رۆژی سێ شەممە رێکەوتنی ۲۲ی خەرمانانی ۲۷۲۲ی کوردی وەڤدێکی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە سەرپەرەشتی هاورێ ئازاد محەممەدزادە بەرپرسی پەیوەندییەکان، کاک قانع کەریمی ئازەر ئەندامی شوورای هاوئاهەنگی، و خاتوون نوشین خاتری چالاکوانی بەشی میدیا، بە مەبەستی پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران « حدک و حدکا» سەردانی پەیوەندیەکانی حدکا لە شاری هەولێریان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی بەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرشتی بەرێز کاک محەممەد نەزیف قادری و کاک محەممەد شەهروان، کاک حەمە سالەح قادری، کاک سۆران نوری، کاک ئامانج زیبایی ئەندامانی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکان بە گەرمی پێشوازیان لێکرا.
لەسەرەتای دیدارەکە دا وێرای بەخێرهاتنی شاندی کۆماریخوازان لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، نوێنەرایەتی بزووتنەوەی کۆماریخوازان، سلاۆ و پەیامی پیرۆزبایی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرێز دوکتۆر مستەفای شەمامی یان گەیاندە هەئیەتی حیزب و دوو لایەن خۆشحاڵی خۆیان بە نیسبەت ئەم دیدارە دەربری.
دواتر لە لایەن بەرێز ئازاد محەممەدزادە نوێنەری کۆماریخوازان بە بۆنەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان نامەی پیرۆزبایی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاراستەی شاندی خانەخوێ کرا.
پاشان لە درێژەی دانیشتنەکەدا تاوتویی بارودۆخ و رەوشی کورد بە گشتی، و رۆژهەڵاتی کوردستانیان بەتایبەتی کرد و تێیدا یەکریزی و کۆدەنگی و هاوهەڵوێستی سەرجەم پارت و ڕێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان بە نیسبەت پرسە سەرەکیی و چارەنووسازەکانی کورد لەو بەشە بە زەروورەت زانی، کە رەوشەکە وا دەخوازێت تێکرا لە گۆرەپانی پراکتیکی دا هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵبگرن.
هەروەها لە بەشێکی تری ئەم دیدارەدا ئاماژە بە گوفتمانی رۆژی جیهان و ناوچە کە دانووستاندن ودیالۆگی ئاشتەواییە بە گرنگییەوە باسی لێوەکرا، وە لەم پەیوەندییەدا گرتنەبەری میکانیزمی دیاڵۆگی ئاشتەوایی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکگوتاری ناوماڵی کورد و کارکردن لەسەر پرۆژە و نەخشەرێگای هاوبەشی نەتەوەیی کرا.
لە کۆتایی ئەم دیدارە دا باس لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان کۆماریخوازان و حدکا کرا، و دوو لایەن جەخت و پێداگریان لەسەردرێژەی پەیوەندیەکان و هاوکاری و چالاکی هاوبەش لە داهاتوودا کرد.
١٣/٩/٢٠٢٢