بە دەستپێشخەریی ئەمریکا و پۆلۆنیا، شەست وڵاتی جیهان کۆبوونەوتەوە بۆ ئەوەی باس لە ئاشتی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.
ئێران و بەشێك لە هاوپەیمانەکانی کۆنفرانسەکەیان بایکۆت کردووە، بەڵام وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل بەشداریی چالاکانەیان تێیدا هەیە.
چاوەڕێ دەکرێ سەرجەم تەوەرە دیاریکراوەکانی ئەم کۆنفرانسە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جۆرێك بەرۆکی ئێرانیش بگرێتەوە و بەرپرسێکی ئەنجوومەنی ئەوروپاش لە وارشۆ دەڵێت: "ئەمریکا هەوڵ دەدات وڵاتانی جیهان بکاتە پشتیوانی سیاسەتەکانی خۆی بەرامبەر بە ئێران".
پیتر بۆراس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ئەنجومەنی ئەوروپا لە وارشۆ، دهڵێت: "ئهم كۆنفرانسه وەک کۆنفڕانسێکی دژە ئێران دەرکەوتووە. رەنگە ئەمە بە پێچەوانەی ویستی پۆلۆنیاش بێت،بەڵام بنەمای ئەم کۆبوونەوەیە ناکۆکییەکان لەسەر داهاتووی رێککەوتننامەی ئەتۆمی و سیاسەتەکانی ئەمریکایە. ترامپ چەند مانگ لەمەوبەر لەم ڕێککەوتننامەیە کشایەوە و پیدەچێت ئەم کۆنفرانسە یارمەتیی ئەمریکا دەدات بۆ ئەوەی ژمارەیەک لە وڵاتان بکاتە پشتیوانی سیاسەتی خۆی".
لای خۆیهوه حهسهن رۆحانی، سهرۆككۆماری ئێران رایگهیاند، ئەگەر کەسێك لە بوارێکی تایبەتدا بیهەوێ دانوستان بکات، بەو مەرجەی "ڕێز لە وڵاتی ئێمە و یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت"، ئهوان هەموو کات ئامادەن گفتوگۆ بکەن.
ههروهها گوتی: "ئامادەین بۆ قسە و لۆژیك و گفتوگۆی بنیاتنەر، بەڵام گەلی ئێمە هیچکات گوشار و سەپاندن و پێشێل کردنی مافی نەتەوەییمان قەبووڵ ناکات".
لە لایەکی دیکەوە ئایەتوڵلا خامەنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیاننامەیەكدا بە بۆنەی ساڵرۆژی چل ساڵەی شۆڕشی گەلانی ئێران رایگەیاند، گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەمریكا تەنیا زیانی ماددی و مەعنەوی ھەیەو ئەوان رەتیدەكەنەوە.
خامهنەیی بە ئاماژەکردن بەوەی کێشە ئابوورییەکانی ئیران تەنیا بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە نییە، جەختی کردووەتەوە نابێت بەرپرسانی ئێران بیر لەوە بكەنەوە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكان دەبێت دەستی گورگەكان ماچ بكەن و سەردانواندن بۆ ئەمریكاشی بە ھەڵەیەكی كوشندە ناوبردووە.
14/2/2019