هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی قەیران و گرفتە ئابوورییەکانی ئێران، نەبوونی خزمەتگوزاری و بەتایبەت پچڕانی ئاو و کارەبا بووەتە هۆی بێکاریی سەدان کرێکار و زیان و خەساری زۆری بە کەرتە ئابوورییەکان گەیاندووە.
میدیا ناوخۆییەکانی ئێران باس لە دەیان ڕاپۆرت و هەواڵدا باسیان لە پچڕانی ئاو و کارەبا لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵک کردووە، لە زۆرێک لە شار و ناوچەکان پچڕانی کارەبا بووەت هۆی پەککەوتنی کارگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و بەم بۆنەوە بە سەدان کەس بێکار بوون.
بۆ وێنە دوێنێ لە ئەنجامی پچڕانی کارەبا لە هەندێ دەواجن لە دەوروبەری مەشهەد، 28 هەزار مریشک مردار بوونەتەوە، هاوکات پچڕانی کارەبا لە ناوچەی پیشەسازیی شاری نەجەفئاباد لە پارێزگای ئیسفەهان، بووەتە هۆی خراپبوونی دەیان تۆن مادە و بەو بۆنەوە 100 کرێکاریش بێکار بوون.
لە پاریزگاکانی خووزستان، شیراز، کرمان، قۆم، مازندەران و ئەردەبێڵ و تەورێز،گرفتی نەبوونی ئاو و کارەبا خەڵکی وەزاڵە هێناوە و لە دەیان کەرتی پیشەسازی و وەبەرهێنان خەڵکی تووشی خەسار و زیانی زۆر بوون و لە پارێزگای ئەردەبێڵ دەیان گوند لە نەبوونی ئاو و کارەبا دەستیان داوەتە ناڕەزایی و لەسەر جادەکان کۆبوونەتەوە و ڕێگەکانیان بەستووە.
١٩/٧/٢٠١٨