لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردنی چالاکانی مەدەنی، سینفی و مامۆستایان لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، "ئومید شامحەممەدی "، مامۆستای کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە، کە لە ڕۆژی دووشەممە، ۲۱ی مانگی خەزەڵوەری ۱۳۹۷ی هەتاویی، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
یەکێتی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی ماموستایان و فەرهەنگییان ئێران دەستبەسەر کردنی "ئومید شامحەممەدی" مامۆستای خەڵکی شاری دیواندەرەی پشتڕاست کردۆتەوە.
شایانی باسە، شەپۆلی تازەی دەستبەسەر کردنی مامۆستایان و چالاکانی مەدەنی و پیشەیی ئێران و بە تایبەت کوردستان پاش خولی دووهەمی مانگرتنی مامۆستایانی کوردستان بە بانگەوازی یەکێتی پیشەیی مامۆستایانی ئێران لە ۲۱ و ۲۲ ی خەزەڵوەر دەستی پێ کردەوە .
17/11/2018