سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چەند رۆژی رابردوودا چووە شاری ئەلبوکەمال لە سووریا و ژمارەیەک چەکداری بزووتنەوەی نوجەبای بەسەر کردەوە، کە پێش سەردانەکەی, کۆنگرێسی ئەمەریکا بە تیرۆریست ناساندنی، پێشتریش لە دەرکەوتنێکی دیکەی لە حەلەب ئەمەریکا ھۆشداریی دابوو ئەو پرسە دەباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. شارەزایەکیش لە سیاسەتی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەدات چەند ھۆکارێک دەستی ئیدارەی نوێی ئەمەریکایان گرتووە.
لە چەند ڕۆژی رابردوودا ناوەندی فەرماندەیی بزووتنەوەی نوجەبای سووریا بڵاوی کردەوە، قاسم سولەیمانی سەرلەشکری فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی چەکدارانی بزوتنەوەکەی کردووە لە شارێکی سنووری، لەنێوان عێراق و سووریا، لە کاتێکدا چەند ڕۆژێک پێش ئەو وادەیەش کۆنگرێسی ئەمەریکا ئەو بزووتنەوە میلیشیایەی نزیک لە ئێرانی خستە لیستی تیرۆرەوە.
ناوەندی فەرماندەیی بزووتنەوەی نوجەبا راشی گەیاندووە، ھەفتەی رابردوو چەکدارانی نوجەبا لەگەڵ ھێزەکانی سووریا شاری (ئەلبوکەمال)یان لە چەکدارەکانی داعش پاک کردووەتەوە و لە کاتی شەڕە قورسەکانیشدا قاسم سولەیمانی ئامادە بووە و لەو سەرکەوتنانەدا رۆڵی بەرچاوی بینیوە.
سەردار قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٧ و سوپاکەی ھێزێکی تایبەتی ئێرانە بۆ کاروباری شەڕ لەدەرەوەی ئەو وڵاتە.
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، سولەیمانی ڕۆڵی کاریگەری ھەبووە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەری یەکێتی و بۆ رادەستکردنی شاری کەرکووک بە حەشدی شەعبی.
بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدۆییانەشی کە کەناڵی (فەلوجە)ی عێراقی لەمیانی بەرنامەیەکی رۆژنامەنووس (ئەنوەر حەمدانی)دا بڵاو کرایەوە، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دەردەکەوێت، کە لەنێو ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی میلیشیاکان لە کەرکووک لەسەر جێگەیەکی بڵند وەستاوە و قسە بۆ چەکدارەکانی حەشدی شەعبی دەکات.
پێشتریش قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران چەندین جار سەردانی شاری سلێمانیی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی بەنھێنی و بەئاشکرا کۆبووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، سولەیمانی بەبێ ئاگەدارکردنەوەی پێشوەختە، ھەر کاتێک ویستبێتی سەردانی عێراق و ناوچەی زۆنی سەوزی یەکێتی بە ناوچە دابڕاوەکانیشەوە کردووە و ئێستا لەدوای گەیشتنی میلیشیاکان بە سنووری سووریا، بەبێ بوونی ھیچ لەمپەرێک سولەیمانی لە ئێرانەوە تا سووریا و لوبنان دێت و دەچێت، ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر لە دەرکەوتنێکیدا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ لە حەلەبی سووریا، ئەمەریکا ھۆشداریی ئەوەی دابوو کە ئەو پرسە دەباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، چونکە ئەوە پێشێلکاریی یاسایە.
گوتەبێژی ئەوکاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەبارەی ئەو دەرکەوتنەوە رای گەیاند، وڵاتەکەی سوورە لەسەر ئەوەی بابەتی دەرکەوتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی (قاسم سولەیمانی) لە شاری حەلەبی سووریا بباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، چونکە وەک (جۆن کێربی) گوتی، “ئەمە پێشێلکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکانە، کە ڕێ بەم جۆرە کارانە نادات”.
گوتەبێژی ئەوکاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی: "سەردانەکەی (سولەیمانی) پێشێلکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی سەفەرە لەسەریان، ئێمە لەبەردەم ھەنگاوێکداین کە پێچەوانەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە ٢٢٣١ە و بەدڵنیاییەوە ئەم بابەتە لە ئەنجومەنی ئاسایش باس دەکەینەوە”.
بەڵام سەبارەت بە دەرکەوتنی لە عێراق، ئیبراھیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق، رای گەیاند: "سولەیمانی وەکوو ڕاوێژکاری سەربازیی حکوومەتی عێراق کار دەکات و بە ئاگاداریی حکوومەتی عێراق لە خاکی عێراقدایە".
