فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

سەردار زەنگەنە

"باسێک سەبارەت بە سەر هەڵدانی بیرۆکەی مافی مرۆڤ وچوونەپێش وچۆنیەتی گەشە سەندنی مافەکانی مرۆڤ "
هەر چەند لێرە تەنیاسەرنج دەدەینە چۆنیەتی گەشە کردنی مافەکانی مرۆڤ لە بەر ڕووناکایی مێژۆی ئورووپا،بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە ناوچەو بەشە جیاجیاکانی دیکەی جیهان لە سەرڕەوتی گەشە کردنی مافە کانی مرۆڤ شوێنەواریان نەبووەوکارگەریی یان دا نەناوە.بەو حاڵەش نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ کە بۆ یەکمجار لە ئورووپا دواتریش لە ئەمریکای باکووردا هەوڵ و تێکۆشان بۆ فۆرمۆلە کردن وداڕشتنی مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی سیستماتیک دەستی پێکرد.

سەرەتای هاتنە گۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە ئاستی نێو نەتەوەییدا،دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتە کە بەیاننامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ،لە ١٠ ی دیسامبری١٩٤٨دا،لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووە کانەوە پەسەند کرا.تائێستا گەلێک پەیماننامەوڕێکەوتننامە وکۆنوانسیۆنی دیکە بە مەبەستی دەوڵەمەند کردن،بەرین کردنەوەی ماناوچوار چێوەی مافە کانی مرۆڤ،لە ئاستی نێو نەتەوەییدا پەسەند کراون. هەر لەو بارەوە تائێستاش دوو کۆنفرانسی جیهانیش لە ساڵەکانی ١٩٦٨ و١٩٩٣دا،بۆ باس و لێکۆڵینەوە لە مافەکانی مرۆڤ و چۆنیەتی بەڕێوە بردن وپەرە پێدانیان،پێکهاتوون. وڵاتانی بەشدار لەو کۆنفرانسانەداو بەشێوەیەکی گشتی تر دەوڵەتەکان بەرپرس بوون کە بۆ باشتر کردنی وەزعی مافی مرۆڤ و پارێزگاری لێکردنیان ،کاری زیاتر بکەن وهەوڵ وتێکۆشانی خۆیان لەو بوارە درێژە پێبدەن. گەلێک شێوەو ڕێوشوێن هەن کە بە گوێرەی ئەوان ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ بەبەشی جیاجیا دابەش دەکرێن.

ئاسائیترین شێوە ئەوەیە کە ئەو ماف و ئازادییانە بە مچەشنەی خوارەوە لێک جیا کەینەوە:

ماف و ئازادییە مەدەنیەکان،ماف و ئازادییە سیاسیەکان ،مافە ئابوورییە کان،مافە کۆمە ڵایەتی وفەرهەنگی و کولتوورییە کان. دیارە بۆ پەرەپێدان ودابینکردنی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤیش ،گەلێک مێتۆدی جۆراجۆر هەن. بۆ وێنە دەتوانین لە ڕێگای گونجاندنی ماف و ئازادییە کانی مرۆڤ لە یاساو قانوونەکانی وڵاتێکدا،لەڕێگای خوێندن وپەروەردە و فێرکردنەوە ،لە ڕێگای هەڵمەتی ڕەسمی و گشتیەوە لەڕێگای باس ودیالۆگ و گفتو گۆ پەرە بەمافەکانی مرۆڤ بدەین و بۆ وە بەر چاو گرتن و دابین و دەستە بەر کردنیان هەوڵبدەین.

