گەلی خۆراگری کوردستان
راپەڕینی پڕشکۆ و پڕ لەسەروەری نەتەوەیی لە باشووری کوردستان کە لە ۵ی ئازاری ۱۹۹۱ لە دژی رێژیمی بەعسی فاشیست وەگەر خرا، نووختە وەرچەرخانێکی گرنگی مێژوویی لە بزاڤی کورد دا پێکهێنا، ئاورینگی مەشخەڵی راپەرین لە رانیەی سەربەرزەوە دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی کەم دا شار بە شار و گوند بە گوندی باشووری کوردستانی لە زاخۆ تا خانەقینی گرتەوە، و لە هەمان ساڵ دا بە ئازادکردنی شاری کەرکووکی هەردەم کوردستانی گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی و بە گڕی بابا گوڕگوڕ ئاگری نەورۆزی ئازادی و سەربەستی هەڵگیرساند، لە راپەرین دا بەرخۆدانی خەڵک و پێشمەرگەی باشووری کوردستان لەپەڕی هێزەوە بوو و جێگای ستایش و پێزانینن، بەڵام مەخابن رێژیمی بەعس ئەمجارە بە لێشاو هێرشی هێنایەوە سەر باشووری کوردستان، کە ئیتر کورد لێرەوە بڕیارێکی نەتەوەیی دەرکرد و ئەویش تەسلیم نەبوون بوو، بۆیە کۆڕەوی میلیۆنی کوردان وەک گەورەترین حەرەکەی نافەرمانی مەدەنی لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد و کوردستان دێتە ئەژماردن.
سەرەتا راپەڕین و دواتر کۆڕەوکە توانیان سەرەنجی رای گشتی جیهانی بۆ لای دۆزی رەوای کورد رابکشێن، و ئەم هاودەنگی و تەباییە لەگەڵ ئەم گشتە زەخت و گوشارە گەورە جەماوەرییەی کوردان لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستان توانی زۆرترین پشتیوانی دەرەکی بۆ دۆزی کورد دەستەبەر بکات، و ئەم دەنگە بەهێزە حەقخوازییەی نەتەوەی کورد گەیشتە گەروەترین ناوەندەکانی بریاردانی جیهانی، لە ئاکام دا ئەنجوومەنی ئاسایشی جیهانی لە کۆبوونەوەیەکی خێرا دا بڕیاری دا بە دەرکردنی پەیمانی ۶۸۸ و دیاری کردنی هێڵی ۳۶ و ناوچەی دژە فڕین و ئارام و پاراستنی مرۆیی بۆ بەشێکی زۆر لە خاکی باشووری کوردستان، کە لە ئەنجام دا یەکانگیری نەتەوەیی و سازانی نێوان حیزبی و ناوماڵی کوردی باشووری کوردستانی لێکەوتەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا دوابەدوای ساغبوونەوەی سیاسی بەرەی کوردستانی بە کۆدەنگیەوە یەکەم هەڵبژاردنی دێموکراتیک لەمێژووی کورددا ئەنجام درا و پارڵمانی دیفاکتۆی هەرێمی کوردستان وەک مەرجەعی یاسایی و پاشان دامەزراوەیەکی سیاسی_ نەتەوەیی واتە حکومەتێکی دیفاکتۆ لە باشووری کوردستان لەسەر ئەرزی واقع تا ساڵی ۲۰۰۳ بۆ کورد ساغ بکاتەوە و بیکاتە ئەمری واقع، کە دواتر لە دوای روخانی رێژیمی بەعس لە ساڵی ۲۰۰۵ ئەنجوومەنی حوکم و نووسینەوەی دەستووری عێراقی ئەم حکومەتە دیفاکتۆیەی هەرێمی کوردستان کرا بە فەرمی و دێژوور و لە دەستووری عێراقی فیدراڵ دا دانی پێدانرا و کورد لە باشووری کوردستان بۆوە خاوەن ستاتۆیەکی نەتەوەیی و دانپێنراوی حقوقی نیمچە سەربەخۆ لە مێژوودا، کورد لە سەر ئاستی ناوخۆی عێراقیش دا بۆوە خاوەن پێگەی بەهێزی سیاسی و وەزنێکی قورس لەناوهاوکێشەکانی ناوچەیی دا.
