هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەریوان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوانیان دەسبەسەر کرد.
شوناس و ناونیشانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە ناوی "ئەمجەد قادری"، خەڵکی گوندی "چۆڕ" سەر بە شاری مەریوان بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیەندراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "چالاکیی سیاسی" دەسبەسەر کردووە.
لە ڕاپۆرتی جیهانی ساڵی ٢٠١٥ی چاوەدێرانی مافی مرۆڤدا، هاتووە: "کەسانی سەرکوتکەر لە هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان و دەزگای قەزاییی ئێران دەسەڵاتێکی بەربڵاویان هەیە و لەو پەیوەندییەدا تاوانی گەورە ئەنجام دەدەن".
لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای هێزە ئینتزامییەکان وەکوو ناوەندێکی فەرمی بەرپرس لە دەسبەسەر و بانگهێشتکردنی هاووڵاتییان، ڕێکخراوەکانی هاوتەریب و ئاڵۆز وەکوو ئیدارەی ئیتلاعات، سپای پاسداران، بەسیج و هێزە خۆسەرەکان ناوسراو بە لیباس شەخسییەکان کە سەر بە ڕێکخراوەی ئیدارەی ئیتلاعاتن، دەسەڵاتی تەواوی دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییانیان بەبێ حوکمی قەزایی و بەبێ کاتی دیاریکراو هەیە.
29/5/2018