سەردار زەنگەنە
خەبات بۆ وە دیهێنانی مافی ژنان_خەباتی بۆرژوازی ودواتریش خەبات و تێکۆشانی بزوتنەوەی کرێکاری،شان بە شانی خەبات وتێکۆشان بۆ وە دیهێنانی مافەکانی دەستەوتاقم وچین وتوێژەکانی دیکە،چووە پێش.دەکرێ سەرەتای دەستپێکردنی خەبات بۆ ماف وئازادییەکانی ژنان،بگێرینەوە بۆ سەرهەڵدانی خەبات و تێکۆشانی بۆرژوازی بۆ دابین ودەستەبەرکرانی ئازادییەکان لە کۆتایی ساڵەکانی ١٧٠٠دا.شایانی باسە کە ئەو ڕێفۆرمانەی لەوماوەیەدا ڕوویاندابوو،ماف و ئازادییەکانی ژنانیان خستبوە پشتگوێ و ئەو تێئۆریانەی لە ماوەی دووهەزار ساڵی ڕابردوو دا،سەبارەت بە دێمۆکراسی ومافە سروشتیەکان،هاتبوونە کایەوە،مافی ژنانیان فەرامۆشکردبوون.بەو پێیە هێشتاش نیوەی مرۆڤایەتی،لە بەشداری لە کاروباری کۆمەڵدا،بەدوور ڕادەگیردران. یەکێک لەوانەی کە لەڕێزی پێشەوەی ئەوکەسانە دادەنرێ کەبەرامبەر بەو وەزعە دژکردەوەی لە خۆی نیشاندا بریتیە لە Wollstonecraft (١٧٩٧_١٧٥٩).ئەو لەساڵی ١٧٩٢دا کتێبێکی نووسی مەسەلەی هەرە بنەڕەتی کە لەو کتێبە باسی لێکردبوو ئەوە بوو کە لەو کتێبە داوای دەکرد ژنانیش مرۆڤن ودەبێ وەک مرۆڤ بە حیساب بێن وژنانیش هەمان تواناو بەهرەولێوەشایی وئەوتایبەتمەندیە ئەخلاقیانەیان هەن کە پیاوان هەیانن.بۆیە ژنانیش دەبێ وەک پیاوان مافەکانی خوێندن ،مافی بەشداریکردن لە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتیاندا بۆ دەستەبەر بکرێ و..
لە کۆتاییە کانی چەرخی ١٨دا،بزوتنەوەی کرێکاریش خەبات بۆ بەرابەریی ژن وپیاوی کردبە یەکێک لە ئامانجەکانی خۆی.
دابین بوونی سیستەمی بیمەکۆمەڵایەتییە کان،مووچەی وەک یەک بۆ کاری وەک یەک،هەلومەرجێکی لەبارترو باشتر بۆ کاروهتد،بەشێک لەو ئاڵو گۆڕانە بوون کە تادەهات هەلومەرجی لەبارتریان بۆ ژنان پێکدەهێنا.*
خەبات بەدژی کویلەتی وکویلەداری_
خەبات وبەربەرەکانیی ڕێکخراو بەدژی کویلەتی وکویلەداری،لە ژینگەو ناوەندە مەسیحیەکان،لە ئینگلستان وئەمریکا،لە نیوەی یەکەمی چەرخی ١٧دا دەستی پێکرد.ئەو بزوتنەوەیەکە دژی کردەوەی نائینسانیی کویلەداری دەستی بەتێکۆشان کردبوو،لەسەرتاسەری چەرخی١٨داپەرەی گرتوو بووبە خەباتێکی گشتی وپان وبەرینی کۆمەڵایەتی بەدژی کویلەتی.
بەگوێرەی قانوون ،کویلەداری و کڕین وفرۆشتنی کویلە لە ساڵی ١٨٠٧ دا،پاش باس و گفتوگۆیەکی زۆری پارلەمانی لە ئینگلستاندا قەدەخە کرا.بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کویلەداری لە ساڵی ١٨٣٣ لە سەرتاسەری ئیمپراتۆریی ئینگلستاندا بە پێیی بڕیار قەدەخەکرا. ئەمریکا یەکێک لەووڵاتانە بەحیساب دێ کەدرەنگ کویلەتی وکویلەداریان قەدەخەکرد بۆ یەکەمجار لەساڵی١٨٦٥دا کویلەداری لە ئەمریکاقەدەخە ڕاگەیەندرا.
