کاتژمێر ٩ی شەوی ٢١ی خەزەڵوەر بە کاتی کرماشان بوومەلەرزیەکی گەورە بەشێکی زۆر لە شار و ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستانی لەراندەوە.
بە پێی زانیارییەکان ئەو بوومەلەرزەیە لە شارەکانی کرماشان و سنە و مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهێزتر بووە.
هەروەها جیا لە شارەکانی کوردستان تەنانەت ئەو بوومەلەرزەیە شاری تارانیشی لەراندووتەوە.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە لە ڕادەی زیان و خەساری ئەو رووداوە سروشتییە هیچ زانیارییەک لە بەردەست دا نیە بەڵام بە پێی وێنەی بڵاو کراو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە هێندێک شوێن لە ناوچەی مەهاباد خانوو و ماڵی هاووڵاتییان زیانیان لێکەوتووە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ستادی قەیران لە پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە کە خەڵک بە وریاییەوە بەخەون، یان لە دەرەوە بمێنەەوە ڕەنگە ئەو بوومەلەرزەیە دووپات ببێتەوە.
هەروەها بە هۆی ئەو بوولەرزەیە شارەکانی سلێمانی و کۆیە و هەولێر و قەڵادزیش لە باشووری کوردستان لەرینەوە.
تاکوو ئێستا شەش کەس لە هاووڵاتیانی شاری قەسر شیرین کوژراون و دەیان کەسیش بریندارن
13/11/2017