رۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۱۸ی ڕێبەندان ٢٧٢٤ی کوردی ٦ی شوباتی شاندێکی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژھەڵاتی کوردستان بە سەرپەرشتی ئازاد محەممەدزادە بەرپرسی پەیوەندییەکان و قانع کەریمی ئازەر بەرپرسی رێکخستن، بە مەبەستی پیرۆزبایی بە بۆنەی ۳۱ هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکگرتوویی ئیسلامی کوردستان سەردانی ئەو حیزبەیان لە شاری هەولێر کرد. و لە لایەن رێزدار سەلاحەدین بەھائەدین ئەمینداری گشتی و سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
سەرەتا لە لایەن شاندی بزووتنەوەی کۆماریخوازان هاوكات دەگەل پیرۆزبایی، پەیامی پیرۆزبایی بە بۆنەی ۳۱ هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکگرتوویی ئیسلامی کوردستان پێشکەش کرا، و لەم پەیوەندییەدا دەور و رۆلی بەرچاو و كار و چالاکی یەکگرتووی ئیسلامی لە پرۆسێسی ساغكردنەوەی كۆمەلگایەكی سالم و حوکمرانێكی تەندروست لە هەرێمی کوردستان، و هەروەها گەشەی هەمەلایەنە و پێشخستنی دێموکراسی و یەکریزی نەتەوەی کورد بەرز و گرنگ نرخاند.
دواتر بەرێز مامۆستا سەلاحەدین بەھائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتوویی ئیسلامی کوردستان سەرەرای دەربڕینی خۆشحالی خۆیان سەبارەت بەو سەردانە، بەرێزیان رۆڵی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژھەڵاتی کوردستان وەکوو جەریانێکی سیاسی/ نەتەوەیی و ئاشتیخواز لە گۆڕەپانی سیاسی و نەتەوەیی کوردستان بەرز نرخاند، بەرێزیان دیسكورس و گوفتمانی سیاسی و نەخشەرێگا بزووتنەوەی کۆماریخوازانی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لە ئێران بە گرنگ و ئیجابی نرخاند، هاوکاتیش وێرای سپاس و دەستخۆشی لە هەوڵەکانی دوکتۆر مستەفا شەمامی رێکخەری گشتی كۆماریخوازان بۆ هێنانە ئاڕای ئەو گوفتمانە جیهان پەسند و چارەنووسازە بۆ دۆزی کورد، پشتیوانی و هاوکاری هەمەلایەنەی یەکگرتووی ئیسلامی لە ڕاستای بە ئەنجام گەیاندنی پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند.
هەروەها لەو دیدارە دا جەخت لە یەکریزی نەتەوەیی و یەکگوتاری ناوماڵی کورد و کاری هاوبەش و پێداگری لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی كۆماریخوازان کرایەوە.
بەشی راگەیاندن و مێدیای/ بزووتنەوەی كۆماریخوازانی رۆژهەلاتی كوردستان