دانمارک _ نوروێژ لەساڵی ١٧٩٢ دا کویلەتییان قەدەخە کرد.
لە ساڵی ١٨٣٣ لە کۆلۆنییەکانی بریتانیادا،کویلەتی قەدەخە کرا.بەڵام فەرانسە پاش ساڵی ١٨٤٧ کویلەتی قەدەخە ڕاگەیاند.هەر بەو جۆرە سیستەمی ئاغاو ڕەعیەتیش لەڕووسیا بەرەو لێکهە ڵوەشان ڕۆیشت.لەساڵی ١٨٦١،٤٧ملیۆن جووتیاری ڕووسی واتە ڕەعیەت،ئازادیی خۆیان وەرگرت ولەو بارودۆخەڕزگاربوون کەوەک کۆیلە تێیدادەژیان و بەخاوەن مڵکەکان وزەوییەکانی ئەوانەوە بەسترابوونەوە.*
پەرەسەندنی مافەکانی مرۆڤ دوای ساڵانی ١٩٠٠_
سەرەڕای باشتر بوونی وەزعی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەئورووپادا،لە کۆتایی چەرخی ١٨ و سەرەتای ساڵەکانی ١٩٠٠دا،هێشتاش گەلێک مەسەلە بە چارەسەر نەکراوی مابوونەوە.بۆ نمۆنە گێرەوکێشە جۆراجۆرەکانی پێوەندیدار بە سنوورەکانەوە،ناکۆکی وناتە بایی لەسەر دابینکردنی قازانجە ئابوورییە کان وململانێ بۆ دەستەبەر داگرتنی کۆلۆ نییە کان بە بەشێک لەو مەسە لە چارەسەر نەکراوانەبە حیساب دەهاتن.دەکراهەوڵ بدرێ لەڕێگای وتووێژەوە ناتەباییەکان چارەسەربکرێن کە چی پاش خۆ پڕ چەک کردنێکی هەمەلایەنە لەساڵی ١٩١٤ دا،شەڕی جیهانی یەکەم دەستی پێکرد.پاش تەواو بوونی شەڕ لەساڵی١٩١٨ دا (کۆمەڵەی نەتەوەکان)دامەزرا .ئەمەڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی بوو کە بۆ پێشگیری کردن لە هەڵگیرسانی شەڕ و چارەسەریی ناکۆکی وکێشە جۆراجۆرەکان پێکهاتبوو. ئەم ڕێکخراوە بەگەلێک هۆ بەسەرەتای دروستبوونی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێ. لە ژێر چاوە دێری وسەرپەرەستیی(کۆمەڵەی نەتەوەکان)دا،ڕێکخراوی جیهانی کار (ILO) لە ساڵی ١٩١٩ دا دامەزرا.ئەو ڕێکخراوەیە دەبوایە بۆچارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییە کان،چاوە دێری کردنی هەلومەرجی کار،دیاریکردنی کات وسەعاتە کانی کار هەوڵبدا.دواتر ئەم ڕێکخراوە بەهۆی لاوازبوونی ئوتوریتەی خۆی دوای دەستپێکردنی شەڕی جیهانی دووهەم، جیگای خۆی بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دا.ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پاش دامەزرانی،بەبەرپرسیاریەتیی درێژەدان بەکاریILOوبەشی ئاوارەو پەنابەرانی کۆمەڵەی نەتەوەکان،کە دواتربە کۆمیساریای بەرزی پەنابەران UNHCRناسرا،وە ئەستۆ گرت.
