کۆمیتەی نێونەتەوەیی ئاسەواری “نابەدی”ی یونیسکۆ کەمانچەی هونەرمەند کەیهان کەلهوڕ ، ژەنیار و موزیسیەنی ناوازەی کوردی وەکوو میراتێکی جیهانیی تۆمار کرد.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە سەدان کەس لە هونەرمەندانی ئێرانی و کوردستانی بە ناردنی نامەو برووسکەی تایبەت لە مامۆستا کەیهان کەلهوڕ پیرۆزباییان کرد.
نەوید محەممەدزادە ئاکتەری ناسراوی کورد تۆمار کردنی کەمانچەی لە لایەن یونیسکۆەو بە شانازییەک بۆ گەلی کورد زانی و لە کەیهان کەلهۆڕ بۆ تەمەنێک خزمەت بە هونەری موسیقی پیرۆزبایی کرد.
شیاوی باسە میراتی جیهانیی یونیسکۆ ، گرێبەستێکی جیهانییە کە بۆ تۆمارکردن و پاراستنی میراتی مێژوویی و سروشتی و کەلتووریی بایەخی نێونەتەوەیی هەیە و هەوڵ دەدا بۆ پاراستنیان.
شایانی باسە کەیهان کەڵهوڕ ژەنیاری و موزیسیەنی بەناوبانگی کورد، ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە شاری شاباد لە پارێزگای کرماشان لە دایک بووە و، لە تەمەنی پێنج ساڵەیی ئۆگری مویسقی دەبێ و ئیستاکە لە بواری موسیقای رۆژهەڵات و ژەنیاریی کەمانچە خاوەنی نازناوەی تایبەتەو لە گەڵ ناودارترین گرووپە موسیقاییە جیهانییەکان چەندین بەرهەمی تۆمار کردووە.
ئەو هونەرمەندە جیا لەوەی ژەنیاری ئامێری تەموورە وسێ تارە، لە ژەنینی ئامێری کەمانچە شێواز و ستایلی تایبەت بەخۆی هەیە و خزمەتێکی بەرچاوی بەو ئامێرە مووسیقاییە کردووە.
ناوبراو جیا لە دانانی ئاهەنگ و میلوودی بۆ گەروە هونەرمەندانی ئێران ، لە دانانی مووسیقا بۆ فیلمەکانیش خاوەن ئەزموونە.
کەیهان کەلهوڕ بەهۆی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق کۆی بنەماڵەکەی لە شابادی کرماشان لە دەست داوە.
جێی ئاماژەیە ئەو هونەرمەندە بە ناوبانگە لە گەڵ چەند ژەنیاری دیکەی بیانی ئالبۆمی “شاری خامۆش” کە ئاماژەیە بە کارەساتی شاری حەڵەبجە ساز کردوە.
هونەرمەند کەیهان کەلهوڕ بە هۆی ڕیگریی کردنی ئیدارەی ئەماکن و هێزە ئینیزامییەکان لە بەڕێوەبردنی کۆنسیرت لە گەڵ گرووپی بروکلین راید، لە خەرمانانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی بە نیشانەی نارەزایەتی دەربڕینی بۆ ماوەیەک لە هەرچەشنە چالاکییەکی هونەری لە ئێران خۆی بواردو، ڕایگەیاند کە لە ئێران هونەر لە لایەن ملهوڕان و باڵ سیاسییەکان بە بارمتە گیراوە.
11/11/2017