پارێزەر و مافناسێکی ئابووری و ئەندامی کەمپەینی زاگرۆسی مێهرەبان، لە نزیک ماڵەکەی خۆی بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ڕەزبەر، دوکتور "فەرشید هەکی"، پارێزەر و مافناسی ئابووری و ڕاوێژکاری زانستی بڵاوکراوەی تاوتوێ ئابوورییەکان، بە شێوەی گۆماناوی کوژرا.
ماڵپەڕی "انصاف نیوز"، فایلی دەنگی یەکێک لە هاوکارەکانی دکتور فەرشید هەکی بە ناوی "مدیری" بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ئەگەری هەیە کوژرانی ئەو مافناسە بە هۆی کێشەی شەخسی یان پەیوەندیدار بە دۆسیەی ڕاسپێدراوی "وکالت"، بوو بێ.
عەبدولڕەزا داوەری، لە نامەیەکدا بۆ دادستان نووسیویەتی کە "هەکی" بە شێوەی گوماناوی کوژراوە و پاش کوژرانی تەرمەکەی سووتێندراوە.
ئەو ئەندامەی کەمپەینی زاگرۆسی مێهرەبان، لە نزیک ماڵەکەی خۆی بە چەقۆ کوژراوە.
سێ مانگ پێش، ناوبراو لە دادنامەیەکدا، باسی لە پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییان، پێشێلکردنی مافی کۆمەڵایەتی و نەبوونی ئازادی حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کردبوو.
هێندێک لە سەرچاوە نافەرمییەکان، باس لە کوژرانی دوکتور فەرشید هەکی لەلایەن ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەکەن.
23/10/2018