پێشتریش ئاژانسی (ئیسنا)ی ئێرانی، بڵاوی کردەوە کە سوپای پاسداران و میلشیاکانی سەر بە ئێران، بەرەی ئیسلامییان پێکھێناوە و سنوورەکانی عێراق وشام و دەریای ناوەڕاست بوونەتە سنوورەکانمان.
شارەزایان لە سیاسەتی ئەمەریکاش پێیانوایە چەند ھۆکارێک بووەتە ھۆی ئەوەی کە ئەمەریکا لە ئێستا لەبەرامبەر بە ھەژموونی ئێران دەستەوەستان بێت، یەکەمیان، کێشە ناوخۆییەکانی ئەمەریکا بەتایبەتی خراپیی پەیوەندییەکانی ئیدارەی ترامپ و وەزارەتی دەرەوە، دووەمیان نەبوونی گۆڕانکاری لە پۆستە باڵاکان کە تا ئێستا بە دەستی دیموکراتەکانەوەیە، کە بەپێی زانیارییەکان لە کۆی ١٦٠٠ پۆست کە دەبوو ئیدارەی ترامپ گۆڕانکارییان تیدا بکات، تەنیا ٢٠٠یان گۆڕدراون.
د. سامان شاڵی، شارەزا لە سیاسەتی ئەمەریکا بۆ (باس) رای گەیاند، ئێستا ناڕوونی کەوتووەتە سیاسەتی ئەمەریکاوە، بەھۆی ئەو کێشە ناوخۆییانەی کە ئیدارەی ترامپ لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا یان کۆنگرێس لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەی وڵاتەکە ھەیەتی، گوتی: “ئەوەی تێبینی دەکرێت، قسەکانی ئەمەریکا تا ئێستا سەبارەت بە ھەژموونی ئێران لە ناوچەکە و دەرکەوتنی قاسم سولەیمانی، کە ناوی لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادایە نەبوون بە کردار، بەڵکوو سولەیمانی لە عێراقەوە تا سووریا دێت و دەچێت، کە ئەگەر بەپێی یاسا بێت، کاتێک ئەمەریکا بزانێت سولەیمانی لە شوێنێکە لەدەرەوەی ئێران، ئەوە پێویستە بیگرێت، رەنگە وێنەکانیش دوای رۆیشتنی سولەیمانی لەو شوێنانە بڵاو ببنەوە”.
ئەو شارەزایە لە سیاسەتی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش دا، ھۆکارێکی دیکەی دەستوەستانی ئەمەریکا بەرامبەر بە ئێران، مانەوەی دیموکراتەکانە لە پۆستەکانیان، کە بوون بە بەربەست لەبەردەم ئیدارەی نوێی کۆمارییەکان، گوتی: “برێت مەکگۆرک لەلایەن دیموکراتەکانەوە دانراوە و گلەیی زۆر لە کارەکانی ھەیە لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا لە دەسەڵات ماوەتەوە و ئێستاش کە دەبینین گەڕاوەتەوە، بەڵام دەیەوێ ئەو گلەییانەی سەری لابدات، ھەر بۆیەش سەردانی بەرپرسانی ھەرێمی کوردستانی کردووە و قسەی باش بۆ بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان دەکات، لەبەرئەوە ناکرێ لەو دۆخەدا خوێندنەوەی یەکلاکەرەوە بۆ سیاسەتەکانی ئەمەریکا بکەین لە ناوچەکە”.
ھاوکات، د. عەبدولکەریم خەسرۆ، چاودێری سیاسی بۆ (باس) رای گەیاند، ئامانجی ئێران لە ناوچەکە ڕوونە، کە گەیشتنە بە سووریا و تەواوکردنی ھیلالی شیعە، کە ئێستا ڕێڕەوەکەی بۆ دروست بووە، گوتی: ”ئەوەی تا ئێستا دەبینرێ سەرکەوتنی ئێرانە لە دروستکردنی ئەو ھیلالە، بەڵام سبەی ڕەنگە دۆخەکە پێچەوانە بێتەوە، چونکە بوونی ئەمەریکا لە ناوچەکە بۆ ڕێگرییە لە ھەژموونی ئێران و گەیشتنی دەسەڵاتەکانی ئەو وڵاتە بە سووریا و لوبنان”.
ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئەمەریکا وا ئاسان نییە ناوچەکە بدات بە ئێران، بەڵام ئەگەر دۆخەکەش وەکوو ئێستا بمێنێتەوە، ئەوە دەتوانین بڵێین ئێران بەسەر ئەمەریکادا سەرکەوتووە.
٢١/١١/٢٠١٧