پێشینەی مێژۆیی بۆ پەسەند کردنی بەیاننامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ،دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەستدرێژی و سوو کایەتییانەی کە لە پێش ولەکاتی ڕوودانی شەڕی دووهەمی جیهانیدا،بە دژی جوولە کەکان و بەشێکی دیکە لەو خەڵکانە بەڕێوە چوون کە نازیستەکان وەک مرۆڤی پلە دوو سەیریان دەکردن.پاش شەڕی دووهەمی جیهانی،لە ئاستی نێو نەتەوەئییدا،ئەو ڕێککەوتنە پێکهات کە کۆ مەڵگای جیهانی،پێویستە ئەو ماف و ئازادی یانە بە شێوەیەکی دەستە جەمعی کە هەموو((ئەندامانی بنەماڵەی ئینسانی))بگرێتەوەوبۆ هەموویان لە بەر چاو بگیردرێن،پەسەند بکا.بە چەشنێک کە وە بەر چاو گرتنی ئەوان ببێتە بناخەیەک بۆ دابین و دەستە بەر کردنی ((ئازادی،عەداڵەت و ئاشتی جیهانی))٠

ڕەنگەهیندێک بپرسن تایبەتمەندی شەڕێ دووهەمی جیهانی چی بوو کە بایەخ دان بە مافەکانی مرۆڤ لەوکاتە زۆرتر هەست پێکرا ؟

تایبەتمەندیەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی لە چاو شەڕەکانی پێشوو بریتی بوون لە:

_ چ لە بارەی ڕووبەری جوگرافیایی مەیدانی شەڕ و چ لە ڕووی ژمارەی ئەو کەسانەی کە کەوتنە ژێرشوێنەوارەکانی شەڕ،بە گەورەترین شەڕی مێژۆیی لە قەڵەمدەدرێ.

_ گەورەترین زیانی مادی و ئنسانی لێکەوتەوە.

_ هێزی پاڵنەرو ئیلهامدەری ئەو شەڕە،ئیدەئۆلۆژی نازیسم بوو،کە لە گەڵ هەموو بنە ماکانی فەرهەنگ و کولتووری ئورووپایی (مەسیحیەت وهۆمانیزم)ناتەبایی هە بوو.

بەمجۆرە شەڕی دووهەمی جیهانی هەڵومەرجێکی پێکهێنا کە کۆ مەڵگای مرۆڤایەتی بگاتە ئەو ڕاستییە کە پاراستنی هەموو لایەنەی مافەکانی مرۆڤ پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرە. لە ١٠ی دیسامبری ١٩٤٨دا ،بەیاننامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە پەسەند کرا. نوێنەرانی ٥٦ دەوڵەت کە ئەو دەم ئەندامی Un بوون،ڕایانگەیاند کە بەیاننامەکە زۆر گرینگ وپڕ بایە خە،بەڵام بەو حاڵەش هێندێک شتی ئەوتۆی تێدان کە جێگای ڕەزامەندی ئەوان نیە . بەیاننامەکە ئاوێتەیەک بوو لە ئیدە ئال وبۆ چوونەکانی شۆڕشەکانی فەرانسەو ئەمریکا،هێندێک بیروبۆ چوونی بزوتنەوە ئازادیخوازەکانی ئاسیاوئەمریکای لاتین وهێندێک بیروبۆ چوونی تر کە لە ڕۆژهڵاتی ئورووپاوە سەر چاوە یان گرتبوو.لەکاتی دەنگداندا،نوێنەرانی ٤٨ وڵات دەنگیان پێداو هەشت وڵاتیش دەنگیان پێنەدا.

ئەگەر گەرەکمان بێ بەشوێن ڕەگەزە مێژۆ یی یەکانی مافی مرۆڤ بگەڕین پێویستە بزانین بیرۆکەی ئەوەی کە مرۆڤ خاوەنی هیندێک مافی دیاریکراوو بنەڕەتیە ڕەگێکی قووڵی لە مێژۆی ئورووپادا هەیە. هەم فەیلسووفەکان ،هەم مافناسەکان وبەڕێوە بەرانی دەوڵەت بە شێوەی جۆراجۆر بەو مەسەڵەیەوە خەریک بوون وباس ولێکۆڵینەوەیان لەسەر کردوە.

