ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو ته‌قه‌یان له كۆمه‌ڵه گه‌نجێك كردووه له‌به‌رده‌م سه‌رتاشخانه‌یه‌كی گه‌ڕه‌كی رزگاری شاری خانه‌قین، له ئه‌نجامدا 7 هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستدا و 3ی دیكه‌ش برینداربوون، كه زۆربه‌یان كوردن، دوای رووداوه‌كه‌ش برینداره‌كان ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی خانه‌قین كراون.
محه‌مه‌د مه‌لا حه‌سن، قایمقامی قه‌زای خانه‌قین له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا به كوردستان 24ی راگه‌یاند، تائێستا ناسنامه‌ی هێرشبه‌ره‌كان ئاشكرا نه‌بووه و هۆكاری ته‌قه‌كردنه‌كه‌ش نازانرێت و، هیچ لایه‌نێكیش به‌رپرسیارێتی خۆی له‌و رووداوه رانه‌گه‌یاندووه.
وه‌ك قایمقامی خانه‌قین ئاشكرایكرد، زۆربه‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی له‌و رووداوه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه، كوردی زرگۆژی شیعه مه‌زهه‌بن و، دوای رووداوه‌كه‌ش دۆخی ئه‌منی ئه‌و شاره شڵه‌ژاوه و هێزێكی زۆری پۆلیس له‌ناو شه‌قامه‌كان و شوێنی رووداوه‌كه بڵاو بوونه‌ته‌وه.
له ساڵانی رابردووش‌دا چه‌ندین جار گروپه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كان كوردانی زرگۆژییان كردۆته ئامانج و، به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان، تائێستا زیاتر له 250 هاووڵاتی كورد له‌و هێرشانه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه.