سەر لەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٢٢ی خاکەلیوە ١٣٩٧ "سارم خانی سادق وەزیری"پارێزەر و ماف ناسی کورد لە تەمەنی ٩٧ ساڵەیی لە وڵاتی سویس کۆچی دوایی کرد.
سارمەدین سادق وەزیری لە ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٠٠ لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لەم شارەو دواناوەندی لە سنەو تەورێز تەواو کردوەو دوای ساڵێک توانی لە بەشی یاسا لە زانکۆ درێژە بە خوێندن بداو سەرەنجام لە دەزگای قەزایی ئەوکاتی ئێران کاری پێدەسپێردرێ.
ساڵی ١٣٣١ی هەتاوی لە تەنیشت کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی توودە، کۆمیتەیەک بەناوی کۆمیتەی ئازەربایجانو کوردستان پێکدێ کە ناوبراو یەکێک لە ئەندامانی ئەو کۆمیتە سێ کەسییە بووەو بەرپرسی کاروباری کوردستان بووە.
دوای کودێتای ٢٨ی گەڵاوێژی ١٣٣٢ی هەتاوی دەستبەسەر دەکرێو رەوانەی بەندیخانەی "فلک الفلاک" دەکرێ. دوای چاردە مانگ زیندانی بە ئێعدام حوکمدرا، پاش چوار ساڵ حوکمەکەی دەبەخشرێو ئازاد دەکرێ.
سارمەدین سادق وەزیری هاورێ لەگەڵ چەند کوردی دانیشتووی تاران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی «جمعیت کردهای مرکز»یان دامەزراندو ناوبراو وەک وتەبێژی "جمعیت"ەکە ناسرابوو.
هەروەها پێویستە بگوترێ سارمەدین سادق وەزیری لە دارشتنی گەڵاڵەی خودموختاری پێشنیار کراوی دەستەی نوێنەرایەتیی کورد بۆ وتووێژ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تازەی ئێران لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی رۆڵێکی کاریگەرو سەرەکی وەک یاساناس گێراوە.
١٢/٤/٢٠١٨