لە باری ئیدئۆلۆژییەوە لە ماوەی ساڵانی نێوان شەڕەکانی جیهانی یەکەم ودووهەم دا ڕێبازە ناسیۆنالیستی وتۆتالیتێرە کان،برەویان هەبوو.بەو چەشنە نازیسم لە ئاڵمان،فاشیزم لە ئیتالیاوفاڵانژیزم لە ئسپانیا،زەمینەی جیاوازیدانان بەرامبەربە کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینیەکان،ڕاونان وئەزیەت و ئازار دانی ئەوانیان پێکهێنا.ساڵی ١٩٢٢فاشیستەکان لە ئیتالیا،نازیستەکان لەساڵی ١٩٣٣ لە ئاڵمان وفاڵانژەکان لە ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٣٩ دا،دەسڵاتیان بەدەستەوە گرت.ئارەزووی پێکهێنان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی بەهێز،ملکەچی و وەفاداریی بێ ئەملاو ئەو لای تاکەکەس بۆ ئەمروفەرمانی کاربەدەستان ورێبەرانی دەوڵەت،وەک خاڵی هاوبەشی نێوان هەموو ئەوڕێبازە سیاسییانە بەحیسابدێ.بەم چەشنە دێمۆکراسی و ئازادیی رادەربرین وەلانران وەک شتێکی هەرگیزنەگونجاو لە گەڵ یەکیەتی ڕێبەرایەتی ودەوڵەت دانران.نەزم ودیسیپلین بە شتێکی گرینگتر لە ئازادی دەزانرا.هەموو دەسڵات دەبوایە لەدەستی یەک کەس واتە ڕێبەردا کۆ بوو بایەتەوە.*
دامەزرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان _
بە کۆتایی هاتنی شەڕی دووهەمی جیهانی و دامە زراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان،قۆناخێکی تازە لە مێژۆی چوونە پێشی مافەکانی مرۆڤ دەست پێدەکا.لە ساڵی ١٩٤١دا،سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریک فرانکلین رۆزڤێلت،لە وتارە بە ناو بانگەکەی خۆیدا،چوار ئازادی وەک مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی بۆ هەموو مرۆڤەکان دەستنیشان کردن.ئەو چوار ئازادی یە بریتی بوون لە ئازادیی رادەربڕین،ئازادی دین ومەزهەب،ڕزگار بوون لە نەداری وموحتاجی وڕزگار بوون لەترس وخۆف،ڕۆزڤێلت ڕۆڵێکی زۆر بەر چاوی لە دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گێڕا بە جۆرێک کە بتوانێ بۆ دابینکردنی ئەو ماف و ئازادییانە و وەدیهێنانی ئەو ئامانجانە تێبکۆشێ کە ئەو هێنابوونیە گۆڕێ.
مەسەلەی دامەزرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەەکان،هەر لەکاتی شەڕی دووهەمی جیهانیدا نەخشەی بۆ دانرابوو وکاری بۆ کرا بوو.لە ژانۆیەی١٩٤٢ دا،٢٦ دەوڵەت لە هاو پەیمانان بەیاننامەیەکیان سەبارەت بە دامە زراندنی ڕێکخراوێکی نێو نەتەوەیی ئیمزا کرد.بە گویرەی ئەو بەیاننامەیە ئەو ڕێکخراوە نێو نەتەوەیی یە دەبوایە لەداهاتوو دا بۆ پاراستنی ئاشتی و هاوکاریی نێوان دەوڵەتان و یارمەتیدان و پەرەپێدانی هەموو لایەنەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی تێبکۆشێ.ئەو ڕێکخراوە دواترلە سانسفرانسیسکۆ لە مانگی ژوئونی ساڵی ١٩٤٥ بەڕەسمی دامەزرا.
مەسەلەیەکی دیکە کە دەوڵەتەکانی هاندا تامەسە لەی پاراستن ودابینکردنی مافەکانی مرۆڤ،وەک ئەرکێکی سەرەکیی UN دانێن بریتی بوو لەو ڕاپۆرتانەی کەسەبارەت بەڕووداوەکانی نێو ئۆردووگا زۆرە ملییە کانی ئاڵمان بڵاو دەبوونەوە. ئەو جینایەت وتاوانە،ئەو دەستدرێژییانەی کەلە لایەن ئاڵمانی نازییەوە ئەنجامدران،کۆ مەڵگاێ نێو نەتەوەییان هێنایەسەر ئەو باوەڕە کەبۆ پاراستن ودەستەبەر کردنی مافی و ئازادییە کانی مرۆڤ،دامەزرانی ڕێکخراوێکی نێو نەتەوەیی پێویستییەکی حەتمی یە.ڕێکخراوێکی نێو دەوڵەتیی ئەوتۆ کە بتوانێ دەوڵەتەکان بۆ دانانی یاساو قانوونی جۆراجۆر بەمەبەستی دەستەبەر کردنی مافە کانی مرۆڤ هان بدا.
