نرخی نەوتی خاوی برێنت گەیشتۆتە نزیک بە ٨٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. بە پێی دواین نرخە فەرمیەکانی رۆژی پێنج شەممە ١٧ی مای/٢٧ی گوڵان هەر بەرمیلێکی نەوتی برێنت بە ٧٩.٤٠ دۆلار فرۆشرا. ئاسیا زۆرترین خەساری بەر دەکەوێت لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. سەرچاوەکانی ئۆپێک ئاماژە بەوە دەکەن کە گەڕاندنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران و کێشەو ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.
بە پێی هەواڵی هەواڵنێری روەیتەرز، رۆژی پێنج شەممە ٢٧ی گوڵان/١٧ی مای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بەرز بۆوە بۆ ٧٩،٤٠ دۆلار و٠،١٤ لە سەد بەرز بوونی بە خۆیەوە بینی.
نرخی نەوتی وێست تەگزاز ئێنتەر مێدیەت گەیشتە ٧١،٧٣ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و ٢٤ سەنت نرخی بەرز بۆوە.
بەم شێوەیە نرخی نەوت لە مانگی جێنیڤەری ٢٠١٨ەوە ٢٠ لە سەد بەزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.
ىانکی ANZ ئۆسترالیا رۆژی پێنج شەممە رایگەیاند کە رەنگە نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ ٨٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕێنێت. بە وتەی ئەم بانکە (مەترسیە ژئۆپۆلێتیکیەکان) بووە بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
بانکی ئەمریکایی مۆرگان ستنلی رایگەیاندوە بە هۆی زیادبوونی داواکارییەکان رەنگە نرخی نەوت تا ساڵی ٢٠٢٠ بگاتە ٩٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەم بانکە هەر لە درێژەدە دەڵێت: " تەنانەت نرخی ٨٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکیش زۆرە. لە ئێستادا لە ئاسیا هەموو ساڵێک زیاتر لە یەک بیلیۆن بەرمیل نەوت بەکار دەهێنریت کە ٢ قاتی ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ یە.
چوونە سەرەوەی نرخی نەوت، نیگەرانی ئابووری ئەو وڵاتانەی لێکەوتۆتەوە کە ئابوورییەکەیان گرێدراوی هاوردە کردنی نەوتە، بەتایبەت وڵاتانی ئاسیایی. تێچووی زۆر دەتوانێت کاریگەری زۆر خراپی لە سەر ئابووری ئەو وڵاتانە هەبێت.
بانک کەنەدایی RBC ئەم مانگە رایگەیاند کە لە ئەگەری چوونە سەرەوەی نرخی نەوت، وڵاتانی ئاسیایی زۆرترین خەساریان بەر دەکەوێت و زەرەرمەند دەبن.
ئاسیا و ئەقیانووسیە لە رۆژدا زیاتر لە ٣٥ لە سەدی نەوتی دونیا بەکار دەبەن. ئاسیا هەروەها بچووکترین ناوچەی بەرهەم هێنانی نەوتی دونیایە و تەنها ١٠ لە سەدی بەرهەم هێنانی نەوتی دونیای لە بەدەستدایە.
لەم ناوەدا چین بە هاوردە کردنی ٩ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژدا، لە مانگی ئاپریل، زۆرترین بەهارهێنەرو هاوردەکەری نەوتە لە ئاسیا و ١٠ لە سەدی ئەو نەوتەیە کە لە دونیا بەکار دێت.
مەبەست لە ئاسیا، وڵاتانی پیشەسازی و رۆژهەڵاتی ئاسیایە لەوانە، چین، ژاپۆن، هێندستان، کۆریای باشوور و مالزیا و....
رۆژی چوارشەممە ١٦ی مای هەواڵنیری روەیتەرز لە زمانی ٤ نوێنەری ئۆپێکەوە رایگەیاند کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە هۆی کەمی بەرهەم هێنانەوە نییە، بەڵکوو بە هۆی پرسی ژئۆپۆلێتیکەوەویە، بۆیە ئۆپێک هەر بۆم هۆکارە پەلەیەکی نییە لەوەی رێکەوتنێک بکرێت لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ئۆپێکدا بۆ کەمکردنەوەی بەرهەم هێنان و هەناردە کردن.
عەرەبستان گەورەترین هەناردە کەری نەوت لە دونیا لە سەر ئەو باوەڕەیە بەزبوونەوەی خێرای نەرخی نەوت، نابێت ببێت بە هۆی بەرهەمهێنانی زیاتر.
سەرچاوەکانی ئۆپێک وتوویانە کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زیاتر بە هۆی ئەو نیگەرانیانەوەیە کە هەیە بە هۆی چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام و ئەوەی کە گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە.
دۆناڵد ترامپ رۆژی سێ شەممە ٨ی مای رایگەیاند کە ئەمریکا لە ریکەوتنامەی بەرجام (٥+١) دەچێتە دەرەوە. چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام نیگەرانی بەشێک لە وڵاتانی ئورووپایی لێکەوتۆتەوە. بەڵام سەرەڕای نیگەرانی وڵاتانی ئورووپایی، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا زەبەلاحەکان چالاکییەکانی خۆیان لە ئێران راگرتووە.
20/5/2018