هێزەکانى ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتى ڕوبارى فورات لە سوریا، لە چەند کاتژمێرى ڕابردوودا زۆرترین مشتومڕ لەو بارەیەوە کراوە و ژمارەیەک پایتەختى گرنگى جیهانى لەگەڵ بڕیارەکەى ترەمپدا نەبوون.
ناوچەى ڕۆژهەڵاتى روبارى فورات لە کۆبانییەوە دەستپێدەکات تا شارۆچکەى دیرک لەسەر سنورى هەرێمى کوردستان، بە درێژایی ٤٠٠ کیلۆمەتر لەگەڵ سنورى تورکیا و ناوچەکانى دێرەزور و ڕەقا.
لەو ناوچانەدا ٨ سەربازگەى فەرمى و جێگیرى هێزەکانى ئەمریکا هەیە کە بەسەر ئەم ناوچانەدا دابەشبوون: فڕۆکەخانەى ڕمێلان لە ڕۆژهەڵاتى قامیشلۆ ٢٠١٦ دامەزرا، سەربازگەى کۆبانێ لە باشورى کۆبانێ، سەربازگەى شەدادى، کە فڕۆکەخانەیەکى تێدایە، سەربازگەى عومەر لە پارێزگاى دێرەزور، سەربازگەى مەبروک لە سەرێ کانى، فڕۆکەخانەى ڕوباریا لە نزیکى شارۆچکەى دێرک، سەربازگەى تەل بەیدەر لە ڕۆژئاواى شارى حەسەکە، هەروەها سەربازگەى گرێ سپى لە شارۆچکەى گرێ سپى.
سەرەڕاى ئەوەى کە سەرۆکى ئەمریکا ڕایگەیاند، بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى وڵاتەکەى لە سوریا، سوپرایس نەبوو، بەڵام لەناو هاوپەیمانەکان و ئیدارەى ئەمریکاش بە بڕیارێکى کتوپڕ ناوبرا، وە کاردانەوەى جیاجیاى بەدواى خۆیدا هێنا.
سەرەتاى ئەو کاردانەوانەش لەناو دەزگاکانى واشنتۆن خۆیدا بوو، وەزارەتى بەرگرى ، پنتاگۆن ڕایگەیاند، لەئێستا بەدواوە دەچنە قۆناغى دووەمى شەڕى دژى داعشەوە، بێ ئەوەى وردەکارى ئەو قۆناغە ئاشکرا بکات.
کۆشکى سپیش ئاماژەى بەوە کرد، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى ئامادەن بۆ دەستوەردان و پاراستنى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا.
هاوکات وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکاش داواى لە کارمەندانى وەزارەتەکە کردووە لەماوەى ٢٤ کاتژمێردا ڕۆژئاواى کوردستان بەجێبهێڵن.
بەڵام جیاواز لە کاردانەوەى حکومەتى ئەمریکا، بەشێک لە سیناتۆرەکانى ئەو وڵاتە کاردانەوەى توندیان لەسەر بڕیارەکەى ترەمپ هەبوو و ڕایانگەیاند، ئەو بڕیارە هەڵەیەکى گەورە و مەترسیدارە بۆ واشنتۆن.
سیناتۆرى کۆماری لێنزى گراهام ڕایگەیاند، بڕیارى گشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا هەڵەیەکى گەورەیە و وەکو ئەو هەڵەیەى باراک ئۆباما وایە کە بووە هۆى بەهێزبوونى ئێران و سوریا و کوردانى ڕۆژئاواى خستە مەترسییەوە.
سیناتۆر بۆب کۆرکەر نوسیویەتى، ئەو بڕیارە هاوپەیمانە کورد و عەرەبەکانى ئەمریکا دەخاتە بەر ڕەحمەتى بەشار ئەسەد و تورکیا.
هاوکات هێزەکانى سوریاى دیموکرات، هەسەدە، لە وەڵامى ترەمپدا ڕایگەیاندووە، داعش کۆتایی نەهاتووە و کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا چارەنوسی ناوچەکە دەخاتە ژێر مەترسیی دوژمنکارانەوە.
تورکیاش پێشوازى لە بڕیارەکەى ترەمپ کرد و هەر زوو وەزیرى بەرگرى ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە کاتێکى گونجاودا شەڕڤانانى کورد لە خەندەقەکانى خۆیاندا دادەپۆشین.
ڕوسیاش دڵخۆش بوو بە بڕیارەکەى ترەمپ و فڵامیمێر پوتین ڕایگەیاند، بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا هەنگاوێکى دروست بوو، بەڵام هەمووان دەزانن کە ئەمریکا ١٧ ساڵە دەڵێت، هێزەکانى خۆى لە ئەفغانستان دەکێشێتەوە.
هاوکات هەریەکە لە فەڕەنسا و بەریتانیاش هەڵوێستێکى جیاوازیان لەبەرامپەر بڕیارەکەى ئەمریکادا هەبوو.
وەزارەتى دەرەوەى بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەردەوام دەبن لە پێناو بەرجەستەکردنى تەواوى ئامانجەکان کە لە ناوبردنى داعش و بەرقەرارکردنى سەقامگیریە.
فەڕەنساش لە بەرژەوەندى کوردانى ڕۆژئاوا دوا و ڕایگەیاند، هێزەکانى خۆى لە سوریا ناکشێنێتەوە.
فلۆرەنس پارلى وەزیرى بەرگرى فەڕەنسا ڕایگەیاند، لە ئێستادا داعش لە هەموو کاتێک زیاتر لاوازە، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی لە ناو نەچووە، بۆیە پێویستە ئۆپراسیۆنە یەکلاکەرەوەکان دژی داعش لە سوریا بەردەوامیان هەبێت.
هەورەها ناتالی لویسۆ وهزیری حكومهتی فهڕهنسا بۆ كاروباری یهكێتیی ئهوروپا ڕایگەیاند، لهئێستادا وڵاتهكهی لهرووی سهربازییهوه بهردهوام دهبێت لهمانهوه له سوریا.
21/12/2018