ئەمریكا: ئەگەرەكانی هێرشی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندیەكانمان زیاتر بوون
چاودێران: جوڵەكانی ئەمریكا دژی ئێران جەنگی دەرونیە
دوای جوڵاندنی كەشتی فڕۆكە هەڵگری لینكۆڵن، ئەمریكا كەشتی فڕۆكە هەڵگری یو ئێس ئێس ئەرلینگتۆنیشی بەرەو ئاوەكانی كەنداو بەڕێكرد، ئەوەش بەوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكایە لە بەرامبەر هەر جوڵەیەكی ئێران، هاوشانی جوڵە سەربازییەكان دۆناڵد ترەمپ پەیامێكی دیبلۆماسی بۆ ئێران نارد و رایگەیاند، ژمارەی تەلەفۆنەكەی دەداتە ئێرانیەكان تاوەكو پەیوەندی پێوە بكەن بۆ رێكەوتنێكی نوێی ئەتۆمی.
تادێت ئەمریكا هێزو جبەخانەی سەربازیی زیاتری پێشكەوتوو رەوانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات. بەتایبەتی بۆ ئاوەكانی كەنداو.
بارگرژیی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران. پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە. تادێت شەڕە قسەو لێدوانی دژ بەیەكی گەورە بەرپرسانی هەردو وڵات توندتر دەبێتەوە.
لەئەگەری هەر ئاڵۆزیەكیشدا لەناوچەكە، مەترسیی لەسەر خواستی بازاڕ, لەسەر نەوت دروست دەبێت. چونكە یەك لەسەر سێی نەوتی خاوی هەموو جیهان، لەرێگەی گەرووی هورمزەوە، رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت.
دوای ئەوەی چەند رۆژی رابردوو كۆشكی سپی هۆشدارییدا لەئەگەری بەئامانج گرتنی هێزەكانی و بەرژەوەندیەكانی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئێران و هاوپەیمانەكانی. سوپای ئەمریكا كەشتی فڕۆكە هەڵگری سەربازیی ئەبراهام لنكۆڵنی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد. دواتر چەند فڕۆكەیەكی زەبەلاحی سەربازیی لەجۆری بی 52 رەوانەی ناوچەكە كردو لەئێستادا لەقەتەر جێگیركراون.
رۆژی شەممەش پنتاگۆن رایگەیاند, پاتریك شاناهان وەزیری بەرگری ئەمریكا فەرمانیداوە بەناردنی كەشتی فڕۆكە هەڵگری یو ئێس ئێس ئەرلینگتۆن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگیركردنی سیستەمی بەرگری موشەكیی جۆری پاتریۆت لەناوچەكە.
ناوەندی كەشتیوانیی دەریایی ئەمریكاش رایگەیاند, لەسەرەتای ئەم مانگەوە, ئەگەرەكانی هێرشكردنە سەر كەشتیە بازرگانیەكان و كەشتیە نەوت هەڵگرەكان و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتیی لەدەریای سورو گەرووی بابلمەندەب و ناوچەی كەنداو لەزیادبوندایە.
راشیگەیاندووە, راپۆرتەكان ئاماژە بەزیادبونی ئامادەكارییەكانی ئێران دەكەن بۆ ئەنجامدانی هێرشكردنە سەر سوپای ئەمریكاو بەرژەوەندیەكانی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هۆشدارییەكانی ئەمریكا لەبارەی ئەگەری بەئامانج گرتن و هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكاو بەرژەوەندیەكانی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئێران و هاوپەیمانەكانی. زۆر جدییەو بوەتە قسەو باسی میدیاو ئامادەكارییەكانی ئەمریكاش لەناوچەكە. سەلمێنەری ئەو راستیەن.
لەبەرامبەردا ئێران و زۆرێك لەچاودێرانی سیاسی ئەو جوڵانەی ئەمریكا لەناوچەكە. بەجەنگێكی دەرونیی دژی دەسەڵاتدارانی ئێران دەبینن و پێیان وایە جۆرێكە لەكارتی فشارو هیچی دیكە.
هاوكات لەگەڵ جوڵە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، كە چاوەڕێی تەلەفۆنی بەرپرسانی باڵای ئێران دەكات بۆ دانوستان لەسەر رێكەوتنێكی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.
ئەم قسانەی ترەمپ دیوی دوەمی هاوكێشەكە دەردەخات، كە لەراستیدا ئەوەی خواستی ئەمریكایە شەڕی ئێران نیە، بەڵكو هێنانە ژێر باری ئەو وڵاتەیە بۆ رێكەوتنێكی نوێی ئەتۆمی و كشانەوەی ئێرانە لەو وڵاتانەی ناوچەكە كە بونی سەربازی هەیە و پشتیوانی لە رێكخراو و گروپەكان دەكات كە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكان، بەتایبەت لە سوریا و یەمەن و لوبنان و عێراق.
12/5/2019