هیچ جۆرە پەیوەندیەکی بە بزووتنەوەی کۆماریخوازانەوە نیە،و بزووتنەوە خۆی خاوەن سایت و پەیج و كانال و گروپگەلی تێلێگرامی و زمانحاڵی فەرمی خۆیەتی، كە وەك پێشوو سیاسەت و رێكارەكانی سیاسی بۆ حەللی پرسی كوردی رۆژهەلات بەشێوەی فەرمی و شەفاف و روك و سادقانە بلاۆدەكاتەوە.
بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرایە کە بزووتنەوەی کۆماریخوازان کار لەسەر دوو پرۆژەی دیالۆگی ئاشتەوایی بۆ چارەسەر دۆزی نەتەوەیی کورد لە ئێران،و هەڕوەها نەخشەرێگا بۆ چێکردنی ”حکومەتی دیفاکتۆ، تەوافقی، ئینتقالی، وە لەتەبعیدا” دەکات.
شاراوەش نییە كە كۆماریخوازان لە ماوەی ۱۰ ساڵ لە کاروتێکۆشانی سیاسی و میدیاتیکی خۆیاندا، بە گشتی لە هەموو چالاکی و دیدار و سەردان و پەیوەندییەکانی دا، بەردەوام بە شێوەی شەفاف و ئاشکرا تێکۆشانی چری مەیدانی خۆی لەسەر هەردوو پرۆژەی دیالۆگی ئاشتەوایی، و نەخشەریگای حکومەتی دیفاکتۆ، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئەسڵی سەروەری سیاسی/ نەتەوەیی، بۆ کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، تەرخان كردووە، دیارە دوو پرۆژەی دیالۆگی ئاشتەوایی و نەقشەرێكا بۆ حكومەتی دیفاكتۆ، دوو پرۆژەی تەواكەر و ئالترناتیڤ بۆ یەكترن، واتە لەئەگەری شكستی پرۆژەی دیالۆگی ئاشتەوایی دەگەل تاران بۆ حەللی ئاشتیانەی پرسی كورد، پرۆژەی نەقشەرێگا وەك ئالترناتیڤ، وە بە كۆدەنگی و تەوافوق و ئیرادەی ناوەندی هاوكاری حیزبەكان و جەماوەری رۆژهەلاتی كوردستان لەتارەوگە، وەگەر دەخرێت.
بزووتنەوەی كۆماریخوازانی رۆژهەلاتی كوردستان
١٠/٦/٢٠٢٠