رۆژی شەممە رێکەوتی ۸ ژانیویەی ۲۰۲۲ دەستەی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات وێبینارێکی بەربەرینی لەسەر پرسی تەعریبی کوردستان و گۆرینی دێموگرافیای کوردستان بەربوەبرد.
سەرەتای وێبینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و رێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد و دواتریش لە لایەن بەرێوەبەرایەنی رەوندی کوردی باس لە رەوشی چوارپارچەی کوردستان بە گشتی و باشووری کوردستان بە تایبەتی و پرۆسەی تەعریب و شێواندن و گۆڕینی دێموگرافیای کوردستان بە وردی ئاماژەی پێکرا، کە کورد لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە بەردەم شاڵاوی سیستماتیکی ڕاگواستن و تەعریب و کۆچ و جێهێشتنی بە زۆرە ملێ دایە، و پێویستە تێکرای کورد بە پەرۆش و خەمخۆری و پرۆژەی بەهێزەوە هەوڵی چارەسەرکردنی بدات، هەروەها لەدرێژەدا کۆمەڵێک باس و مژاری گرنگ و بەنرخ باس کران و بەشێک لە بەشداربووان راو سەرنج و تێبینی و پێشنیار و پرسیاریان لەسەر کۆی باس و مژاری وێبینارەکە خستە روو.
لەو پەیوەندییەدا نوێنەری بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان هاورێ ئازاد محەممەدزادە کە بەشداری ئەم وێبینارە بوو، تێیدا باسی لە رەوشی کورد و کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد، لەسەرتای قسەکانی دا هاورێ ئازاد محەممەدزادە ئاماژەی بە بابەتی هاوپەیوەندی و یەکگوتاری نەتەوەیی و نیشتمانی لەسەر ئاستی چوارپارچەی کوردستان کرد، و تێیدا رەوندی کوردی وەک پێویستییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی ناوبرد کە بتوانێ ببێتە چەترێک بۆ کۆدەنگی نیشتمانی و نەتەوەیی کورد و لۆبییەکی کارامە و موحەد و تۆکمەی کوردی دروست بکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە زەروورە رەوەندی کوردی بە چەکی زانست و مکانیزمەکانی کارای سەردەم لە گشت روویەکەوە تەیار بکرێت و هەر تاکێکی کورد وەک باڵوێز و نوێنەری کوردی لە دەرەوەی وڵات چالاکی ئەرێنی بنوێنێ و رەوەندی کوردی تێکۆشانێکی گشت رەهەندی بۆ دۆزی کورد و سەربەخۆیی کوردستان پێش بخات و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی کورد و هێڵە سوورەکانی نەتەوەیی دیاری بکات.
ئاشکرایە لەم پەیوەندییەدا میدیایەکی بان نەتەوەیی و نیشتمانی فرە زمانی و جیهانی بۆ گەیاندنی دەنگی کورد پێویسییەکی هەرە گرینگ و ئیستراتێژیکی هەیە. و کۆماری کوردستان بە هەموو سیمبول و نیشانە نەتەوەییەکان کە تێیدا نەمران پێشەوا قازی محەممەد و بارزانی نەمر وەک دوو کەسایەتی کاریزماتێکی نەتەوەیی رۆڵیان تێدا گێرا، ببێت بە میناک بۆ هەموو لایەنەکانی چوارپارچەی کوردستان، کۆمار وەک نوێنگەی ئیرادەی نەتەوەیی و دواتر پرۆژەی سەربەخۆیی سەرۆک بارزانی و تاپۆی رێفراندۆمی باشووری کوردستان بۆسەربەخۆیی، وەک نیشاندانی ویستی رەوا و بەرحەق زیاتر بەرجەستە بکرێنەوە.
جێگای ئاماژەیە کە كۆنگرەی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردی رێکەوتی 4/12/2021 لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی بە مەبەستی یەكخستی گوتاری رەوەندی كوردی لە وڵاتانی جیھان بۆ یەكەم جارە لە ھەرێمی كوردستان بە بەشداریی كوردانی ھەر چوارپارچەی كوردستان بەڕێوە چوو و تێیدا چەندین پانێڵی گرنگ پێشکەش کران و ئامانجیشی یەكخستنی گوتاری رەوەندی كوردییە لە ھەموو وڵاتان.
کە تێیدا جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی
لە درێژەی گوتەكانیدا داوای كرد كە دۆزی كورد لە هەموو پارچەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە و دیموكراتی چارەسەر بكرێت و، شەڕ بە هیچ شێوەیەك نابێتە چارەسەر بۆ كێشەی كورد و هیچ كێشەیەكی تر. داواشی كرد ناكۆكیی لەگەڵ ڕژێمەكان بە هیچ شێوەیەك نەبێتە دوژمنایەتی لەگەڵ گەلان. سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان شانازی بە فەرهەنگی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەكات و دەبێ ئەو فەرهەنگە دێرینەی خۆی بپارێزێت. سەرۆك بارزانی هیوای ئەوەی خواست كە ڕەوەندی كوردی دڵسۆز و وڵاتپارێزان كۆ بكاتەوە و ڕێزیش لە یاسای ئەو وڵاتانە بگرن كە تێیدا دەژیین. جەختی لەوەش كردەوە كە گەنجان و منداڵان هان بدەن كە بخوێنن و دیرۆك و زمانی گەلی خۆتان لە بیر نەكەن.