مافی سروشتی _ سەر هەڵدانی مافی سروشتی و بیرۆکە کەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێبازێکی فەلسەفی کە پێدەگوترێ Stoisismen،کە سێسەد ساڵ پێش لە دایکبوونی مەسیح سەری هەڵدا.ئەم فەیلە سوفانەی کەسەر بەو ڕێبازە فەلسەفیە بوون،لەو بڕوایەدابوون کە کۆمەڵێک نۆرم و ڕێو شوێن وماف و یاساهەن کە هەموو مرۆڤەکان دەگرنەوەوبۆ ئینسانەکان هاوبەشن،بێ وە بەر چاو گرتنی ئەوە کە لە چ کو لتوور ولە چ کاتێکدا دەژین.

ستۆیکەرەکان لەو بڕوایە دابوون کە هەموو ئنسانەکان شعووریان هەیە و مافە سروشتیەکان بۆ هەموو ئنسانەکان وەک یەکن. هەرلەسەردەمی ستۆیکەرەکانەوە تائەمڕۆ،ئەم بیرکردنەوەیە،واتە بیرو بۆ چوونی پێوەندیدار بە مافە سروشتیەکان ،بەشێکی بنەڕەتیی لە فەلسەفەی ئورووپاییدا پێکهێناوە.لە ڕۆمی قەدیم دا،بیرۆکەی مافی سروشتی،شوێنی ئەسڵی لە پێکهاتنی سیستمی قەزایی ڕۆمداهەبوو. ئەو سیستمە قەزاییە بە ئەندازەیەک گشتی وسەرتاسەری و هەموولاگر بووکە هەموو دانیشتوانی ئیمپراتۆری ڕۆمی دەگرتەوەو بۆ هەموویان وەک یەک بوو. مارکوس تیلیۆس فەیلسووفێکی ناسراوی ڕۆمی قەدیم و وتەبێژو دەمڕاستی ستۆیکەرەکان بوو .

پاش ئەو ئاڵو گۆڕە سیاسیانەی کە لە ئورووپادا،لە سەروبەندی ساڵی ١٢٠٠پێش زایین ڕوویاندا،دەبینین کە چەند بیرۆکەی تازە دێتە کایە کەهەر کامیان بە نۆرەی خۆیان شوێنەواریان لەسەر پێشکەوتنی بیرۆکەی مافی مرۆڤ داناوە.

لەو پەیوەندیە دا ئینگلستان هەنگاوێکی گرینگ هەڵدەگرێ.لەو وڵاتە(بەڵگە نامەی ئازادی)لە ساڵی ١٢١٥مۆر دەکرێ.بە گوێرەی ئەو بەڵگە نامەیە،شای ئەو وڵاتە واتە Johanدەبێ ئەو مافانە تەنانەت بۆئەو هاو وڵاتیانەی بێ زەویشن قایل بێ کە سەردەمێک تەنیا بە مافی ئینسانە ئازادەکان دادەنران.

لە بەندی ٣٩ دالەو بەڵگە نامەیەدا هاتوە کە :((هیچ پیاوێکی ئازاد نابێ بگیردرێ وزندانی بکرێ،یان دوور بخرێتەوە یان بە جۆرێک گیرو گرفتی بۆدروست بکرێ،مەگەر بەڕێگای قانوونی و لە لایەن کەسانێکی وەک خۆی کە لە هەمان ئاست وپلە وپایەی خۆیاندان وئەویش بە گوێرەی یاساکانی وڵات))
ئەو بەیاننامەیە بە بەردی بناخەی بەشێکی زۆر لەو یاساو قانوونانە دادەنرێ کە ئێستا لەو وڵاتە بەڕێوە دەچن.ئەو بەڵگەنامەیە وە ک چەکێکی کاریگەر و سەمبۆڵێکی گرینگ لە خەبات بە دژی چەوساندنەوەو بۆ دابین و دەستەبەر کردنی مافە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ بە کار هاتوە.

 

کۆکردنەوەو نووسین :سەردار زەنگنە

 

3/9/2017

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان