سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ٣ی گوڵان، مانگرتنی گشتیی بازاڕیانی شاری بانە لە ناڕەزایەتی بە داخرانی سنوورەکان پێی نایە نۆهەم ڕۆژی خۆیەوە، و بازاڕیانی ڕایانگەیاندووە تا کرانەوەی سنوورەکان لە مانگرتنەکەیان بەردەوام دەبن و دوکان و بازاڕەکانیان ناکەنەوە.
چەند سەرچاوەیەک لە شاری بانەوە باس لەوە دەکەن: هەر ئێستا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بازاڕیانی لە چەند شوێنێک دەستی پێکردووە و ناڕازییان بەرەو فەرمانداری شاری بانە وەڕێکەوتوون.
مانگرتنی بازاڕیانی شاری بانە ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوە، لە ناڕەزایەتی بە داخرانی سنوورەکان لە لایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕژیمەوە دەستی پێکرد و ئەمڕۆ دووشەممە، ٣ی گوڵان پێی نایە نۆهەم ڕۆژی خۆیەوە.
24/4/2018