سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەر کۆبوونەوەی بەکرێگیراوان ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ بە بەشداری بەرپرسانی باڵای سیاسی و نیزامی لە تالاری وەحدەتی شاری مەهاباد بەڕێوەچوو.
هاوکات لە گەڵ حەوتەی بەسیج لە ئێران سپای پاسداران بە مەبەستی وەگەڕ خستنەوەی بەشێکی زۆر لە بەکرێگیراوان و چەکدارانی ڕێژیم، لە شاری مەهاباد کۆبوونەوەیەوکی بەڕێوەبرد و لەوێدا چەند کەس لە بەرپرسانی نیزامی و ئەمنی قسەیان کرد.
دلاوەر ڕەنجبەرزادە بەرپرسی سپای پاسدارانی شاری مەهاباد ڕایگەیاند کە ٥١١ بنەماڵەو ئیڵ و عەشیرە و “پێشمەرگە موسڵمان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بانگهێشت کراون و پارێزگای ورمێ ١٢هەزار چەکداری کوژراوی هەیە کە بەشێکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ سەروبەندی شەڕی کوردستان.
فەرماندەی قەرارگای ئیمام سەجاد و سپای مەهاباد لە قسەکانیدا باسی لە ترسی ناوەندە ئەمنییەکان لە ویست وخواسی نەتەوەکانی ئێران کرد و سەر لە نوێ ئەوەی بە نەخشە و پیلانی ئیستیکباری جیهانی ناوبرد.
جێی وەبیرهێنانەوەی پێشمەرگە موسڵمان بە کۆمەڵێک لە ئەندامان و بە کرێگیراوانی سپای پاسداران دەگوترێ کە لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی و لەسەروبەندی هێرشی دەوڵەتی ناوەندی بۆسەر کوردستان لە لایەن پاسدار محەممەد برۆجێردی و عەبدوڵڵای جەماران و چەند کەسی دیکە لە سەرکردەکانی سپای پاسداران بە مەبەستی شەڕ و لە ناوبردنی تێکۆشەرانی کورد، ڕێکخرا.
ئەو ڕێکخراوەیە بە وەرگرتن و چەکدارکردنی کەسانی سووکنەفس و خۆجێی لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ساڵی ٥٨ لە شەڕی نێوشاری کامیاران بەفەرمی چەکیان بەدژی خەباتکارانی کورد هەڵگرت و لە ساڵی ٦١هەتاوی بەرەبەرە پەیوەست بوون بە هێزەکانی بەسیچ و ئێستاشی لەگەل بێ ئەو بەکرێگیراوانە بە مەبەستی جۆراجۆر کەڵکیان لێ وەردەگیردرێ.
شیاوی باسە بەشێک لە بەکرێگیراوانی پارێزگای سیستان و بەلووچستانیش کە ئەوانیش وەکوو نەتەوەی کورد لە ئێران بە چاوی ئەمنیەتی و سیاسییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێ، بەشداری ئەو کۆبوونەوە بوون.
شارەزایانی سیاسی لە سەر ئەو باوەڕەن دوای دەستێوەردانی ئاشکرای سپای پاسداران لە دۆخی هەڕیمی کوردستان ئەو کۆبوونەوەیە بە جۆرێک بۆ پاڵپشتی کردن لە پیلانگێڕی کۆماری ئیسلامی و زیاتر ئەمنیەتی کردنی کوردستان پێکهاتووە.
لە هەواڵەکانی پێشووتر لە ماڵپەڕی کوردستان و کورد هەواڵی میلیتاریزەکردنی شارەکانی مەهاباد و پارێزگای ورمێ بە بۆنەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی بەکرێگیراوانی ڕێژم بڵاوکرایەوە.
1/11/2017