دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە گەمارۆدانی فڕۆکەخانەکانی کوردستان لەلایەن بەغداوە، یەکەم فڕۆکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی گەشتیاران گەیشتە هەولێر.
ئیبراهیم و دایکی خەڵکی هەولێرن، یەکەم سەرنشین بوون لە فڕۆکەکە دابەزین. ئەوان بۆ ئەوەی یەکەم کەس بن بێنە هەولێر ئامادەبوون نزیکەی 370 دۆلار سزابدەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بلیتە کۆنەکەیان، کە بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا بووە.
داخستنی فڕۆکەخانەکان تەنیا زیانی بۆ کورد نەبووە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆر لەو بیانیانەشی کە لە کوردستان کاردەکەن، زیانیان بەرکەوتووە. رۆستەم بابی کە خەڵکی بەنگلادیشە نزیکەی شەش مانگە چاوەڕوانی ئەو رۆژە دەکات، چونکە هەر وەک خۆی دەڵێت، مانگێک زیانی 500 دۆلاری کردووە.
پێش راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان، زیاتر لە 30 هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی بەرەو ئاسمانی هەرێمی کوردستان و بەپێچەوانەوە دەفڕین، ئەو هێڵانە هەفتانە نزیکەی 170 گەشتییان بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر ئەنجامدەدا، کە ساڵانە داهاتیان نزیکەی 42 ملیۆن دۆلار بوو.
کۆتایی مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، دوای چوار رۆژێک لە ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ، حکومەتی عێراق کۆمەڵێک سزای بەسەر هەرێمی کوردستان سەپاند، یەکێک لە سزاکان راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی هەردوو فرۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بوو، دواتر لە رۆژی 13-3-2018 ئەو گەمارۆیە لابرا.
20/3/2018