رۆژی هەێنی ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕ پیاوێکی خەڵکی ناوچەی لەیلاخ بەناوی فەیزوڵڵا حسێن پەناهی ، خەڵکی شارۆچکەی قوڕیچیای دێولان، لە کاتی سەیران لە گوندی باوەگوڕگوڕی شاری قوروە کە شوێنێکی گەشتیارییە، دەبینێ منداڵێکی تەمەن ٥ساڵان لە ئاو کەوتووە، خۆبەخشانە فریای دەکەوێ و، دوای تەقالایەکی زۆر گیانی ئەو منداڵە لە دەستی خنکاندن ڕزگار دەکا، بەڵام بەداخەوە بۆ خۆی گیانی لە دەستداوە.
باوەگوڕگوڕ( یان باوە گڕگڕ) ناوی ئاواییەکە لە ١٨ کیلومێتری باشووری رۆژهەڵاتی شاری قوروەو لە باری جوغرافیاییەوە لە نێوان دوو شاری بیجاڕ و قوروە، لە پارێزگای سنە هەڵکەوتووە.
ئاوایی باوەگوڕگوڕ بە هۆی کانیاوەکانییەوە ناسراوە و، خاوەنی ئاوێکی کانزاییە و شەفابەخشە بۆ هێندێک نەخۆشی ، ساڵانە بە سەدان کەس سەردانی ئەو شوێنە گەشتیارییە دەکەن و، لە دەسپێکی وەرزی گەرما شوێنێکی قەرەباڵغە.
رۆژی هەێنی لە کاتێکدا کە منداڵێک تەمەن ٥ ساڵ، دەکەوێتە نێو ئاوی کانیاوەکانی باوەگوڕگوڕ ، فەیزوڵڵا حسێن پەناهی فریای دەکەوێ و، دوای ماندووبوونێکی زۆر منداڵەکە لە مردن ڕزگار دەکا و، بۆ خۆی لە پێناوی رزگار کردنی گیانی ئەو منداڵە، گیانی دەبەخشێ.
شایەتحاڵێک لەو بارەوە بە” کوردستان وکورد”ی ڕایگەیاند رۆژی هەێنی کە کاک فەیزوڵڵا لە گەڵ بنەماڵەکەی بۆ سەیران سەردانی باوەگوڕگوڕ دەکەن، لە ناکاو گوێ لە هاواری کەسێک دەبێ کە دەڵێ: فریای مناڵەکەم بکەون و ، هەربۆیە کاک فەیزوڵڵا خۆی لەو ئاوە قووڵە دەهاوێ و دوای ئەوەی دەستی کچی تەمەن ٥ ساڵ لە نێو دەستی باوکی دەنێ ، بۆخۆی لە کاتژمێر ١١ پێشنیوەڕۆ ، دەستی لە بەرۆکی ژیان دەبێتەوە و نوقم دەبێ و، بە هۆی نەبوونی “غەواس” و مەلەوانی تایبەت لەو شوێنە گەشتیارییەدا، دوای چەند کاتژمێر بە بڕی پارەی دوو میلیون تمەن لە شاری هەمەدان مەلەوانی ڕزگارکەر دەهێنن هەتا تەرمی بێ گیانی ئەو مرۆڤە بوێرە، بدۆزنەوە
جێی ئاماژەیە کانیاوەکانی باوەگوڕگوڕ بەهۆی لێڵ بوون و هەبوونی گازی گوگرد هەرکەسێک تێ بکەوێ لە کەمترین کاتدا گیانی لەدەست دەدا.
شیاوی باسە ئێوارەی رۆژی هەێنی ٨ی پووشپەڕ تەرمی ئەو پیاوە مرۆڤدۆست و بوێرە، گەڕایەوە شارۆچکەی قوریچیای دێولان و، لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە، کاتژمێر ١٠ی شەو، بەخاک سپێردرا.
فەیزوڵڵا حسێن پەناهی خێزاندارو خاوەنی چوار منداڵە.
٣٠/٦/٢٠١٨