بەرپرسیاریەتی پاراستن _
بە کۆتایی هاتنی شەڕی ساردلە کۆتاییەکانی ساڵەکانی ١٩٨٠دا،گەش بینی یەکی زۆرسەبارەت بە چوونەپێشی خێرای کارو تێکۆشان بۆ دابین بوونی مافەکانی مرۆڤ،دنیای داگرتبوو.بەڵام بەهۆی شەڕلەیوگسڵاوی پێشوووقەفقاسدا،قەتڵوعامەکانی خەڵک لە ڕوندا،گرژتر بوونەوەی کێشەی نێوان فەلەستینیەکان وئیسرائیل وسەرهەڵدانی گەلێک شەڕو کێشەی چەکدارانەی دیکە،بۆ جارێکی دیکەش ئەو خۆش بینیە جێگای خۆی بەنائومێدی داودڵساردیەکی زۆری لەو بارەوە هێنایە گۆڕ.کێشەی چارەسەر نەکراوی کەمایەتیە نەتەوەییەکان وگێرەوکێشەکانی پێوەندیداربە دیاریکردنی سنوورەکان،کە بە میراتی دەورانی شەڕی سارد بە حیساب دەهاتن ،کاربەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی ئاشتیخوازانە بۆ ئەو مەسەلانە و چۆنیەتیی پارێزگاری کردنی مافەکانی مرۆڤیان کتدە پێویستیەکی زەق وبەوچاو.
کۆنفرانسی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە لە ڤیەن پێتەختی ئوتریش لە ساڵی ١٩٩٣دا پێکهات،بڕیاریدا کە UN کارێکی زۆرترو بەرچاوتر بۆ پاراستنی ماف و ئازادییە ئینسانیەکان ئەنجامبدا.بۆ ئەم مەبەستە کۆمیساریای بەرزی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لەUNدا دامەزرا.
بەمجۆرەبۆ بەربەرەکانی کردن لە گەڵ پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ گەلێک شێوە کاری تازە هاتنە کایە.بۆ نمۆنە بەمەبەستی پێشگیری کردن لەدووپاتبوونەوەی ئەو پێشێلکاریانەی مافەکانی مرۆڤ کە شەڕو کێشە تازەکان لەگەڵ خۆیانیان هێنابوون،دادگایەکی نێو نەتەوەیی بۆ ڕاگەیشتن بە پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ لە یو گسلاوی ولەڕواندا،دامەزرا.هەر لەو پێوەندییەدادادگایەکی نێو نەتەوەیی هەمیشەیی بۆ سزادانی تاوانبارانی شەڕو ئەوانەیکە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن دامەزرا.بۆ ئەو مەبەستە ئەنستیتۆ یەکی سەربەخۆ بۆ چاوە دێری کردنی مافەکانی مرۆڤ لە ڕێکخراوی ئاسایش وهاوکاری لە ئورووپادا ،واتە(OSSE)پێکهات.
جیالەوەداخوازیی ئەوەش هاتە گۆڕکە لەکاتی پێشێل کرانی مافەکانی مرۆڤد،کۆمەڵگای نێونەتەوەیی نەک هەردەست لەسەر دەستدا نەنێ،بەڵکوو هەڵوێست بگرێ.
