خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی ئێران دژ بە حكوومەت و دەسەڵاتی وڵاتەكەیان بۆ حەوتەم ڕۆژ بەردەوامی هەیە و لە زۆربەی شارەكانی ئێران ڕۆژانە خۆپێشاندەران دەست بە ناڕەزایەتیی دەربڕین دەكەن و ڕۆژ دوای ڕۆژیش خۆپێشاندانەكان فرەوانتر دەبێ، لە تەك ئەمەیشدا توندوتیژی ڕووبەڕووبوونەوەكان ڕوو لە زیادبوون و تا ئێستە 21 كەس لە ئەنجامی توندوتیژییەكانەوە گیانیان لە دەست داوە.
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو بوونەتەوە، هێزی تەناهی لە چەندان شاری ئێران بە چڕی بڵاوەیان پێ كراوە، بۆ ئەوەی خۆپێشاندانەكان بە كۆتا بێنن و ئارامی بۆ شارەكان بگێڕنەوە، بەڵام ئەمانە تا ئێستە نەبوونەتە هۆكارێك بۆ وەستاندن و كپكردنەوەی خواستنی خۆپێشاندەران، بگرە ئەوان سوورتر لە جاران دێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
جێگری پارێزگای تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە ئاشكرای كرد، زیاتر لە 450 خۆپێشاندەر لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو تەنیا لە تاران گیراون و سەدانی تریش لە شارەكانی تری وڵاتەكە خراونەتە گرتووخانەوە، بەرپرسێكی دەسەڵاتی دادوەری ئێرانیش ئاشكرای كرد، بەشێك لە گیراوان دادگایی دەكرێن و هەندێكیان سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنرێ.
لە ناوچەی ئەهواز خەڵكی بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"یان ڕاگەیاند، پۆلیس گازی فرمێسكڕێژی بەكار هێناوە و شەقامە سەرەكییەكانی داخستووە، بۆ ئەوەی كێوماڵی ناوچەكە بكەن و خۆپێشاندەران بگرن.
تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێرانیش بڵاوی كردەوە، نۆ كەس لە شاری ئەسفەهان گیانیان لە دەست داوە لە دوو ڕۆژی ڕابردوو، دوو لە كوژراوان ئەندامانی هێزەكانی تەناهین و شەش خۆپێشاندەریش گیانیان لە دەست داوە، لەوكاتەی هێرشیان كردووەتە سەر بنكەی پۆلیسی شارەدێی قەهدریجانی سەر بە شاری ئەسفەهان.
بەرپرسانی باڵای ئێران و حكوومەتی ئەو وڵاتە دووپات لەوە دەكەنەوە، نابێ خۆپێشاندەران پەنا بۆ توندوتیژی ببەن و ڕێز لە داواكانیان دەگرن، بەڵام خەڵكی سوورن لەسەر خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین.
ڕۆژی پێنجشەمی هەفتەی ڕابردوو 28 كانوونی یەكەم/دیسێمبەر لە شاری مەشهەدی ئێران، خۆپێشاندان دەستی پێ كرد و چەندان شاری تری گرتەوە، بۆ ڕۆژانی دواتر خۆپێشاندانەكان گوازرانەوە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە و ئێستەیش ڕۆژانە لە زۆرینەی شارەكانی ئێران خۆپێشاندانە و هێزەكانی تەناهی وڵاتەكەیش لە چەندان شوێن لەگەڵ خۆپێشاندەران تووشی پێكدادان و ڕووبەڕووبوونەوە بوونەتەوە. هۆكاری سەرەكی دەست كردن بەو خۆپێشاندانانە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێكاری و خراپی دۆخی ئابووری و ژیانی خەڵكی ئێران و تەشەنەسەندنی گەندەڵی دەگەڕێتەوە.
3/1/2017