لە درێژەی کاردانەوە نێونەتەوەییەکانی هێرش و مووشەکباران کردنی بنکەی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، باڵوێزی ئامریکا لە ڕێکخراوی وڵاتەیەکگرتووەکان ، ئەو کردەوە تیرۆریستییەی بە توندی مەحکوومکرد.
نیکی هێلی رۆژی پێنجسەممە ٢٩ی خەرمانان لە کۆبوونەوەی شوڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، وێرای ئاماژدەدان بە مووشەکباران کردنی بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە رۆژی ١٧ی خەرمانان، سەرلەنوێ سیاسەتی دەستێوەردان و تیرۆریستیانەی کۆماری ئیسلامی مەحکووم کرد.
نیکی هێلی بە ناو هێنانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هێرشی هەوایی بۆ سەر ئەوحیزبە، سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بە مەترسی بۆسەر مرۆڤایەتی لە قەڵەمدا و، لەو پێوەندییەش ئەندامانی شوڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی ئاگادار کردەوە کە دەبێ بە جیددی ڕووبەڕووی پیلان وسیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ببنەوە.
باڵوێزی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە دەسپێکی قسەکانی دا، ئێرانی بە سەرچاوەی ئاژاوەو کێشەنانەوە لە جیهان باس کردو ڕایگەیاند کە نیزیک بە چل ساڵە کۆماری ئیسلامی پڕنسیپ و یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات و، هیچ ئاژاوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو نادات، کە دەستی ئێرانی تێدا نەبێ.
نیکی هێلی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە کە دەوڵەتی تاران، میلیشیاکانی عێراق و سووریە پڕچەک دەکات و، لە گرووپە تیرۆریستییەکان پشتیوانی ماڵی دەکا.
هەروەها بە خستنە بەرباسی تازەترین کردەوەی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی و هێرشی هەوایی و مووشەکباران کردنی بنکەی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند؛ کە ئێران هەتادێ، پەرە بە دەستێوەردانەکانی خۆی لە عێراق دەدا و سەروەری وڵاتانی دەراوسێ پێشێل دەکات و، دووپاتبوونەوەی کردەوەی هاوشێوە واتە هێرش بۆسەر دژبەرانی ئەو وڵاتە لە وڵاتێکی دیکەدا چیترقەبووڵ ناکرێ و، دەبی پێشی لێبگیردرێت.
شیاوی باسە هەر لەو پێوەندییەدا ، حەوتووی ڕابردوو سێناتۆڕ مارکۆ ڕووبیۆ لە ئەندامانی باڵای سنای ئامریکا لە توویتێکدا هێرشی مووشکی سپای پاسداران بۆ سەر مەقەڕەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی مەحکووم کرد و خوازیاری وڵامی توند بەو هێرشە مووشەکییەی حکوومەتی ئێران بوو و هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی بە بەشێک لە هەوڵەکانی حکوومەتی ئێران بۆ نائەمن کردنی ناوچەکە زانی.
22/9/2018