مەسەلەی دامەزراندنی لەشکرێکی هەمیشەیی وتایبەتی بۆUNبۆ بەڕێوە بردنی ئەوئەرکانە بە یەکێکی دیکە لەوڕێگاوشێوە کارانە بەحیساب دێ کەلە ساڵەکانی ١٩٩٠دا،بۆ پێشگیری کردن لە پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ باس و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرا. هەروەها ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان،لە ساڵی ٢٠٠٥ لەکۆ بوونەوەیسەرانی خۆیدا،بڕیار نامەیکی پەسەند کرد کە بە گوێرەی ئەو بڕیارە دەوڵەتەکان بەر پرسیاریەتی پاراستنی خەڵکی بێدفاعیان لەسەر شانە.هەر کاتێک ئەوان نەیانتوانی ئەم بەرپرسیارتییەی خۆیان بەڕێوەبەرن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ودەوڵەتانی ئەندامی ئەو ڕێکخراوە،پێویستە ئەرکی پاراستنی ئەو خەڵکە بێدفاعە بەپێیی پەیماننامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووە کان بخەنە سەرشان.لە پێشدا لەڕێگای ئاشتی وبە شێوەیەکی هێمنانە،بەڵام ئەگەر لەو ڕێگایەوە کارنە چێتە پێش ،بەکار هێنانی دەسڵات وزۆریش وەک دواڕێگاچارەدەکرێ کەڵکی لێوەرگیرێ.دواتر لە ٢٨ ئاپریلی ساڵی ٢٠٠٦دا،ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی دیکە پەسەند کردکە لەودا ڕوونکراوەتەوەکە ئەنجوومەنی ئاسایش(بەرپرسیاریەتی پاراستن)یدەکەوێتە ئەستۆ و لەکاتی پێویست دادەبێ بەمەبەستی پاراستنی خەڵکی بێدەفاع لە پەلاماری دەستدرێژی وتوندوتێژی،ئۆپەراسیۆنی پێویست بەڕێوە بەرێ.
مەسەلەیەکی دیکە کەلەدەیەی١٩٩٠ لەپێوەندی لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ زۆری باس لەسەر کرا،بریتی بوولە سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی مافەکانی مرۆڤ لەکاتی یارمەتیدانی وڵاتانی هەژاردا.بە گوێرەی ئەو سیاسەتە،ئەو دەوڵەتانە کەڕێزلە مافەکانی مرۆڤ ناگرن وبۆ دابین کردنیان هەوڵ نادەن لە لایەن وڵاتە دەوڵەمەندەکانەوە دەخرێنە ژێرفشاروهەڕەشەی ئەوەیان لێدەکرێ کە هیچی دیکە یارمەتییان پێ ناکرێ.
لە ١١ سێپتامبری ساڵی ٢٠٠١ ئەمریکا کەوتە بەر هێرشێکی گەورەی تێرۆریستی کە لەو عەمەلیاتە لەسەریەک نزیکەی ٣٠٠٠کەس کۆژران. ئەمریکا دوای ئەوە، شەڕێکی هەمەلایەنەی بە دژی تێرۆریزمی نێو نەتەوەیی ڕاگەیاندو پەیمانێکی لە گەڵ چەندین وڵات بۆ هاوکاری کردن لەسەر چۆنیەتیی بەربەرەکانی ئەم مەترسیەوهەر چەشنە هێرشێکی تازەی لەن چەشنە،بەست.
ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان،گەلێک بڕیارنامەی لەو بارەوە پەسەندکردن وبەگوێرەی ئەوبڕیارنامانە ئەمریکا حەقی دفاع وپارێزگاری کردن لە خۆی پێدەدرێومافی ئەوەشی دەدرێتێ کەبەمەبەستی پێشگیری کردن لەتێرۆریزم ودووبارە بوونەوەی عەمەلیاتی ئەم چەشنە،لە گەڵ وڵاتانی دیکە هاوکاری بکاویارمەتییان لێ بخوازێ.ئەودەوڵەتانەی کە پشتیوانی لەتێرۆریزم دەکەن،یان هەلومەرجی تێکۆشان بۆ دەستەو تاقمە تێرۆریستیەکان لەسەرخاکی خۆیاندا پێک دێنن،بە بەرپرس دەناسرێن.
خەبات بەدژی تێرۆریزم کە لەلایەن ئەمریکاوە ڕێبەرایەتی دەکرێ،ئاڵوگۆڕی گەورە لە پێوەندیی لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ پێک دێنێ .دەوڵەتەکان ئەرکی سەرشانیانە
کە ئەمنیەت وئاسایشی هاووڵاتیان لە بەرامبەر هەر چەشنە هێرشێکی تێرۆریستیکە لەدوای سێپتامبری ٢٠٠١ لەئاسیاو ئورووپا زۆر دووپاتە بوونەتەوە ،دابین ودەستەبەر بکەن.
