چاوەڕوانی تیمەکانی بەرگریی شارستانی ناکەن تاوەکو بەهانایانەوەدێن، خۆیان دەستیان بردووەتە ژێڕ دیوارە رووخاوەکانی ماڵەکانیان و بەدوای هەر کەلوپەلێک دەگەڕێن جارێکی دیکە سوودی لێوەرگیرێت.
بوومەلەرزەیەکی 7.3 پلەی پێوەری رێختەر هەزاران ماڵی لە سەرپێل زەهاوی رۆژهەڵاتی کوردستان خاپوورکرد، تەنیا هیوایەکیان مابێت، گەیشتنی یارمەتی مرۆییە بەرلەوەی بارانێکی پێشبینیکراوی بەخوڕ بەسەریان داببارێت.
حوسێن کەرەمی، رزگاربووی بوومەلەرزە دەڵێت "خەڵک کۆمەکی مرۆیی باشیان کردووین، بەڵام هیچی دیکەیان پێنەداوین، شوێنمان نییە لێی بخەوین. شەوی رابردوو خانەوادەکەم لەسەر لێواری ئاو خەوتوون".
بەشێک لە رزگاربووانی بوومەلەرزەکەی رۆژهەڵات هەوڵدەدەن ژیانیان لەسەرەتاوە بنیاتبنێنەوە، بەشێکیشیان بە کوڵ دەگرین و نازانن لەکوێ و چۆن ئەو ژیانە دەستپێبکەنەوە.
جەهانبەخش عەزیزمۆراد، رزگاربووی بوومەلەرزە دەڵێت "ئێستا کێشەی گەورەمان بێ خێوەتییە، کێشەی پێداویستی سەرەتاییمان هەر زۆر زۆرە، ئەم گەڕەکە پێویستی بە تانکێکی ئاوە، توالێت و گەرماوێکی کاتییە، ئەم شتانە پپێداویستی لەپێشینەن بۆ ئێمە".
پیاوێکی پیرە زیاتر گوزارشت لە مەینەتییەکانی دەکات کە چۆن هەوڵ و کۆششی 50 ساڵی بە چەند چرکەیەک بوو بە خۆڵەمێش و دەڵێت "پەنجا ساڵە کۆشش دەکەین بۆ ئەم کەلاوە، بەڵام ئێستا خاوەنی هیچ نین، هیچمان نییە درووستی بکەین".
زیاتر لە 530 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، 30 هەزار خانوو زیانیان بەرکەوتووە، 15 هەزارو 500یان بەتەواوی خاپوور بوون، بەڵام هیوای خەڵک هەرماوە ئەگەر دەرگای هاوکاری مرۆییان لەسەر دانەخرێت.
17/11/2017