بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “تەسنیم” دوو بازاڕچەی سنووریی شووشمێ و تەمەرچین لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، بۆ هێنانی شتومەک بە فەرمی دیاری کران.
سنوورەکانی شووشمێ لە شاری پاوە و تەمەرچینی شاری پیرانشار وەکوو دوو سنووری “پیلۆت” شوێنی دیاریکردنی هینانی کەلوپەل بە فەرمی لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە ناسێندرا.
فەرمانداری شاری پاوە وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: پاش هەڵسەنگاندن و پشکنینی بەرپرسانی وڵات لە سنووری پارێزگاکانی کرماشان و ورمێ و سنە، ئەم دوو سنوورە وەکوو سنووری هێنانی شتومەک و کۆڵبەری بە فەرمی دەسنیشان کران.
ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها ڕایگەیاند: چالاکانی ئابووری و بازرگانان دەتوانن شتومەک و کەرەستەی خۆیان لە سنوورە فەرمییەکان وڵات بەتایبەت پەرویزخان و باشماخ بە گومرۆکی شووشمێ ترانزیتی بکەن و پاش ترانزیت کردنی شتومەکان بازرگانان دەتوانن کەرەستەکانیان لە سنووری فەرمی شووشمێ بۆ هەر شوێنێکی ئێران ڕەوانە بکەن.
بە وتەی پەرویز ئیدەپوور: پاش داخرانی بازاڕچە سنوورییەکانی کۆڵبەری لە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردووەوە، شاندی دەوڵەت پاش پێداچوونەوە بەو پرسە، ئایینامەیەکیان لەو پەیوەندییەدا دانا؛ ئێمەش لە ڕاستای بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە کاری خۆمان ئەنجام دەدەین.
جێی وەبیر هێنانەوەیە لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو لە شارەکانی پیرانشارو بانە کاسبکارانو کۆڵبەران لە مەڕ داخستنی سنوورە کۆڵبەرییەکان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک مانیان گرت و دووکانەکانیان داخست، بە هەمانشێوە لە ١٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە شارەکانی مەریوان، جوانڕۆ و سەقز لە دژی داخرانی سنوورە کۆڵبەرییەکان دووکانو بازارەکان بە گشتی داخرانو تا وەرنەگرتنی بەڵێنی لە بەرپرسانی پێوەندیدار بۆ کرانەوەی سنوورەکان دووکانەکانیان نەکردەوە.
12/4/2018