چالاکێکی کرێکاریی، خەڵکی شاری سنە، بانگهێشتی ناوەندی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا و لە لایەن مەئموورانی ئیداری ئیتلاعاتەوە لێکۆڵینەوەی لێ کرا.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢٥ی جۆزەردان، خەلیل کەریمی"، کرێکاری بیناسازی و ئەندامی یەکیەتیی ئازادی کرێكاران، بانگهێشتی ناوەندی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرا و بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کرا.
ئەو چالاکە کرێکارییە بە تۆمەتی "بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ "بنەماڵەی ڕامین حوسێنپەناهی"، زیندانی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام" بانگهێشتی ئەو ناوەندە خەبەرییە کراوە.
لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی جۆزەردان، "غەزاڵ ئیسماعیلی"،
"ئارمان ئیسماعیلی" و "خەبات ڕەحیمی"، هاوسەری عوسمان ئیسماعیلی بانگهێشتی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز کران.
ئەو سێ هاوووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی "وێنەگرتن لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە شاری سەقز" بانگهێشتی ناوەندی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراون و لەو پەیوەندییەدا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لێپرسینەوەیان لێ کراوە.
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، سەید عەلی حوسێنی، چالاکی کرێکاریی، بە تۆمەتی "بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز لێکۆڵینەوەی لێ کراوە.
16/6/2018