ئازادی خوازان!
ئێستا باشووری کوردستان تاکە پەناگا و پشتیوانی هەموو تاک و پارت و ڕێکخراوەکانی چواربەشی کوردستانە کە بە هۆی زوڵم و زۆرداری دەسەڵاتەکانی حاکم بەسەر بەشەکانی تری کوردستان دا رووی تێدەکەن، بۆیە هەڵدەگرێت هەموو بە هومێدەوە لێی بڕوانن و بە هەموو توانامانەوە هەوڵی پارێزگاری کردنی بدەین.
بە خۆشیەوە دوای راپەرینی باشووری کوردستان و سەقامگیر بوونی و ئەزموونێکی دووردێژی حوکمرانی کە لە ناوچە دا نموونەیەکی تا ئاستێکی بەرز سەرکەوتووە، هاوکات لە رۆژئاوای کوردستانیش گەلی کورد توانیان خاوەندارێتی لە ئیرادەی نەتەوەییان بکەن و وەکوو دواهەمین قەوارەی سیاسی دیفاکتۆ لە سیستەمی خۆسەر دا خۆیان سازبدەن.
لە ساڵرۆژی راپەرینی پڕ لە حەماسەت و خۆراگریدا پێویستە بە کورتی ئاماژەش بەوە بکەین کە کۆماری کوردستان وەک یەکەم ئەزموونی حوکمرانی مۆدێڕنی کوردی کە خاوەن سیستەمی مووئەسساتی دیفاکتۆ بوو، و بنەما فکری و فەلسەفیەکانی و ئەزموونی ۱۱مانگی کۆماری میللی و دیفاکتۆی کوردستان بوونە هۆی سەرچاوەی ئیلهام و میناک و هەوێن بۆ ئەمرۆی کورد و دوارۆژی هەر چواربەشی کوردستان، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک دامەزراوەی دێژووری دانپێدانراوی حقوقی و سیستەمی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان وەک ئەزموونێکی نوێی دیفاکتۆ دوو نموونەن کە لەسەر هەمان رێگا و مەش و رێباز و ئەندیشەیی بەرزی کۆماری کوردستان دامەزراون، کە هیواخوازین بتوانرێت ئەزموونی کۆمار لە هەردوو بەشە گەورەکەی کوردستان واتە رۆژهەڵات و باکووریش بە کردەوە چێ بکرێت و نەتەوەی کوردیش خاوەندارییەتی لە سەروەری سیاسی و نەتەوەیی خۆی بکات.
لەم بۆنە پیرۆزەی یادی راپەرین دا، داواکارین لە پارت و لایەنەکان و جەماوەری رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە سوود وەرگرتن لە نەخشەرێگای بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ساغکردنەوەی حکومەتی دیفاکتۆی، تەوافقی، ئینتقالی، وە لە تەبعیددا، هەموو هەوڵ و تەقڵایان بخەنەگەڕ تاکوو بتوانن مافی قایم بەزاتی کورد لەشکلی مومکین و
واتە خۆبەرێوەبەری خۆجەییدا مسەوگەربکەن.
لەکۆتای دا بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاست هەموو شەهیدانی راپەڕینی ۱۹۹۱ی باشووری کوردستان سەری رێز و نەوازش دادەنوێنیت و دەستکەوتە مەزنەکانی پێش راپەڕین و دوای راپەرین کەسەرمایەی سیاسی و نەتەوەی و مەعنەوی گەورەی کوردن لە چواربەشی کوردستان دا بەرز و پیرۆز دەنرخێنێت.
سەرکەوێ بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئاشتیخوازی کورد لە کوردستانی گەورە
بەرز و پیرۆز و شکۆدار بێت یادی راپەرین
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان
۵ی مارسی ۲۰۲۲