خەبات بەدژی تێرۆریزم لە و لایەنەشەوە کەوتۆتە بەر ڕەخنە کەتاچ ڕادەیەک دەبێ هێزی نیزامی وپۆلیس بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ئەوگیروگرفتە دەکار بکرێ. ڕەخنەگران دەڵێن دەبێ ڕیشەو هۆکارەکانی تێرۆریزم بدۆزرێنەوەو زەمینەو هەلومەرجی سەرهەڵدانی ئەوان لەنێو بچێ.بۆ نمۆنە هێندێک لەپسپۆڕانی ئەو بوارە دەڵێن کە بۆ خاشە بڕ کردنی تێرۆریزم پێویستە لەوڵاتانی هەژارو ماسوڵمانی ڕۆژهڵاتی نێوەڕاستدا، ئازادیە سیاسیەکان دابین بکرێن،ڕێژیمە سەرەڕۆو گەندەڵەکان وئەو هەژارییە پان وبەرینەی کەلە زۆربەی ئەووڵاتانە دا هەیە نەمینن.*
پێش هەموو شتێک لەهەر وڵاتێک دائەوە دەوڵەتە کەدەبێ ڕێز لەمافەکانی مرۆڤ بگرێ و بەرپرسیاریەتیی پاراستن ودەستەبەر کردنیان بخاتە ئەستۆ.لە زۆر لە وڵاتاندا بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ گرتن و زیندانی کردندا مافەکانی مرۆڤ بە توندی پێشێل دەکرێن.هەر لەو پێوەندییەدا سیستمی قەزاییش ڕۆڵی بنەڕەتی دەگێڕێ لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ وسزادانی ئەوانەی کە پێشێلیان دەکەن.جگە لەوە ،ئەمنیەتی قەزایی ومافی وەک یەکی هەموو ئینسانەکان لە بەرامبەر قانووندا نیشانەیە کە بۆ لە گۆڕێ دابوونی دادگایەکی سەربەخۆو عادڵانە.دەوڵەتەکان بە ئەندام بوونیان لەڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان وباقی ڕێکخراوە نێو نەتەوەییەکانی دیکە هەروەها بەگونجاندنی بەڵگە نامەو پەیماننامە جۆراجۆرەکانی پێوەندیدار بەمافەکانی مرۆڤە وە لە یاساو قانوونەکانی وڵاتەکەیاندا،ئەرکی ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ و دەستەبەر کردنیان وە ئەستۆ دەگرن.
پێویستە بگوترێ کە ئورگانە تایبەتیەکانی کۆنوانسیۆنە دیاریکراوەکان،کومیتەی مافی مرۆڤ ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ودادگای ئورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆڵێکی گرینگ لە پەسەندکردن وشیکردنەوەی مافەکانی مرۆڤدا دە گێڕن.لەوەش زیاتر لەقاو دانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیش کاراو شێلگگیرن.مافە کانی مرۆڤ بە پێیی ڕەوتی چوونە پێشی ژیان وپێشکەوتنی مرۆڤ پەرەدەگرن ومانای تازە پەیدادەکەن.نمۆنە بۆ ئەو مافانە ی کە بەم دواییانە وەک مافی مرۆڤ پەسەند کراون و بەسەر جەمی مافەکانی مرۆڤەوە زیاد بوون،بریتین لە مافی ژینگەیەکی خاوێن ومافی پەرەئەستاندن.
لە ئاخریشەوە دەبێ بگوترێ کە لەم ساڵانەی دواییدا مافەکانی تایبەت بەودەستەو گرۆپانەی کە لە کۆمەڵدا بە جۆرێک مەوقعیەتێکی ناسکیان هەیە،وەک منداڵان وکەم ئەندامان ،بەرینتر،قووڵتر وڕوونتر کراونەتەوە .
کارو تێکۆشان بۆ مافەکانی مرۆڤ بێ وچان لەحاڵی ئالو گۆڕی بەردەوام وبەرەو پێشچوون دایە.
کۆکردنەوەو نووسین :سەردار زەنگنە
بەشی یەکەم: http://www.komarixwaz.com/ku/index.php/2011-10-20-07-47-07/8196-2017-09-03-09-25-50
بەشی دووهەم: http://www.komarixwaz.com/ku/index.php/2011-10-20-07-47-07/8209-2017-09-05-11-52-07
10/9/2017